دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار له‌ گۆڤاری ڕامان دا

تازه‌ترین كتێبی نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گر "ئازاد عه‌بدولواحید"ه‌

 

 ن/ سه‌باح شێخانی

"د. مارف خه‌زنه‌دار له‌ گۆڤاری ڕامان دا" تازه‌ترین كتێبی نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گر "ئازاد عه‌بدولواحید"ه‌، له‌ بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردییه‌، له‌ دووتوێی652 لاپه‌ڕه‌دا چاپ كراوه‌، كتێبه‌كه‌ سه‌رجه‌م نووسینه‌كانی د. مارف خه‌زنه‌داری له‌خۆوه‌ گرتووه‌ كه‌ له‌ پێشووتردا و له‌ گۆڤاری ڕامان دا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌،دوای ڕاپه‌رینی به‌هاری 1991به‌شێكی وتاره‌كانی د. مارف كه‌ ده‌یانی نووسین، له‌ گۆڤاری ڕاماندا بڵاویانی ده‌كردنه‌وه‌.

ناوه‌رۆكی كتێبه‌كه‌ بۆ چه‌ند به‌شێك دابه‌ش بووه‌: (چاوپێكه‌وتن، یاداشت، لێكۆڵینه‌وه‌، بیبلۆگرافیا و ڕه‌خنه‌، وتار، شه‌كپیر به‌ كوردی، ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردی، یادی گه‌وره‌پیاوان، به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی هونه‌روه‌ران، خوێندنه‌وه‌ی كتێب، له‌ سۆڤیه‌تی جارانه‌وه‌، بیره‌وه‌ری، ئه‌زموونی چیرۆكنووسی و ده‌قی چیرۆكه‌كان)

ئه‌گه‌رچی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد ڕێكخراوێكی كولتووری ‌و پیشه‌یی بوو، به‌ڵام قه‌ڵه‌مه‌كانی هاوشانی چه‌كی پێشمه‌رگه‌ له‌ خزمه‌تی گه‌ل ‌و نیشتماندا بوون، چه‌ندان نووسه‌ر تووشی گرتن ‌و ڕاوه‌دوونان بوون‌ و به‌شێك له‌و قه‌ڵه‌مه‌ جوامێرانه‌ له‌ كۆڕی خه‌باتی شار و شاخدا گیانی خۆیان به‌ ئازادی كوردستان به‌خشی ‌و شه‌هید بوون.

له‌10ی شوباتی 1970به‌هه‌وڵ ‌و هیمه‌تی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتیی نوزسه‌رانی كورد مۆڵه‌تی ڕه‌سمی كاركردنی ئه‌و ڕێكخراوه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق وه‌رگیرا (ئه‌وه‌ی له‌بیرم مابێ من و عه‌بدولسه‌مه‌د خانه‌قا و عه‌بدولعه‌زیز خانه‌قا و زوهدی داودی و مارف به‌رزنجی و مسته‌فا نه‌ریمان و هی دیكه‌ هه‌وڵی دروست كردنی لقی یه‌كێتیه‌كه‌مان دا. لق دامه‌زرا. ل259) (من یه‌كێك بووم له‌ دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد له‌ ساڵی 1970 ته‌نیا نزیكه‌ی چوار ساڵێك وه‌كو ئه‌ندام تێیدا مامه‌وه‌، له‌ ساڵی 1973وه‌ تا ئێستا هیچ پێوه‌ندییه‌كم به‌و ڕێكخراوه‌وه‌ نه‌بووه‌. ل263)

ڕژێمی به‌عس وه‌ك ڕێكخراوێكی یاخی سه‌یری یه‌كێتیی نوسه‌رانی كوردی ده‌كرد، هه‌ربۆیه‌ش ساڵی 1980 هه‌ڵیوه‌شانده‌وه‌‌ و كردی به‌ به‌شێك له‌ ڕێكخراوی ئه‌دیبان‌ و نووسه‌رانی عیراق، له‌دوای راپه‌ڕینی ئازادی، جارێكی تر یه‌كێتیی نوسه‌ران دامه‌زرایه‌وه‌‌، هاته‌وه‌ مه‌یدان بۆ خزمه‌تكردنی بواری ئه‌ده‌بی ‌و ڕووناكبیری‌ و تائێستا به‌رده‌وامه‌.

دكتۆر مارف به‌ دوورودرێژی تێكه‌ڵاوبوون و ڕۆژگاری خۆی سه‌ییاب گێڕاوه‌ته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ بابه‌تێك به‌ناونیشانی: (من و گۆران و سه‌ییاب) ده‌نووسێت و له‌ ژماره‌ (53)ی 5/11/2000ی گۆڤاری ڕامان بڵاوی ده‌كاته‌وه‌ (له‌ پۆلی پێنجه‌می قوتابخانه‌ی ئاماده‌یی بووم، كه‌ له‌ كه‌ركووك گیرام، شه‌ش مانگی گرتنم له‌ به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندیی به‌غدا برده‌ سه‌ر، له‌و ماوه‌یه‌شدا له‌ قوتابخانه‌ ده‌ركرام. ناوه‌ڕاستی مانگی ته‌ممووز بوو كه‌ له‌ به‌ندیخانه‌ ئازاد بووم و گه‌ڕامه‌وه‌ هه‌ولێر، به‌ڵام ئه‌و ته‌ممووزه‌ وه‌كو دۆزه‌خی ته‌ممووزی ئه‌و ساڵی (2000)ه‌ نه‌بوو. ڕۆژێكیان ئازاد شه‌وقی وتی: عه‌بدوڵڵا گۆران ماڵی له‌ هه‌ولێره‌، وه‌كو مووچه‌خۆرێك ده‌ستی له‌ كاری میری كێشراوه‌ته‌وه‌، له‌ ماڵه‌وه‌ دانیشتووه‌، كه‌م ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌م ماوه‌یه‌دا چووبوو بۆ به‌غدا بۆ جێبه‌جێكردنی مه‌سه‌له‌ی دوورخستنه‌وه‌كه‌ی له‌ كاری میری. حه‌زده‌كه‌م بچینه‌ لای پێموایه‌ زۆری پێ خۆش ده‌بێ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ تۆدا ناسیاوی په‌یدا بكا، چه‌ند جارێكیش باوكم باسی تۆی له‌لا كردووه‌ وه‌كو شیعردۆستێك، گۆران یش به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی وتارێكت له‌ كۆواری"گه‌لاوێژ"دا ناوی تۆی بیستووه‌. پێش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئازاد شه‌وقی دا، بچینه‌ لای گۆران، نیوه‌ڕۆیه‌ك به‌ ڕێكه‌وت بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ دوكانی وێنه‌ی هونه‌راوی گیوی موكریانی چاوم پێی كه‌وت، یه‌كترمان ناسی، ئه‌مه‌ بۆ من دۆزینه‌وه‌ی گه‌نجینه‌یه‌ك بوو، من بێكار و ئه‌و بێكار، ماڵی گۆران له‌ گه‌ڕه‌كی ته‌یراوه‌ بوو، له‌ خانوویه‌كی بچووكی كرێ ده‌ژیا، به‌و بووایه‌ هه‌میشه‌ لای بم، منیش درێغیم نه‌ده‌كرد. ئه‌گه‌ر به‌م ڕۆژگاره‌ هه‌موو ڕۆژێ دووجار نه‌چوومایه‌ لای، جارێك هه‌ر ده‌چووم. ل25)

خه‌زنه‌دار، بۆ یه‌كه‌م جار له‌ ساڵی ١٩٦٨ دا ڕۆژی بڵاوبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌م ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی كوردستان واته‌ ڕۆژی ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ی وه‌ك ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی دیاری كرد.

(زانیاری له‌ بابه‌ت ڕۆژنامه‌ی "كوردستان"ه‌وه‌ له‌ هاوینی ساڵی (1966)ه‌وه‌ لای خۆم مایه‌وه‌ تا به‌هاری ساڵی(1968)، وابوو له‌ ڕۆژی هه‌ینی 19ی نیسانی(1968) به‌ زمانی عه‌ره‌بی و له‌ ڕۆژی دووشه‌مموی 22ی نیسانی (1968) به‌ زمانی كوردی له‌ ڕۆژنامه‌ی(التاخی – برایی) بڵاوكرایه‌وه‌. بۆ یه‌كه‌مین جار نێوه‌ندی ڕۆشنبیری و خوێنده‌واری كوردی گرێ كوێره‌ی ڕۆژ و مانگ و ساڵ و ده‌رچوونی ڕۆژنامه‌ی "كوردستان"ی له‌ قاهیره‌ بۆ كرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر پێشنیاری خاوه‌نی ئه‌م باسه‌ له‌و ساڵه‌وه‌ ڕۆژی 22ی نیسانی هه‌موو ساڵێك بوو به‌ جه‌ژنی ڕۆژنامه‌نووسانی كورد. ل291)

د.خه‌زنه‌دار بۆ هه‌میشه‌ ماڵه‌كه‌ی كردبووه‌ مه‌ڵبه‌ندی رووناكی بۆ پاراستنی تێكست و ده‌ستنووس و ئه‌رشیفی ئه‌ده‌بی كوردی و هه‌رده‌م ده‌رگای ماڵه‌كه‌ی بۆ قوتابی و فێرخوازان كراوه‌ بووه‌ و گه‌لێك قوتابی سوودیان له‌ كتێبخانه‌ گه‌وره‌كه‌ی وه‌رگرتووه‌.

هه‌موو ژاوه‌ ژاوه‌كانی ژیان وئایدۆلۆژیا و ته‌كنۆلۆژیای هاوچه‌رخ نه‌یانتوانیوه‌ به‌های كتێب كه‌م بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ خوێنه‌ر به‌ قووڵی و وردی "د. مارف خه‌زنه‌دار له‌ گۆڤاری ڕامان دا" بخوێنێته‌وه‌ و ده‌ركیان بكات.

قوتابخانه‌ی "ئه‌ربیل ئولا" یه‌كه‌مین وێستگه‌ی خوێندنی د. مارف بووه‌، هه‌ر بۆیه‌ دوای هه‌شت ساڵ له‌ كۆچی دواییدا و له‌ ساڵی 2018دا، قوتابخانه‌ی "ئه‌ربیل ئولا" كه‌ هه‌نووكه‌ بووه‌ته‌ موزه‌خانه‌ی په‌روه‌رده‌یی هه‌ولێر له‌ چالاكییه‌كدا په‌رده‌ی له‌سه‌ر په‌یكه‌ری د.مارف خه‌زنه‌دار لادا.

پێشنیار ده‌كه‌م و هیوادارم له‌ داهاتوودا سه‌رجه‌م نووسین و چاوپێكه‌وتنه‌كانی دیكه‌ی د. مارف خه‌زنه‌دار كه‌ به‌ زمانی كوردی و عه‌ره‌بی، یان چاوپێكه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵیدا سازكراون، له‌دووتوێی كتێبی دیكه‌دا كۆ بكرێنه‌وه‌ و بخرێنه‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌ران، به‌و كاره‌ خزمه‌تێكی بچكۆله‌ی ئه‌و زانا و په‌روه‌رده‌كاره‌ ده‌كرێت و گیانی شاد ده‌بێت كه‌ به‌ نه‌مانی ئه‌و كه‌لێن و بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی له‌ دوای خۆی به‌جێ هێشت.

كوردستان تیڤی/ كامران