له‌هه‌ڵه‌بجه‌ (فه‌رهه‌نگی خه‌م) بڵاوكراییه‌وه‌

به‌ دیاری به‌خشرا به‌ ئاماده‌بووان

به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ئه‌ده‌بدۆستان و شاعیران و لاوانی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید و خانه‌واده‌ی شێخی شاعیران (حه‌سیب قه‌ره‌داخی) له‌ كتێبخانه‌ی (هه‌ژار موكریانی) رێوڕه‌سمێك بۆ راگه‌یاندن و دابه‌شكردنی چاپی دووه‌می (فه‌رهه‌نگی خه‌م) ساز كرا.

فه‌رهه‌نگی خه‌م، سه‌رجه‌می شیعره‌كانی حه‌سیب قه‌ره‌داخییه‌ و چاپی یه‌كه‌می له‌سه‌ر ئه‌ركی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم(نێچیرڤان بارزانی)، له‌ ده‌زگای ئاراس، ساڵی 2002 چاپ كراوه‌. ئه‌ركی چاپی دووه‌میش كتێبخانه‌ی هه‌ژار موكریانی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ئه‌ستۆی گرتووه‌.

پارێزگار وته‌یه‌كی پوخت و به‌نرخی له‌باره‌ی شێخی شاعیرانه‌وه‌ پێشكه‌ش كرد. به‌ ئه‌مه‌كه‌وه‌ ئاماژه‌ی بۆ چامه‌ی (هه‌ڵه‌بشیما) كرد كه‌ حه‌سیب قه‌ره‌داخی دوای دوو رۆژ له‌ كاره‌ساتی كیمیابارانكردنی ئه‌و شاره‌ نووسیویه‌تی. هه‌روه‌ها وتی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان به‌ سێ ره‌هه‌ند قه‌رزاری شێخی شاعیرانن، به‌وه‌ی كه‌ پێشكه‌شی ئه‌ده‌ب و شیعر و زمانی كوردی كردووه‌. به‌وه‌ی كه‌ یه‌كه‌م شاعیری كورده‌ شیعری بۆ شه‌هیدكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ نووسیوه‌. هه‌روه‌ها به‌وه‌ی شێخ له‌ سه‌ره‌تاكانی ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو وه‌كوو فه‌رمانبه‌ر له‌م شاره‌ ژیاوه‌ و دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌دا هه‌یه‌.

(ئازا حه‌سیب قه‌ره‌داخ)یش كه‌ كاره‌كانی پیاچوونه‌وه‌ و رێكخستنه‌وه‌ی بۆ چاپی دووه‌می ئه‌م دیوانه‌ كردووه‌، له‌ جیاتی خانه‌واده‌ی شاعیر له‌ وته‌یه‌كدا سوپاسی پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ و عه‌تا خاوه‌نی كتێبخانه‌ی هه‌ژار موكریانی و گروپی كچانی باخی میری كه‌ ئه‌م رێوڕه‌سه‌یان رێكخستبووه‌. به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر تایبه‌تیش سوپاسی ( حه‌كیمی مه‌لا ساڵح و ره‌سوڵ سوڵتانی و سه‌فه‌ر هه‌ورامی) كرد كه‌ بۆ هه‌ڵه‌چنی دیوانه‌كه‌ ماندوو بوون.

له‌ وته‌كه‌یدا ئازا پێشنیاری كرد كه‌ هه‌موو چامه‌ی هه‌ڵه‌بشیما، یان چه‌ند كۆپله‌یه‌كی بكرێته‌ تابلۆیه‌كی شایسته‌ و له‌ مۆنمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید نمایش بكرێ.

پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ سپۆنسه‌ری ژماره‌یه‌كی له‌ دیوانه‌كه‌ كرد و له‌دوا بڕگه‌دا به‌ دیاری به‌خشرا به‌ ئاماده‌بووان.

سه‌رچاوه‌/ هه‌ولێر

كوردستان تیڤی/ كامران