کتێبی " فه‌لسه‌فه‌ و ئایینی زه‌رده‌شت " بڵاوكرایه‌وه‌

له‌ حه‌وت به‌ش پێكهاتووه‌

له‌ ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا ژماره‌یه‌كی زۆری كتێب و سه‌رچاوه‌ له‌سه‌ر ئایینی زه‌رده‌شتی بۆ سه‌ر زمانی كوردی وه‌رگێردراون ن به‌لام زۆربه‌ی زۆری ئه‌م كتێب و سه‌رچاوانه‌ كه‌متر قووڵبوونه‌ته‌وه‌  به‌نێو قووڵایی ئه‌م ئایینه‌ و فه‌لسه‌فه‌ی زه‌رده‌شتیه‌ت .

 یه‌كێك له‌و كتێبانه‌ی كه‌ تا ڕاده‌یه‌ك هه‌وڵی ده‌رخستنی قووڵایی ئایین و فه‌لسه‌فه‌ی زه‌رده‌شتی ده‌دات كتێبێكی ئه‌حمه‌د عه‌باسیانه‌ به‌ناوی (فه‌لسه‌فه‌ و ئایینی زه‌رده‌شت)، كه‌ ره‌زا مه‌نووچه‌هری له‌ فارسییه‌وه‌ كردوویه‌تی به‌ كوردی و یه‌كێكه‌ له‌ كتێبه‌ چاپكراوه‌كانی ناوه‌ندی مێژوویی جه‌میل رۆژبه‌یانی و له‌ دوتوێی341 لاپه‌ڕه‌دا چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ .

ئه‌م كتێبه‌ به‌ده‌ر له‌وه‌ی به‌ سه‌دان سه‌رچاوه‌ بۆ نووسینی به‌كارهێنراوه‌ و هاوكات به‌ ده‌یان به‌ڵگه‌ی وێنه‌ییش بۆ پاڵپشتی بۆچوونه‌كان و راستییه‌ مێژووییه‌كان خراونه‌ته‌ڕوو كه‌ سه‌رجه‌میان خزمه‌ت به‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتری بیرۆكه‌ و باس و فه‌لسه‌فه‌ و ئایینی زه‌رده‌شتی ده‌كه‌ن . 

ئه‌م كتێبه‌ له‌ حه‌وت به‌ش و پێشه‌كییه‌كی نووسه‌ر پێكهاتووه‌ ، به‌شی یه‌كه‌می ته‌رخانكراوه‌ بۆ پێگه‌ و بوونی زه‌رده‌شت و ریشه‌ی ئه‌م ئایینه‌ ، ئه‌م به‌شه‌ وه‌كو به‌شێكی سه‌ركی و گرنگی كتێبه‌كه‌ دێته‌ به‌رچاو .

گرنگی ئه‌م كتێبه‌ ته‌نها له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ فه‌لسه‌فه‌ و ئایینی زه‌رده‌شتی به‌ خوێنه‌ر ده‌ناسێنێت، به‌ڵكو باس له‌ كاریگه‌ریی ئه‌م ئایینه‌ له‌سه‌ر كولتوور و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ش ده‌كات و ره‌نگدانه‌وه‌ی ره‌مز و هێما جۆراو جۆره‌كانی ئه‌م ئایینه‌ له‌نێو كولتوور و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ خراوه‌ته‌ به‌ر باس .