ئەردۆغان: توانای پیشەسازیمان گەیشتووەتە سه‌دا 68

نه‌خێر به‌س نییه‌ و زیاتری ده‌كه‌ین


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند پەرە بە پیشەسازیەکانیان دەدەن و توانای سەربازییان زیاتر دەکەن و هاریکاری تورکیا و قەتەر بەردەوام دەبێت.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ میانی چالاكییه‌كه‌دا وتارێكی پێشكه‌شكرد و گوتی: "گوتیان، توركیا داڕما، وه‌به‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنان وه‌ستا. به‌ڵام وه‌به‌رهێنانیش و به‌رهه‌مهێنانیش به‌رده‌وامه‌.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان گوتیشی: بتانه‌وێت و نه‌تانه‌وێت ئه‌م گه‌ل و وڵاته‌ به‌پێوه‌یه‌ و به‌پێوه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر رێگاكه‌ی.

سه‌ركۆماری توركیا باسی له‌ هه‌ماهه‌نگیی توركیا و قه‌ته‌ر كرد و گوتی: ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ هاوخه‌مییانه‌ی برا قه‌ته‌رییه‌كانمان له‌دوای هه‌وڵی كوده‌تای 15ی ته‌مووز و هێرشه‌كانی به‌های دراوه‌كان له‌ ئابدا نیشانیاندا، هه‌رگیز بیرمان نه‌چووه‌ته‌وه‌ و بیرمان ناچێته‌وه‌.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌باره‌ی پیشه‌سازیی به‌رگرییه‌وه‌ دوا و گوتی: له‌مه‌ودواش هه‌ر له‌ پیشه‌سازی به‌رگرییه‌وه‌ تا بازرگانی له‌ گه‌شت و گوزاره‌وه‌ تا وزه‌، به‌هێزبوونی هاریكاری توركیا قه‌ته‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت.

ئه‌ردۆغان گوتیشی: كاتێك ئێمه‌ ده‌ستبه‌كاربووین، توانای پیشه‌سازیی سه‌ربازیمان له‌سه‌دا 20 بوو، ئێستا گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌دا 68. ئه‌مه‌ به‌سه‌؟ نه‌خێر به‌س نییه‌ و زیاتری ده‌كه‌ین.

سه‌ركۆماری توركیا هەروەها باسی له‌ چاندنی خه‌شخاش كرد و گوتی: با سه‌رله‌نوێ قۆناغی چاندنی خه‌شخاش ده‌ست پێ بكه‌ینه‌وه‌. چونكه‌ خه‌شخاش له‌ چه‌ندین بواردا گرنگیی زۆری هه‌یه‌. ئێستاش ئه‌م قۆناغه‌ ده‌ست پێ ده‌كه‌ینه‌وه‌.

سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌باره‌ی ره‌خنه‌كانی ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه‌ دوا و گوتی: "ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌یان ساڵ پیشه‌سازیی به‌رگریمانیان راده‌ستی مشتێك بیانی كرد، ئێستا بێ ئه‌وه‌ی شه‌رم بكه‌ن ره‌خنه‌ له‌ سیاسه‌ته‌كانی ئێمه‌ ده‌گرن.

هه‌روه‌ها ئه‌ردۆغان ده‌نگۆی فرۆشتنی كارگه‌ی تانك پالێتی ره‌تكرده‌وه‌ و گوتی:  به‌دڵنیایییه‌وه‌ شتێكی له‌و شێوه‌یه‌ له‌ ئارادا نییه‌، به‌داخه‌وه‌م بۆ ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕ به‌وه‌ ده‌كه‌ن.