ئه‌مه‌ریكا: پرسی پاراستنی كورد له‌گه‌ڵ رووسیا تاوتوێ ده‌كه‌ین

جۆن بۆڵتن: كورد له‌ سوریا له‌ ره‌وشێكی سه‌ختدایه‌


راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه‌ بۆ پرسی پاراستنی كورد له‌ سووریا، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ رووسیاش بكات ئه‌گه‌ر پێویست بێت.

جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا، له‌ گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌وانێكی ئه‌مه‌ریكی به‌ناوی هیو هیویت، كه‌ یاوه‌ری سه‌ردانه‌كانی بۆڵتن بووه‌ بۆ ئیسرائیل و توركیا، ئاشكرای كردووه‌، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا، له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، كه‌ 23ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2018 ئه‌نجامیداوه‌، داوایكردووه‌ گه‌ره‌نتی ئه‌وه‌ بدات ئه‌و كوردانه‌ی شه‌ڕی داعشیان كردووه‌ له‌ سووریا نه‌كاته‌ ئامانج.

بۆڵتن ده‌شڵێت: "هه‌روه‌ك من و مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئاماژه‌مان پێكرد، پێمانوایه‌ ئه‌رۆغان پابه‌ند بووه‌".

بۆڵتن هیوای وایه‌، هه‌فته‌ی داهاتوو به‌رهه‌می ئه‌و گفتوگۆیانه‌ ده‌ربكه‌ون كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان قه‌بووڵیانه‌ و ده‌ڵێت: "وه‌ك روونه‌ كورد له‌ ره‌وشێكی سه‌ختدایه‌، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاش له‌ په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان رایگه‌یاندووه‌، كورد مه‌یلیان زۆر به‌لای ئێمه‌ دایه‌ و پێویسته‌ گه‌ره‌نتیان پێ بده‌ین كه‌ زیانمه‌ند نابن".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هه‌ر ئه‌وه‌شمان له‌گه‌ڵ توركه‌كان باس كردووه‌، ئه‌گه‌ر پێویست بكات له‌گه‌ڵ رووسه‌كانیش ئه‌و پرسه‌ تاووتوێ ده‌كه‌ین".