سەرۆک بارزانی و وەزیری وزەی ئەمریکا جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتۆن کردەوە

سه‌رۆك بارزانى و وه‌زیرى وزه‌ى ئه‌مه‌ریكا كۆبوونه‌وه‌


دواى كۆبوونه‌وه‌یان، سه‌رۆك بارزانى و وه‌زیرى وزه‌ى ئه‌مه‌ریكا، رێك پێرى كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیان ئه‌نجامدا.

 

رۆژی سێ شەممە 11ـی12ـی2018 لە شاری هەولێر سەرۆك مسعود بارزانی لە رێك پێری وەزیری وزەی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كۆبووە، كە پێكهاتبوو لە دۆگڵاس سلێمان باڵیۆزی گشتی ئەمەریكا لە عێراق و، ستیڤن فەیگن كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک راوێژکاری کۆشکی سپی و وەزارەتی وزەی ئەمریکا.

لە كۆبوونەوەیەكدا رێك پێری وەزیری وزەی ئەمەریکا خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بۆ ئەم دیدارەو رایگەیاند، کە ئیدارەی تازەی ئەمەریکا بایەخێکی زۆر بە هەرێمی کوردستان دەدات و خوازیارە لە بواری وزەو سامانە سروشتییەکان پێکەوە کار بكەن و هاوکاری یەكتربن.

وەزیری وزەی ئەمەریکا رۆشنایی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێرو بەغداو رایگەیاند، کە ئێستا دەرفەتی تازەو باش هەیە بۆ باشتربوونی پەیوەندیی نێوانیان و وڵاتەكەیشی پشتیوانی لەوە دەکات پەیوەندییەکان باشتربن و هاوکاریی هەردوولا دەکات بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا. ئاشکراشیکرد، کە دەستپێکێکی تازە هەیە بۆئەوەی کۆمپانیاکانی ئەمریکا بینە هەرێمی کوردستان و عێراق، بۆئەوەی سەرمایەگوزاری بکەن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا دۆگڵاس سلێمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد، بەوەی لە هەرێمی کوردستاندا ئاسانکاری زیاتر بۆ کارکردن و پەرەپیدان و گەشەی دەرفەتە ئابوورییەکان هەیە. هەروەها سەردانی ئەم دواییەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا بەرز نرخاندو، ئاماژەی بەوەدا کە ئێستا تێڕوانینێکی باش لە بەغدا هەیە، ئەمەش دەرفەتێکی باش بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان دەڕەخسێنێت، لەمرووەوە دووپاتیکردەوە کە ئەمەریكا ناوبژیوانێکی دادپەروەر دەبێت لەنێوان هەولێرو بەغداو، هانی هەردوولا دەدات هاوکارو هەماهەنگی یەکتربن.

باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق راشیگەیاند، کە دەیانەوێ باشترین دۆخی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان بێتە كایەوە و ئاسوودەیی خۆیان لە کارکردنیان لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا کردو، ئەم کۆبوونەوەیەی بە گرنگ وەسفكرد.

لەبەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا وەزیری وزەی ئەمریکا، سڵاوی تایبەتی مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکای بە سەرۆک بارزانی گەیاند، سوپاسگوزاری تایبەتی ئەویشی بە سەرۆک بارزانی گەیاند، سەبارەت بە پەنادان و حەوانەوە و پاراستنی پێکهاتە ئایینییەکان بەتایبەتی کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستاندا. هیواشی خواست ئەو هاونیشتمانییانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە پەڕاگەندەو ئاوارە بوون بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

هاوکات وەزیری وزەی ئەمەریکا سوپاس و پێزانینی بۆ بەرەنگاری و قوربانیدانی گەلی کوردستان دەربڕی، لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش.

لەبەرانبەردا سەرۆک مسعود بارزانی ئەم سەردانەی وەزیری وزەی ئەمەریکای بە ئاماژەیەکی ئەرێنی وەسفکرد، لە بەرەو پێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان.

سەرۆک بارزانی بە تێروتەسەلی باسی مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق کردو، ئاماژەی بە پێشێل بوونی هاوبەشی و شەراکەتی گەلی کوردستان كرد لەلایەن دەوڵەتی عێراق و تیشکی خستە سەر ئەو ئازارو چەوساندنەوانەی کە گەلی کوردستان بە درێژایی سەدەیەک لەم دەوڵەتەدا چەشتوویەتی، هەروەها ئەو پێشێلکارییە دەستووریانەی لە عێراقی نوێدا باسكرد، کە بووە هۆی ئەوەی گەلی کوردستان لە رێگەی ریفراندۆمەوە پەیامی خۆی بۆ تەواوی جیهان بخاتەڕوو.

سەرۆک بارزانی رایگەیاند، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی عێراق، دەرفەتی نوێ و  كەشوهەوای نوێ هاتۆتە ئاراوە و ئەو گۆڕانەی لە سیاسەت و تێڕوانینی بەغدا بە ئەرێنی و مایەی گەشبینی وەسفکرد. دووپاتیشیکردەوە کە گەلی کوردستان هەمیشە لایەنگیری زمانی دیالۆگ بووەو دەبێت و دژی توندوتیژییە، بەڵام ناچار بووە لە کاتی پێویستدا بەرگری لە خۆی بکات.

سەرۆک بارزانی سوپاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کرد کە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا یارمەتی هێزی پیشمەرگەیان داوەو، هیوای خواست پەیوەندی نێوان هەردوولا پتەوو چەسپاو بێت.

دواتر لە پرێس كۆنفرانسێكی هاوبەشی نێوان سەرۆك بارزانی و وەزیری وزەی ئەمەریكادا، سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی وەزیری وزەی ئەمەریكای كرد و ئاماژەی بەوەدا: دەرفەتێکی باشبوو بۆ ئەوەی باسی هەموو ئەو بابەتانە بکەین کە ئەمڕۆ گرنگن بۆ وڵاتەکەمان چ لە پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا، چ لە پەیوەندی دووقۆڵیمان لەگەڵ ئەمریکا، خۆشبەختانە دەبینین دەرفەتێکی تازە هەیە و جێگەی ئومێدە. هەردوولاشمان تەئکیدمان کردەوە کە هەموو هەوڵێک بدەین چارەسەری گرفتەکان لەڕێگەی دیالۆگ بکەین.

لای خۆیەوە وەزیری وزەی ئەمەریكا رایگەیاند: سوپاسگوزاری جەنابی سەرۆک بارزانیم بۆ میوانداریکردن و رازیبوون بۆ ئەوەی بێتە ئێرە ئەو دیدارە ئەنجام بدەین، بۆ هاوبەشیپێکردنی دید و تێڕوانینی خۆی بۆ هەرێم و هەروەها بۆ باسکردنی چیرۆکی گەلی کوردستان، کە جێگەی سوپاس و پێزانین بوو، تێگەیشتنی مێژووی لایەنێک زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتنی ئاییندەیان.

لەبارەی ناوەڕۆكی کۆبوونەوەکە وەزیری وزەی ئەمەریکا وتی: کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدارمان هەبوو. بەپەرۆشییەوە دەڕوانین بۆ بوونی رێککەوتنێکی هەمیشەیی لەنێوان بەغدا و هەولێر. کۆبوونەوەکەمان بەرهەمدار بوو. شایەنی وەبەرهێنانەوەیە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئازایەتی و قوربانیدان و رۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش، ئەوان هاوکاربوون لەوەی سەرکەوتنێکی مەزن بەدەستبێت، بەهۆی هەوڵ و قوربانیدانی ئەوانەوە ئەمڕۆ خەڵک ئازادە. لەگەڵ ئازادی ئاسایش دێت لەگەڵ ئەوەش دەرفەتی زیاتر و دەرفەتی گرنگ. ئەمڕۆ ئێمە سەقامگیری زیاتر و ئاسایشی زیاتر دەبینین لە سەرانسەری ئەم هەرێمە.

رێک پێری رایگەیاند: ئەم دەرفەتە بەهادارە مایەی ئەوەی کە هانماندەدات بۆ وەبەرهێنان بۆ ئەوەی ببین بە هاوبەشی یەکدی، کاتی ئەوە هاتووە کە چیدیکە جەخت لەسەر بونیادنانی ئابووری بکەینەوە، هەروەها بۆ زیندووکردنەوەی ژێرخانی ئابووری، ئەمڕۆش لە گفتوگۆکانمان جەختمان لەسەر چۆنیەتی پەرەپێدانی تێگەیشتنی هاوبەش کردەوە. ئەوەی دەمگەیێنێتە ئەو خاڵەی کە هۆکاری سەردانەکەی من ئەمڕۆ بۆ ئێرە، بۆ ئەوەی من هەروەها ئەمریکا پێکەوە کاربکەین بۆ بونیادنانی ئاییندەیەک کە دەرفەتمان دەداتێ بەیەکەوە کاربکەین.

وەزیری وزەی ئەمەریکا باسی لە سەرچاوە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: ئێمە هەردوولامان سەرچاوە و سامانی سرووشتیمان زۆرە. لە ویلایەتی خۆم تەکساس کە لە دانیشتنەکەمان لەگەڵ جەنابی سەرۆک بەراوردی هەردوولامان دەکرد کوردستان و تەکساس، زۆر شتی هاوشێوەی یەکدیان هەیە، هەردوو باسی ئەوەمان کرد کە سەرچاوەیەکی زۆری وزە لەبەردەستمان هەیە بۆ گەلی ئێمە لەوێ و هەروەها بۆ گەلی کوردستان لێرە. بۆیە ئێمە وایدەبینین لێرە دەرفەتێکی زۆر لەئارادایە بۆ بونیادنانی ئاییندەیەکی باشتر بۆ خۆشگوزەرانی و سوود وەرگرتن لەو دەرفەتانە.

لە کۆتایی پڕسكۆنفراسەكەدا، رێک پێری، وەزیری وزەی ئەمەریکا گوتی: جەنابی سەرۆک سوپاس بۆ دۆستایەتیتان، سوپاس بۆ تێڕوانین و دیدگاتان، سوپاس بۆ قوربانیدانتان لەپێناوی گەلەکەتان، بە پەرۆشییەوە دەڕوانمە بۆ کارکردن لە ماوەی ساڵانی داهاتوو بەیەکەوە.

serok_barzani_u_waziri_wzai_usa_hawlyr.jpeg