Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 11:00

8ی مارس.. ئەو رۆژەی بە قوربانیدانی ئافرەتان دروست بوو

100%

ئەسرین عاسی شوانی

بەر لە هەموو شتێک، ڕووداوی هەشتی مارس دەنگهەڵبڕینی ئافرەتان بوو بە ڕووی زوڵم و زۆری و ناعەدالەتی و پیاوسالاری لە هەمبەر ژنان، لە ڕۆژی 8ی مارسی ساڵی 1857 لە یەکێک لە کارگەکانی ڕستن و چنین لە نیویۆڕک، ئافرەتانی ئیشکەری ئەو کارگەیە بۆ زیادکردنی کرێی کار و کەمکردنەوەی کاتی کارکردن بۆ کەمتر لە 10 کاتژمێر، ڕژانە شەقامەکان و ناڕەزاییان دەربڕی، بەڵام لەبەرامبەر ئەو خۆپیشاندانەی ئافرەتانی کرێكاری کارگەکە، لە کاردانەوەی دەسەڵاتداران و سەرمایەداران و خاوەن کارگەکان، ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەری ئافرەت لە لایەن پۆلیس و بە بڕیاری دەسەڵاتداران دەستبەسەر کران و ژمارەیەکیش کوژران و بریندار کران، تەنیا هۆکارەکەش ئەوە بوو كه‌ كرێكارانی ئافرەت داوای مافی خۆیان دەکرد، بەڵام ئەم هەنگاوی ناڕەزاییە بووە ڕۆژێکی پڕشنگداری بزووتنەوەی ئافرەتانی جیهان و ڕۆژ دوای ڕۆژ دەسکەوتی زیاتر دەستەبەر دەبوو، تەنانەت دەسکەوتی بەشداریی سیاسیشی بەدوادا هات.

لە ساڵی 1910 لە شاری کۆپنهاگن لە دانیماڕک، لەسەر ئەم بابەتە کۆنفراسێکی گشتگیر بەسترا، بۆ ئەوەی ڕۆژێکی تایبەت بە ئافرەتانی جیهان دیاری بکرێت، ئەوە بوو لە ساڵی 1921 ڕۆژی 8ی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ئافرەتان ناسێنرا و لەو ڕۆژەدا ئافرەتانی جیهان یادی دەکەنەوە و چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان دەکەن.

ڕۆژی جیهانیی ژنان کە لە بنەڕەتدا تایبەتە بە ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانی ئیشکەر، لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە لە ساڵی 1957 وەک ڕۆژێکی فەرمی و تایبەت بە ئافرەتان جێگیر کرا و لە زۆر وڵاتانیش لە ڕێکەوتی جیاجیا یادی دەکرایەوە، بەڵام دوای ئەوەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە فەرمی 8ی مارسی ناساند، ئیتر ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان ناسرا و ساڵانە لە جیهاندا یادی دەکرێتەوە، چونکە وەک گوتمان تا ناساندنی 8ی مارس وەک ڕۆژی ئافرەتان لەلایەن ئەو ڕێکخراوەوە، ئافرەتان بە جیا و لە کاتی جیاواز یادیان دەکردەوە، بەڵام ڕاپەڕینی ئافرەتانی کارگەی ڕستن و چنینی شاری نیویۆرک، وەک دەبینین بووە سەرەتایەک لە خەباتی ژنان لە هەموو جیهان.

لە ساڵی 1913 ئافرەتانی ئەمەریکا لە 28ی 2 یادی ئەو ڕۆژە مێژووییەی خۆیان کردۆتەوە، ئافرەتانی ڕووسیا لە ساڵی 1913-1917 خۆپیشاندانیان كرد و داوای ئەوەیان کرد كه‌ ژنانیش وەکو پیاوان مافیان لە هەڵبژاردنەکاندا هەبێت، بەردەوامیش بوون تا بەدەستهێنانی مافی هەڵبژاردن و حکوومەتی ڕووسیایان ناچار کرد ئەو ڕۆژەیان بۆ بکاتە پشووی فەرمی.

لە ساڵی 1908 جارێکی دیكە هەزاران لە ژنانی کارگەی ڕستن و چنینی نیویۆرک شەقامەکانیان هەژاند، بەڵام ئەمجارە ئاماژەی دەستەکانیان نانی ڕەق و گوڵ بوو کە بە خۆپیشاندانی (نان و گوڵ) ناسرا و سەرەتایەک بوو بۆ دامەزراندنی بزووتنەوەی ژنان لە نیویۆڕک، دواتر ژنانی ئەڵمانیا و دانیمارک و سویسرا و نەمساش چالاکی تایبەت بە ئافرەتانیان دەست پێ كرد، بەڵام دوای ناساندنی 8ی مارس بە فەرمی، ئێستا هەموو ئافرەتانی جیهان بە ئافرەتانی کوردستانیشەوە، لەو ڕۆژەدا وەک ڕۆژی تایبەت بە خۆیان یادی دەکەنەوە.

بەرز و پیرۆز بێت ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان و بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە یەکە بە یەکەی ئافرەتانی وڵاتەکەم دەکەم.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.