Erbil 15°C چوارشەممە 24 نیسان 09:35

کێ سەرکردایەتی ڕاپەرینی کرد!

ھۆگر نێروەیی
100%

هۆگر نێروەیی

مام جەلال لە دیداری تەمەن بەو شێوەیەی خۆی دەیەوێت باسی ڕاپەرینی کردووە، کاک نەوشێروانیش بەشێوەیەکی تر کە خۆی دەیەوێت باسی راپەرینی کردووە، بارزانیش بە شێوەیەکی تر باسی ڕاپەرینی کردووە، ئێستاش لە سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی و پارتی بپرسە ھەریەکیان بەشێوەیەکی تەواو جیاواز باسی ڕاپەرین دەکەن!

ئێستا گەر بپرسم من کەی و باردۆخ چۆن بوو کە لەدایک بووم، بابم بەشێوەیەک باسی دەکات، دایکم بەشێوەیەکی تر، خزمە نزیکەکانم خاڵ و مام و پوور ھەر یەکه‌یان بە شێوەیەکی تەواو جیاواز باسی لە دایکبوونم دەکەن! ھەر ئەوەش نا 10 کەس لە خزمەکانی خۆم گوتوویانە کە ئێمە ناوی تۆمان کردووە به‌ ھۆگر، تا ئێستاش نازانم کێ بوو ناوی منی نا ھۆگر؟ 

مێژوو بە ئاسانی دەشێوێنرێت، بەتایبەتی کە تەکنەلۆجیا نەبوو یان پێشکەوتوو نەبوو، ھەر یەک وەکو خۆی کە چۆن بیەوێت بەو شێوەیە باسی دەکات، نەک کە چۆن بووه‌، کەمن ئەوانەی وەکی خۆی باسی مێژوو دەکەن کە ئەوانیش زۆر شت لەبیر دەکەن و زۆر شت زیاد دەکەن! جا با نەگەڕێینەوە مێژوو ھیچ شتێک کە چۆن و بە چی شێوەیەک بوو و کێ پاڵەوانی بوو یان سەرکردایەتی کرد، بەڵام با بگەڕێینەوە بۆ ئامانجی ئەو شتەی کە لەپێناوی چیدا بوو، ئەو ھەڵانەی ئەو کات کرا دووبارە نەکرێنەوە.

گریمان، شۆڕشی ئەیلوول یەکێتی ھەڵی گیرساند کە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد زامن کرد، شۆڕشی گوڵانیش ھەر یەکێتی ھەڵی گیرساند، ھەر یەکێتی بوو لە داستانی خواکوڕکدا پاشەکشەی بە سوپای ھەزاری و جاشەکانی ڕژێمی بەعسی سەدام کرد، ھەر یەکێتی بوو سەرکردایەتی ڕاپەڕینی کرد، ھەر یەکێتی بوو ھەڵبژاردن و پەرلەمانی بۆ کورد ھێنایە کایەوە، ھەر یەکێتی بوو ھەرێمی کوردستانی لە دەستووری عێراقدا چەسپاند، بەڵام ھەر یەکێتی بوو شازدەی ئۆکتۆبەری ئەنجام دا کە زۆر لە سەرکردەکانی یەکێتی بەشانازییەوە خۆیان بە خاوەنی شازدەی ئۆکتۆبه‌ر دەزانن! کە ئامانجی شازدەی ئۆکتۆبەر و ڕاپەڕین و شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و داستانی خواکوڕک سەد و ھەشتا پلە لە یەک جیاواز بوو! کە ڕاپەرین و ھەموو داستان و شۆڕشەکانی باشووری کوردستان شەڕی ئیرادەی کورد بوو بۆ ئازادی بەرامبەر ڕەت کردنەوە و ژێردەستی و ستەمی داگیرکار، بەڵام شازدەی ئۆکتۆبەر ئیرادەی کورد بۆ ئازادی بن پێ کرا و شەڕعییەتی دا بە داگیرکاران، ئەمەش خۆی لە خۆیدا خۆی بە خاوەن زانینی یەکێتی بۆ داستانی کۆرێ دەخاتە ژێر ھەزاران پرسیارەوە!

لە ھەموو ئایینەکاندا ھاتووە کەسێک چەنده‌ گوناحی ھەبێت، بەڵام تۆبەیەک بە دڵ بکات و نەگەڕێتەوە بۆ گوناحەکان ئەو کەسە بە تەواوی لە گوناحەکان پاک دەکرێتەوە، بەڵام ئێستاشی لەسەر بێت یەکێتی زیاتر مەیلی بۆ عێراق ھەیە ھەتا کوردستان! یەکێتی زیاتر مەیلی بۆ بەغدا ھەیە ھەتا کوردستان، ڕاستییەک ھەیە بە درێژایی مێژوو ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تا ئێستا یەکێتی چەندجار تۆبەی کردبێت کە ئێدی ناگەڕێتەوە بۆ نەیارەکانی کوردستان، بەڵام ھەرکاتێک ھەل و مەرج ھاتبێتە پێشەوە لەنێوان داگیرکار و کوردستاندا، یەکێتی داگیرکاری ھەڵبژاردووە، گەرچی بەدڵیشی نەبێت و بەسەریدا سەپێنرابێت، پارتیش با ھەزاران ھەڵەی ھەبێت کە ھەبووە، بەڵام ھەر کاتێک پێویست بووبێت نەخێری بە نەیارەکانی کوردستان داوە، ھەر کاتێک بۆ بەرژەوەندیی کوردستان پێویست بووبێت چووتە سەر مێزی نەیارانی کوردستان بۆ بەرگریکردن لە ئەزموون و بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەی.  

كه‌واته‌ گرنگ نییە کێ ڕاپەرین و شۆڕشەکانی کرد، کام حزب بوو بەرگری کرد ھەتا کۆتایی، ئەوەی گرینگە ئەمڕۆ و سبەی کێ لەسەر ھەمان ئامانجی ڕاپەرین و شۆڕش و داستانەکانی دوێنێی کوردستان دەمێنێتەوە و بەرەو پێشەوەی دەبات و دەستبەرداری ئامانجەکانی نابێت، نەک ھەر ھەلومەرجێک ھاتە پێشەوە دەستبەرداری دوێنێی خۆی بێت بۆ بەرژەوەندی تەسکی شەخس و حزبی خۆی بۆ ئەمڕۆ.

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.