Erbil 15°C پێنجشەممە 25 نیسان 17:45

بارزانی باوکی دامەزرێنەرە؟

ئاسۆ حاجی
100%

ئاسۆ حاجی

لە ئەدەبیاتی سیاسی حیزبەکان چ دەگوترێت، جیاوازە لەوەی مێژوو چ دەڵێت، ئەدەبیاتی حیزب گوتارێکی تێکەڵ بە پڕوپاگەندەیە و هەرکەسە و  شانازی و سەرکەوتنەکان بۆ خۆی دەکێشێ، مێژووش تۆماری رووداوەکان و رۆڵی کەسایەتییەکان دەکات لە ناو رووداوەکاندا، سەبارەی بە راپەڕینی گەلی کوردستان لە بەهاری 1991دا، هەموو حیزب و  سەرکردەی حیزبەکان رۆڵیان هەبووە و  پێکەوە کاریان کردووە، هەمووشیان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەو راپەڕینە بەرهەمی جەماوەری راپەڕیوی کوردستانە، بەڵام ئەوەی حیزب و  سەرکردەکانیان لە یەکتر جیا دەکاتەوە گوتار و دونیابینیانە لە رۆژەکانی راپەڕیندا.

سەرۆک مەسعود بارزانی لە گوتار و  دەربڕینی بۆچوونی سیاسیدا لە رۆژانی راپەڕین جیاواز بوو لەوانەی دیکە، خۆشبەختانە گوتارەکانی لەناو جەماوەری راپەڕیوی کوردستان تۆمار کراون و بەشێکی زیندوو لەو مێژووە پێک دەهێنن، لەو گوتارانەیدا سەرۆک بارزانی داوای ئەنجامدانی هەڵبژرادن و دامەزراندنی دامەزراوەی نیشتیمانی دەکات، کە ببنە ئەلتەرناتیڤی بەرەی کوردستانی و لە رێگەیانەوە شەرعییەتی شۆڕشگێڕی لە حیزبەکانەوە بگوازرێتەوە بۆ دامەزراوە نیشتیمانییەکان، بۆیەشە سەرۆک مەسعود بارزانی وەک باوکی دامەزرێنەری قەوارەی دەستووری و نەتەوەیی و نیشتمانی کوردستان هەژمار دەکرێ.

لە دوای رووخانی دیکتاتۆرییەت و لە کاتی نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێڕاق، سەرۆک بارزانی پێداگری لەوە کرد کە دەبێت هەرێمی فیدڕالی و قەوارەی سیاسی کوردستان لە سەر بنەمای نەتەوەیی و نیشتمانی بێت و وەڵامدەرەوەی داخوازی و مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی گەڵی کوردستان بێت، هەر سەرۆک بارزانیش بوو رێگر بوو لە چەسپاندنی فیدڕالەتی پارێزگاکان کە هەوڵێک بوو بۆ لەباربردنی جێگرتنی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی خەڵکی کوردستان لە ناو دەستووردا.

دوای تێپەڕبوونی سی و دوو ساڵ بەسەر راپەڕین، ئەو مێژوو و راستەقینەیە خۆی دووبارە دەکاتەوە، کە بارزانی و رێبازەکەی هێشتا دەستیان بەهەمان گوتار و بۆچوونەوە گرتووە، هێشتا کار بۆ بەهێزترکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکانی کوردستان دەکەن و باوەڕیان نەگۆڕە بەوەی پێویستە لە رێگای هەڵبژاردن و دەنگ و متمانەی خەڵکەوە دەسەڵات ئاڵوگۆڕ بکرێ، رێگە نەدرێت هیچ لایەنێک لە ترسی دۆڕان پەنا بۆ دروشم و گوتاری پێش راپەڕین بباتەوە، کە ناتوانێت گوزارشت لە ئێستا کوردستان و داخوازییە سەردەمییەکانی خەڵک بکەن، کە چاویان لە بەرەوپێشبردن و چاکترکردنی حوکمڕانی هەیە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکەکەی بە هەموو تواناییانەوە هەوڵی بۆ دەدەن، لە رێگای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و گەشەپێدان و باشتر سوود وەرگرتن لە سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان، کە ببنە مایەی دابینکردنی ژیان و ئایندەیەکی باشتر بۆ کوردستان و خەڵکەکەی.

هەموو ئەو راستییانە دوور لە گوتاری حیزبی و پڕوپاگەندەی میدیایی، یەک راستەقینە دووبارە دەکاتەوە کە سەرۆک مەسعود بارزانی باوکی دامەزرێنەر و پێشمەرگەی پاراستنی ئەو قەوارە دەستورییەیە کە بەرهەمی خەباتی زیاتر لە سەت ساڵ تێکۆشانی خەڵکی کوردستانە.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.