Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 14:03

سەرۆكی هەرێم  و پاكێجی چارەسەر

100%

ئاریان فەرەج

لە كۆڕبەندە نێودەوڵەتییەكەی ئه‌مڕۆی هەولێر، سەرۆكی هەرێم  قەبارەی ئاڵانگاری و مەترسییەكانی سەر هەرێمی بچووك پیشان نەدا و گەشبینی بێ بنەمای نەبەخشییەوە، بەڵام وەك هەمیشە نەخشەڕێی چارەسەری خستە ڕوو، چارەی مومكین و قابیلی جێبەجێكردن نەك مەحاڵ و خەیاڵی.

روانگەی نێچیرڤان بارزانی بۆ كۆی كێشە و گرفتەكان، ئێستا بۆتە پاكێجێكی كامڵ، لە چارەی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمەوە تا چارەی كێشەی هەرێم و بەغدا، تا كێشەی بەغدا و دەوروبەرەكەی دەگرێتەوە.

لە ئاستی ناوخۆدا: سەرۆك پێی وایە ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی میلـلەتەكەمانی ماندوو كردووە، ئەو دوو حزبە جگە لە رێكەوتن و پێكەوە كاركردن هیچ بەدیلی دیكەیان نییە، بۆیە: پارتی دەبێت لە نیگەرانییەكانی یەكێتی تێ بگات، یەكێتیش دەبێ بایكۆت و گۆشەگیرییەكی بشكێنێ، لەم ڕوانگەیەوە پەیامی سەرۆكی هەرێم بۆ یەكێتی و كاك قوباد و تیمەكەی پێدەچێ ئیجابییانە وەڵام بدرێتەوە.

جیهان لە قەیرانی وزە دایە، كوردستان و عێراق دەبێ یەك لە دابینكەرە سەرەكییەكانی ئەو وزەیە بن كە جیهان پێویستییەتی، ئەمە بۆ عێراق و بۆ كوردستانیش دەرفەتێكی زێڕینە. لەو پێناوەدا دەبێ پارتی و یەكێتی تەبابن، دەبێ لەگەڵ بەغداش رێكبن، دەنا ناتوانن وەڵامدەرەوەی چاوەڕوانییەكانی جیهان بن و ئەم هه‌له‌ش لەدەست دەچێ. لەبەردەم ئەم ئاڵانگارییە گەورەیەدا سەرۆكی هەرێم پێی وایە ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی خۆسه‌رقاڵكردنە بە شتی بچووكەوە.

لە ئاستی عێراقدا: ئێمە و بەغدا دەبێ چیتر كات بە خەیاڵ و دروشمی بەتاڵ و بەدیهێنانی مەحاڵەوە نەكوژین، نە ئەوان دەتوانن هەرێم بگێڕنەوە بۆ پێش دەستوور، نە ئێمەش دەتوانین بێ بەغدا چیتر بەرەوپێش بچین. بەغدا قوڵایی ستراتیجی كوردستانە و نابێ چیتر بە دروشمی عەوام فڕیودەر، بەغدا وەك داگیركەر لە زه‌هنی گەنجەكانماندا وێنا بكەین. نە ئێمە لە لاوازیی بەغدا سوود دەبینین و نە عەرشی بەغداش بە پێشكەوتنی ئێمە دەلەرزێ، سەرۆكی هەرێم دەڵێ: ئێمە و بەغدا دوو قەوارەیەن لەناو یەك دەوڵەتدا، پیادەكردنی زیرەكانەی ئەم دەستەواژەیە لە كایەی سیاسیی كوردستانی و عێراقیدا، خێرێكی یەكجار زۆری بۆ هەموو لایەك لێ دەكەوێتەوە.

لە ئاستی دونیادا: ئێمەی كورد گەر لە ئیمتیحانی دیموكراسی و رێزگرتنی مافەكانی مرۆڤ و ئازادی ژنان و ئازادی رادەربڕین و هەڵبژاردنی بە وادە و دەستاودەستی دەسەڵات و فرەیی سیاسییدا سەركەوتووبین و پاشەكشە نەكەین، دۆستانمان سەرباری كەمبوونەوەی حەوسەڵەیان، هێشتا لە پشتیوانیمان بەردەوام دەبن، بەڵام ئەگەر لەو ئیمتیحانەدا نمرەكانمان لە كورتی بدەن، حەوسەڵەی دۆستانمان رۆژێك دێت كۆتایی دێت. 

سەرۆكی هەرێم پێی وایە هەم هەرێم و قەوارە و ئەزموونەكەمان، هەم ئەو ئازادی و مافانەی خەڵكەكەشی كە بە خوێن و خەباتێكی زۆر بەدەستهاتوون، بۆ ئەوە ناشێن پاشەكشەیان لێ  بكرێ و لەدەست بدرێن. 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.