Erbil 15°C چوارشەممە 24 نیسان 09:14

زمان وەک کەلتووری هاوبەش بۆ نەتەوەسازی

کوردستان TV
100%

عەباس غەزالی میرخان


ناونانی ڕۆژێکی جیهانی بە ناوی ڕۆژی زمانی دایک، نیشانەی بەرزبوونەوەی ئاستی هزری مرۆڤی سەردەمە و ئومێدمان ئەوەیە، نەتەوە و گەلانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوینیش، لە ناو دونیای مۆدێڕندا، مافی مرۆڤ بەرز بنرخێنن، تاکوو ببنە مرۆڤی پێشکەوتوو و ڕووناکبیر.

2ی ڕەشەمە بۆ کوردان، جگە لە ڕۆژی زمان، بیرەوەرییەکی دیکەش دەهێنێت، ئەویش یادکردنەوەی مامۆستای زمان مام هەژار موکوریانییە، کە لەم ڕۆژەدا کۆچی دوایی کردووە. مامۆستا هەژار یەکێکە لە زمانناس و ئەدیبانی بەرزی جیهان، کە خزمەتێکی مەزنی بە زمانی کوردی کردووە و پێویستە سیاسی و ڕووناکبیرانی کورد، بە ئیلهام وەرگرتن لە هەژار، زیاتر بیر لە بابەتی زمان بکەنەوە.

یەکەم گرینگی هێمایی ئەوەیە، کە ڕۆژێکی تایبەت بۆ ڕێزلێنان لە زمان و ئەدەبیاتی کوردی، بەپێی دەقێکی ئەدەبی کوردی پڕ لە شانازی، لە هەر چوار پارچەی کوردستان دیاری بکرێت، زمان یەکێکە لە خاڵەکانی هاوبەش لە نێوان گرووپێک، کە نەتەوەسازیی لەسەر بونیاد دەنرێت، لە ناو کورددا ئەم نەتەوەسازییە، بە زمانی عەشق و ئەڤینی مەم و زینی خانی، دەبێتە مرۆڤانەترین و دێموکراسیترین کەرەستەی نەتەوەسازی.

زمانی کوردی زمانێکە، کە لە چەندین ڕووەوە دەوڵەمەندە و پڕە لە زاراوە و بن زاراوەی بەهێز، کە بە سامانی فەرهەنگی دادەنرێت، زمانی شیرینی کوردی لە ڕووی ئەدەبیات، زمانێکە ئەوەندەی کار تێدا کراوە، کە توانای ئەوەی هەیە، شان لە شانی ئەدەبیاتە بەرزەکانی جیهانی بدات.

ئەگەر سەرنج بدەین، دەبینین زۆر کەس لە نەتەوەکانی دیکە، دەڵێن کوردی خۆی زاراوەیەکە لە زمانێکی دیکە، بۆیە مافی سەربەخۆیی نیە. هەروەها دەڵێن زاراوەکانی کوردی ئەوەندە لێک جیاوازن، کە ناتوانن ببنە یەک نەتەوە، بە جۆرێک کە کوردی لە زمانێکی دیکە نزیکترە تا زاراوەکانی دیکەی خودی کوردی، وەک چۆن زاراوەیەکی کوردی ناتوانێ وەک نەتەوەیەک سەربەخۆ بێت، بە هەمان شێوە کوردیش بە گشتی ناتوانێ سەربەخۆ بێت، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم بیرە تاریک و نەژادپەرەستانەی داگیرکەران، پێویستە کورد زمانیش وەک هێمایەکی نەتەوەیی بخاتە ناو سیاسەتی نەتەوەسازی و دەوڵەتی سەربەخۆ، لێرەدا ئەوەی لە سەر شانی ڕۆشنبیران و سیاسییەکان و دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکە ئەوەیە، کە پێویستە بە شێوەیەکی زانستی، بە ئامانجی نەتەوەسازی، گرینگی بە زمان و سیاسەتی زمان بدرێت.

مادام کورد هەموو خاڵێکی بە نەتەوەیی بوونی تێدایە و کیانێکی کوردی لە باشوور دروست بووە، دەتوانێ زمانی فەرمی و ستاندەر و یەکگرتوو، بکاتە پردی پەیوەندی نێوان هەموو زاراوەکان، هەروەها پێویستە هاوتەریب گرینگی بە زاراوە و ئەدەبیاتە ناوچەییەکانیش بدرێت. لە هەموو گرینگتر، پێویستە کار بکرێت بۆ ئەوەی زمانی کوردی، ببێتە زمانی زانست، تاکوو تاکی کوردی بەرەو پێشکەوتن بڕوات، پێویستە زمانی کوردی لە هەموو ئاستەکان ببێتە زمانی جێی شانازی کورد و منداڵانی کوردی زمانی خۆیان پێ کەم نەبێت، بە قەولی ناڵی:” کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆکردییە خۆ کوردییە – هەر کەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکا” هەروەها پێویستە حکوومەتی هەرێم، گرینگی تایبەت بە مامۆستایانی زمانی کوردی بدات و پتر هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنێت.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.