Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 12:27

پەیامێک بۆ ئاسایش و ئارامی

شێركۆ حه‌بیب
100%

شێرکۆ حەبیب

رێزدار مسرور بارزانی لە پەیامی رۆژی 15ی ئەم مانگە چەندین خاڵی خستە سەر پیتەکان کە ماوەیەکی زۆر بوو دڵسۆزانی میلـلەتەکەمان مەبەستیان بوو بەتایبەتی پارتییەکان، چونكە لەو ماوەیەدا زۆر تۆمەتی بێ بنەما دەخرایە پاڵ پارتی بەگشتی و بەشەکەی لە حکوومەتی هەرێم بەتایبەتی، لەراستیدا ئەو پەیامە زۆر دوا کەوت تا ڕووی راستییەکان بۆ جەماوەر روون ببێتەوە، بەرێزیان وەک دەڵێن (سەبری ئەیووبی هەیە)، کە تا ئیستا ئەو وتارەی دواخست هەڵبەتە ئەوەش لە بەرژەوەندی گشتی بووە، بەڵام کاتێک وەک دەڵێن کار لە کار ترازا دەبێ راستییەکان بگوترێ.

هەر لەسەرەتای دامەزراندنی ئەو کابینەیە واتە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم کوردستان، هەندێ لایەن و کەس تووشی دڵەڕاوكێ بوون، بەهۆی ئەو بەڵێنانەی رێزدار مسرور بارزانی لە کاتی سوێندی یاسای لە بەردەم پەرلەمان ئاماژەی پێ کرد، لەو ساتەوە بەرژەوەندی هەندێ کەس کەوتە مەترسی، بەهۆکاری تێوه‌گڵاوی لە گەندەڵیدا، لە ماوەی حوکمڕانی رێزدار مسرور بارزانی جۆرێک لە متمانەی لای هاووڵاتییان بەرامبەر بە حکوومەت دروستبوو، لێرەدا دەبێ ئەوەش بڵێین کەوا کابینەکانی پێشووتر درێغیان نەکردبوو، بەڵام لە کابینەی نۆ بەشێوازێکی دیکە رەفتار کرا، لەو ماوەیە توانرا سەدان ملیۆن دینار بۆ خەزینەی حکوومەت بگەڕێنرێته‌وه‌ و پاکسازی له‌ مووچه‌ی مووچەخۆران کرا و زۆر کاری دیکە لە ئاوەدانی و ئارامی و ئاسایش.

لێرەدا ئەوەی مەبەستە بیڵێین کەوا ئەو کابینەیە بە هیچ شێوەک دەستێوەردانی حزبی لەناو دامودەزگاکانی حکوومەت قەبووڵ نەکرد بە پارتیشەوە، ئەوەش نیگەرانی هەندێ لایانی لێکەوتەوە کە دەیانویست حزب دەسەڵاتدار بێت و بریارەکان لە دەسەڵاتی ئەوان دابێت، ئەمە بەهیچ شێوەیەک لە زۆنی زەرد بەدی نەکرا، تەنانەت جەنابی سەرۆک بارزانی کە مەرجەع و رابەرە ئەو رێگایەی بەخۆی نەداوە تەداخولی کارەکانی حکوومەت بکات.

رێزدار مسرور بارزانی لە پەیامەکەی ئەوەی بەڕوونی گوت کەوا هیچ شوێنێکی کوردستان بەتایبەتی هەولێری پایتەخت نابێت ببێتە گۆڕەپانی کاری تیرۆر و تۆڵەسەندنەوە بەڵکو دەبێ یاسا سەروەر بێت.

لە ماوەی رابردوو بینیمان کەوا زیاتر ئەوانەی کارەکانیان ئەنجام دەدەن تیمی پارتینە، بەداخەوە هەندێ لایەن وەک ئۆپۆزسێون هەڵسوکەوتیان دەکرد کە بەشداری حکوومەتیشن وەک ئەوەی (ساڵانێکه‌ لە ناوچەیەکی دەڤەری بادینان دائیرەی ئەمنی سەردەمی رژێمی گۆربەگۆڕ لە مختاری گوندێک دەپرسن، عصبات هەیە (مەبەستیان پێشمەرگە بوو)، ئەویش لە وه‌ڵامدا دەڵێ "بە رۆژ تعال تعالە، و بەشەو وەرە وەرەیە)، ئەو برادەرانەش تا کاتی دەوام لەگەڵ حکوومەتن، دوای دەوامیش دژی حکوومەتن، ئەگەرچی زۆر ئاساییە ببن بە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ئۆپۆزسیۆنێکی سەردەمییانە، لەراستیشدا دەبووایە برادەران لە یەکێتی ئۆپۆزسیۆنیان هەڵبژاردایە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز ئەو کاتە هاوکێشەکە بەشێوازێکی دیکە دەگۆرا، بەهەمانشێوە پارتی بووبایە بە ئۆپۆزسیۆن ئەگەر لە هەڵبژارادن زۆرینە نەبووایە، و مەرج نییە هەردوو حزبی سەرەکی لە دەسەڵات بەشداربن هەروەک ئەمه‌ریکا و به‌ریتانیا.

هەڵبەتە سیاسەت بە هەڕەشە و تۆقاندن و کاری بێ بنەما نابێت، بەڵکو کردار مەرجە و خزمەکردنی گەل و نیشتمان نەک دوای سەڕاب کەوتن.

ئیستاشی لەگەڵدابێ دەبێ بە لێکتێگەیشتن و دیالۆک و دانیشتن گرفت و کێشەکان چارەسەر بکرێت، و ئەگەر بیر لە هەر کرده‌وەیەکی نەخوازیار بکرێت و رووبدات ئەوە هەموولا زەرەرمەند دەبن، هەروەک لە ساڵانی شەڕی ناوخۆ.

هەڵبەتە پەیامەکەی رێزدار مسرور بارزانی بۆ یەکڕیزی و ئاشکراکردنی ڕووی راستییەکان و هاووڵاتی چیتر چەواشە نەکرێن، ئەگەر هەر لایانێک خۆی بە دڵسۆزی میلـلەت دەزانی دەبێت خزمەتکاری میلـلەت بێ و له‌ هەموو کارێکدا بەرژەوەندی کەسایەتی و حزبی بەلاوەنێ و هەموو هەوڵەکان لەپێناو تەبایی و یەکڕیزی و خزمەتی کوردستان بێ و ڕێگە نەدرێ کەسانی خۆپەرست و ئه‌وانه‌ی هەوڵی دووبەرەکی دەدەن، پێگەیان هەبێ.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.