Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 01:08

ڕەھەندەکانی سەردانی سەرۆکی ھەنگاریا بۆ ھەرێمی کوردستان

فرسەت سەید شوكر
100%

سەرەتا

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، یان پەیوەندییەکانی دەرەوە، میتۆدی سەرەکیی پێشکەوتن و مانەوەی ھەر دەوڵەت و وڵاتێکن. بەبێ پەیوەندیی دروست و ھەماھەنگکارانە، ئەستەمە دۆخی ئابووری بەرەو ئاراستەی بەرز ھەنگاو بنێت، جیا لەوە لە ھەموو ڕووە جیاوازەکانی دیکە (سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، فەرھەنگی، ئایدۆلۆژی ھتد..) پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دیکە گرنگ و پێویستە.

پێگەی ھەنگاریا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی

هەنگاریا مێژوویەکی درێژخایەنی ھەیە و  یەکێکە لە کۆنترین وڵاتەکانی ئەوروپا.

هەنگاریا دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەوروپا و ژمارەی دانیشتووانەکەی بە زیاتر لە 10 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت، لە ساڵی 2004 و ڕێککەوتنی شنگنەوە بە وڵاتێکی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا ھەژمارکراوە.

ھەنگاریا لە ساڵی 2014ـەوە ئەندامی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعشە.

بەگوێرەی پیتەر سیارتۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە 170سەرباز و ڕاوێژکاری سەربازی ھەنگاریا لە عێراق و ھەرێمی کوردستانن کە ڕاھێنان بە ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەن.

یەکێتی ئەوروپا چوارچێوەی سەرەکی چالاکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی هەنگاریایە پەیوەندییە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی-کلتوورییەکانی ھەنگاریا بە دەوڵەتەکانی دیکەی ئەوروپاوە دەبەسترێتەوە، چ لە ناو یەکێتی ئەوروپا یاخود و لە سەرانسەری ئەوروپا بە گشتی

هەنگاریا ئابوورییەکی بازاڕی هەناردەکردنی هەیە و بەردەوام ھەوڵی پەرەپێدانی بازرگانی دەرەکی دەکات؛ بەم شێوەیە وڵاتەکە 35ھەمین گەورەترین ئابووری هەناردەکردنە لە جیهاندا.

هەنگاریا گەورەترین بەرهەمهێنەری ئامێری ئەلیکترۆنییە لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و بەرهەمهێنان و توێژینەوەی ئەلیکترۆنی لە بزوێنەری سەرەکی داهێنان و گەشەی ئابووری وڵاتەکەدایە.

گرنگترین کەرتە ئابوورییەکانی هەنگاریا لە ساڵی 2020ـدا بریتی بوون لە پیشەسازی(23,5%)، بازرگانی جوملە و تاکەکەسی، گواستنەوە، شوێنی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاری خۆراک (17,7%) و کارگێڕی گشتی، بەرگری، پەروەردە، تەندروستی مرۆڤ و چالاکییەکانی کاری کۆمەڵایەتی (17,5%)

بازرگانی نێوان یەکێتی ئەوروپا 78%ی هەناردەی هەنگاریا پێکدەهێنێت (ئەڵمانیا 28%، ڕۆمانیا، سلۆڤاکیا، نەمسا و ئیتاڵیا هەموویان 5%)، لە دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا 3% دەچێتە ئەمریکا و 3% بۆ بەریتانیا.

لەڕووی هاوردەکردنەوە 71% لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا (ئەڵمانیا 24%، نەمسا 6% و پۆڵەندا و هۆڵەندا 5%)، لەکاتێکدا لە دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا 9% لە چین و 4% لە کۆماری کۆریا دێت.

پێگەی ھەرێمی کوردستان و فراوانبوونی پەیوەندییەکان

 لەدوای ساڵی 2003 و بەھێزبوونی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکە، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە گرنگییەوە لە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەیانڕوانی، ئەمە جیا لەو ئامادەییە مێژووییەی كە لە دەوڵەتی عێراقدا هەیبووە و تا ئێستاش هەیەتی.

لە ڕوانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییەکانەوە، ھەر جووڵەیەکی سیاسی یان دیپلۆماسیی نێوان وڵاتان، گرنگی و تایبەتمەندیی خۆیی ھەیە، زۆربەی کات ئەو پەیوەندییانە پەل دەھاوێت بە برەودان بە ھەموو ئەو پێشهات و ئاڵوگۆڕە سیاسی و ئابوورییانەی کە لەئارادان، بەڵام سەردانەکەی (کاتالین نۆڤاک) سەرۆکی ھەنگاریا لەم قۆناغە و دیدار لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین بەھای گرنگی ھەیە، لە کاتێکدا عێراق و ناوچەکە بە دۆخێکی ناھەموار و ناسەقامگیردا تێدەپەڕن، کاتالین نۆڤاک و بەھۆی گەنجی و توانا و شارەزاییەکانی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، زۆرینەی وڵاتان ئومیدیان پێیەتی.

 سەرۆکی ھەنگاریا لە سەردانەکەیدا ئاماژەی بە بایەخی سەقامگیری و ئارامیی ھەرێمی کوردستان بەلای وڵاتەكەیەوە، داوە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە دەبێ پەرە بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان ھەردوولا بدرێت و بەھێز بکرێت.

خاڵێکی دیکەی کە شیاوی ھەڵوەستە لەسەرکردنە، ئاماژەدان بە ڕووبەڕوونەوەی تیرۆر کە تا ئێستاش ھەنگاریا، ھەرێمی کوردستان بە ھاوبەشێکی کارا و گەورەی خۆی لە بەگژاچوونەوەی ھەموو ئەو ئاڵنگارییانەی کە لەناوچە دێنە پێش، دەبینێت، کاتالین نۆڤاک ئاماژەی بەوەدا کە ھەست بە ئاسایش و سەقامگریی لە ھەرێمی کوردستان دەکات، خستنەڕووی ئەم ڕاستییەش بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دونیای دەرەوە دەرگای دیکەی باشتری دیپلۆماسی بەڕووی ھەرێمی کوردستاندا دەکاتەوە.

ھەروەھا لەم سەردانەی سەرۆکی ھەنگاریا بۆ ھەرێمی کوردستان، ھەوڵی زێدەترکردنی ھاوئاھەنگی و نێوان ھەرێم و ھەنگاریا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ھاوکات فراوانتکردنی ئەو پرۆژە مرۆییانەی کە بە سەرپەرشتی بەرنامەی ھاریکاری ھەنگاری لە عێراق و ھەرێمی کوردستان جێگیرکراون، کردنەوەی قوتابخانەیەک بەسەرپەرشتی ھەنگاریا لە ھەولێر، بایەخ و تایبەتمەندی زۆری ھەیە، تایبەت لە ڕوانگەی بایەخدان بە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا.

پیشاندانی پێگەی ھەرێمی کوردستان بە دونیای دەرەوە، بەتایبەت لە ڕووی ئارامی و ئاوەدانی و خوێندنەوەی لۆژیکییانە بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی، لە سیاسەت و ستراتیژییەت و دونیابینیی مەسرور بارزانی و کابینەی نۆیەمدا ڕەنگی داوەتەوە. سەردانەکەی سەرۆکی ھەنگاریاش جیا لەوەی خاڵێکی ئەرێنیی بەھێز و گرنگە، ھاوکات ئەو سەردانانە وەڵامدەرەوەی چەندین ئالنگاریی ناوەخۆیی و دەرەکییە، کە بە پیلان و بەرنامەی داڕێژراو، کاری بۆ کراوە، بە دروستکردنی کۆسپ و تەگەرە و لەلایەن ھەندێک دەوڵەتی ناوچەکە، بۆ حکوومەتی ھەرێم. لە ھەمان کاتدا، ئەو پەیامەشیان بە دەسەڵاتدارانی عێراق دا، کە ھەرێمی کوردستان، پێگە و بایەخ و تواناکەی لەوە گەورەترە، بە بڕیاری میزاجی و دەستلەپشدانی دەوڵەتانی ناوچەیی، فشاری بۆ بھێنرێت، بە پێچەوانەوە دەبێت حکومەتی نوێی عێراق، لە ئاست چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ھەرێمی کوردستاندا بێت، ھەوڵەکان زیاتر چڕ بکرێنەوە بۆ چارەسەری تەواوی ئەو ئارێشانەی کە لەنێوان بەغدا و ھەولێر ھەبوون.

پوختە

جیهانی سیاسەتی نوێ، دروستکردنی بەرژەوەندیی هاودەنگە و مانەوەی دەوڵەتانیش، بەندە بە مسۆگەرکردنی دانپێدانان، لە ڕێگه‌ی برەودانی پەیوەندیی دیبلۆماسی و سیاسی و ئابووری و سەربازی لەگەڵ وڵاتانی دیکە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە.

لەگەڵ ھەموو ئەوانەش، بەرژەوەندیی نیشتمانی، سیاسەت ڕوون و گشتگیری و تێگەیشتن لە دۆخە ھەستیار و گرنگەکان، وریایی لە مامەڵەکردن، پەیوەندییەکی دیبلۆماسیی ھاوسەنگ و یەکگرەوە پێدەکدەھێنێت، کە دەرەنجامەکانی مانەوە و پێشکەوتنی بەردەوامە لەو ئالنگارییانەی ڕووبەڕووی جیھان دەبنەوە.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.