Erbil 15°C چوارشەممە 17 نیسان 01:50

دیوێکی دیکەی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستان

فرسەت سەید شوكر
100%

ڕووداوی گیانلەدەستدانی (ژینا ئەمینی) ھەتا ئێستا و بەردەوام کاردانەوەی گەورە بەدوای خۆیدا دەھێنێت، لە سەر ئاستی ناوخۆی ئێران لە تاران و شارە گەورەکانی ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستان، خۆپیشاندانی گەورەی جەماوەری و مانگرتن و ھەڵوێستی توند بەدی دەکرێت، کە ئاراستەیان بەرەو شۆڕش و ڕووبەڕوونەوەی چەکداری گۆڕاوە.

 تا ئێستا، ڕووداوەکە ھێندە ئازاربەخش و دڵھەژێنە، ھەموو بیر و ئایدیا جیاوازەکانی ئێرانی لە یەک گۆشەدا کۆکردۆتەوە، حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئازادیخوازانی کوردستان و ئێرانیشی بەیەک گوتار و ھەڵوێست ھێناوەتە دەنگ.

ئەم کارەساتە دووبارە ڕووحیەتی شۆڕشگێریی و ئازادیخوازیی ڕۆژھەڵاتییەکانی زیندوو و قایم کردەوە، خۆپیشاندان و ھەڵوێستەکان گەیشتوونەتە ئەو ڕاددەیەی کە دەسەڵاتی ئێران بە ھەموو ھێز و تاقەتی خۆی بە زەبری چەک و سوپا ڕووبەڕووی خەڵکی بێ چەک و مەدەنی ببێتەوە بەڵام ھەموو ئەم فشارانە نەیانتوانیووە کە ھەستی بەرزی ناسیۆنالیزیمی و ھەڵوێستی مەزنی ڕۆژھەڵاتییەکانی لە ناوخۆی ئێران و دەرەوە و سەرانسەریی جیھان کەمبکەنەوە، لە ڕاستیدا ئێران بەھیچ شێوەیەک چاوەڕێی ئەم کاردانەوە بەر فراوانەی خەڵکی نەدەکرد کە لە مێژوودا وێنەی کەم بووە.

ھێرشە بەردەوامەکانی ئێران

ئێران لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتی بە ھاندەر و ھاوکاری مانگرتووان ناوبرد، ھەر زوو کەوتە تۆپبارانی بارەگای لایەنە سیاسییەکان (حیزبی دیموکرات-کۆمەڵە-پارتی ئازادی کوردستان) لە (کۆیە-زڕگوێز-پردێ) دەرەنجامەکەشی شەھیدبوونی چەندین پێشمەرگە و ھاونیشتمانییەکی لێکەوتەوە، دوا بە دوای ئەوەش ناڕەزایەتییەکان ھێندەی دیکە زیادیان کرد، ھێرشەکان لەڕێگەی مووشه‌كی دوورهاوێژ و درۆنه‌وه‌ چه‌ند جارێك ئه‌نجامدران.

مەرجەکانی ئێران

بەپێی دواین  سەرچاوەکانی ھەواڵ‌‌؛ فەرماندەی فەیلەقی سوپای قودسی ئێرانی ھەندێک  مه‌رجی بۆ حکومەتی عێراق و بەتایبەت ھەندێک لە بەرپرسانی به‌غدا دیاریكردووه‌، كه‌ ده‌كرێت به‌ قبوڵکردنی ئه‌و مه‌رجانە گوایە؛ هێرشه‌كان ئه‌نجام نه‌ده‌ن، مه‌رجه‌كانیش ئه‌وه‌یه‌:

یه‌كه‌م؛ ده‌بێت حیزبەکانی رۆژهه‌ڵات له‌ هه‌رێمی كوردستان چه‌ك بكرێن و دووه‌میش پێویسته‌ سوپای عێراق له‌ سنووره‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئێران جێگیر بكرێن.

ئێران و پەردە پۆشکردنی شکستەکان

لە ڕاستیدا ئێران بە ھەموو توانایەکی ھەوڵی دامرکاندنەوەی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی ئێران دەدات، تەنانەت لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێران زۆر بە سانایی و ئاسایی دۆخەکەی وەک خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ڕابردووی ئێران وەرگرت، بارودۆخەکەی لەدەست دەرچوو، خاڵی گرنگ و سەرەکیش ئەوە بوو کە ناڕەزایەتییەکان سەرتاسەری وڵاتی گرتەوە، تەنانەت لەو شار و ناوچانەی کە بە ناوەندی دەسەڵاتی ئێران ھەژمار دەکرێن،  ناڕەزایەتییەکان ھێندە بەرفراوان بوون کە ڕۆژھەڵاتییەکان و گەلانی دیکە لە ئێران ئەوەندە بە جدی و باوەڕەوە دەستیان داوەتێ کە بووەتە سەرئێشەیەکی گەورە بۆ حکومەتی ئێران، تەنانەت ھەندێک شار و ناوچە بەتەواوی دەکەوتنە دەست خۆپیشاندەران، کە ئەوەش لە مێژووی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوای ساڵی (١٩٧٩) کەم وێنە بووە لە ماوەی (٤٣) ساڵی ڕابردوودا کە نەیتوانیووە کۆنتڕۆڵی بکات.

لەماوەی خۆپیشاندانەکانی ئێران، لانیكەم زیاتر لە (٨٠) شار و شارۆچكەی گەورە و بچووكی ئێران دا خۆپیشاندان كراوە، بەپێی ئامارەکان، لە كۆتاییەكانی سێپتەمبەر، ناوەڕاست و كۆتایی ئۆكتۆبەر لە گەرمترین و بەربڵاوترین رۆژانی خۆپیشاندان بوون لە ئێران، بە جۆرێك كە لە (٢٦)ی ئۆكتۆبەردا لە زیاتر لە (٤٠) شارو شاروچكەی جیاوازی ئێران خۆپیشاندان كراون.

پیلانە پێشوەختەکان

ئێران ئامانجییەتی لەڕێگەی گیرۆدەکردنی ناوچە ئارامەکانی ھاوسنووری

 کێشەکان لەناوخۆی وڵات دووربخاتەوە، چونکە گەیشتووەتە ئەو ڕاستیەی کە بیانوویەکی وەھای لەدەست نەماوە بۆ ئازاردان و دروستکردنی ئاستەنگی بۆ ھەرێمی کوردستان ئیدی لەڕێگەی ئەم تاکتیکانەوە، ھیوایانە کە ڕێگەنەدەن بەشەکانی کوردستان لەسەر پێ خۆیان بووەستن، ئەمە پیلانی ھاوبەشی نێوان ئێران و تورکیایە، ڕەنگە شکستی حکومەتی ئێران لە ئیدرەدانی دۆخی ئێران و خراپی بارودۆخی دەسەڵاتدارانی تورکیا ھەل و مەرجێکی باش بێت کە ئەزموونی شکستخواردوو و خراپی خۆیان بۆ ڕاکێشانی سۆزی نەتەوە توندڕەوەکان بەکاربھێنن، چونکە لە یادمان نەچێت تاوەکو ئێستاش بەشێکی زۆر لە پارت و گرووپ و جووڵانەوەکانی ئێران و تورکیاش دژی بزووتنەوە کوردییە شۆڕشگێڕییەکانن، مەترسییەکەش ئەوەیە ناوچەیەکی بەڕێوەبەری بەھێزی ھاوشێوەی ئێستای ھەرێمی کوردستانیان لێ دروست بێت بەو واتایەی کە مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانیان دروست دەبێت لەکاتێکدا نەک پرسیار وەڵامەکە ئەوەیە؛ ھەرێمی کوردستان جگە لەپاراستنی سەقامگریی خۆی و خوازیاری پەیوەندییەکی تەندروست و ستانداردی نێودەوڵەتی، نەبووەتە بەشێک لە ململانێ ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.

تەنانەت ئەگەر بە وردی لە دۆخی (٣٠) ساڵی پێشووی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بڕوانین ھەرێمی کوردستان سەرچاوەی ڕاگرتنی جووڵانەوە چەکدارییەکان، بووە بەتایبەت لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان.

لەسەر ئاستی جیھانی

لەسەر ئاستی جیھانی ڕووداوەکانی ئێران بوونەتە پرسێکی نێودەوڵەتی بەردەوام حکومەت و کاربەدەستانی دەوڵەتانی زلھێز ھەر لە ئەمریکاوە، تا وڵاتانی ئەوروپا و ھاوسۆزان لەگەڵ دۆخی کورد سەرکۆنەی ڕووداوەکە دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا

ڕێخکراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکانی ئافرەت لەسەرانسەریی جیھان ھەڵوێستیان وەرگرت و ڕووداوەکەیان بە سووکایەتیکردن بە مافەکانی مرۆڤ وێنا کرد، ئەستێرە و بیرمەند و نووسەر و ھونەردۆست و کەسایەتییە بەناوبانگەکانی ئێران لە دەرەوەی ئێرانەوە پەیامی ھاوخەمیان بۆ مەرگی ژینا و ئێستاش شەھیدکردنی پیر و گەنج و ئافرەت و تەنانەت منداڵانیش بووەتە خەمێکی گەورەی جیھانی کە لە ڕەشبگیریی و شەھیدکردنی ڕۆژانەی ھاونیشتمانیانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانیەوە سەرچاوە دەگرێت.

ھەڵوێستی ئێران لە دواین شەڕی نێوان ڕوسیا و ئێران، پشتیوانی ئێران لە ڕوسیا، ڕووئیای وڵاتانی ئەوروپای بەرامبەر ئێران باشتر گۆڕیووە، ئەڵمانیا پێی وایە دەبێت سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنرێت، فەرەنسا دەیەوێت زیاتر پشتیوانی لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بکات، لەلایەکی دیکەوە، ئازەربایجان بە بە ئاشکرا داوای مافی ئازەرییەکان دەکات، ڕەنگە ھەڵوێستی ئەمریکاش ڕوون و ئاشکرا بێت کە سزای بەردەوام تا کۆتایھێنان بە دەسەڵاتی ئێستای ئێران، بەڵام خاڵی نێگەتیڤی نێودەوڵەتی بۆ ئازادیخوازانی ئێران (کات)ە لە ئێستادا ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەرقاڵی شەڕ و چارەسەەی ئارێشە سیاسیی و ئابوورییەکانن کە بەھۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیاوە دروستبوون، بەڵام ھەموو ئەمانەش نابنە بیانووی پشتگوێخستنی پرسی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان.

کۆتایی

وا چاوەڕوان دەکرا فشار و ھەڵوێستە توندەکانی خەڵکی ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستان پێداچوونەوەیەکی خێرای سیاسەتی ئێرانی پێوە بێت، چونکە وەک باسکرا ڕووداوەکە نەک لەسەر ئاستی ناوخۆ بەڵکو وەک پرسێکی جیھانی مامەڵەی دەکرێت، ئەگەرچی ئێران بە چەندین قۆناغی وەھادا تێپەڕیووە و سیاسەتی لەمەر پرسە ئاینی و سیاسییەکان نەگۆڕییوە، بەڵام وا مەزندە دەکرێت کە ئەمجارە گەلی کورد لە ڕۆژھەڵات ئاگادارییەکی وەھای ئێران بکەنەوە کە سیاسەتی خۆی بەرامبەر و کورد و گەلانی دیکەی وڵاتەکە بگۆڕێت و چیدیکە لە ڕێگەی زوڵم و ستەمی نامرۆڤانەوە خەڵکی شارەکانی ئێران بە ھەموو بیر و ئایدیا جیاوازەکانەوە ڕووبەڕووی سزایی دڕندانە نەکاتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئێران ھێشتا باوەڕی بە پێداچوونەوە نەکردووە ھێشتاش سیاسەتێکی دژبەر لەگەڵ سیاسەتی نێودەوڵەتی و ماف و داخوازییە نەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکان پەیڕەو دەکات، لە ڕاستیدا بەھێزبوونی جووڵانەوەکانی ئێران بەندە بە دوو خاڵ سەرەکی و گرنگ لە ئێستادا:

یەکەم: یەکگرتووی و کۆدەنگی حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەتایبەت حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە و پارتی ئازادی کوردستان و حیزبەکانی دیکە، یەکھەڵوێستی لە جووڵانەوە و کردارەکان و ڕوئیا و دیدگایان بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئێستای ئێران.

دووەم: زیادکردنی پشتیوانییە نێودەوڵەتیەکان، بەبێ پشتگیری نێودەوڵەتی ناڕەزایەتییەکان ڕەنگە لە قۆناغێکدا بە دەسەڵاتێک لە ھەموو توانا داراییەکانی لە دروستکردنی چەکی وێرانکەر دروستکردووە و خەڵکەکەی برسی کردووە سەرکوت بکات، بەڵام پشتیوانییە نێودەوڵەتیەکان بە پتەوپردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییە خێراکان و نیشاندانی تاوانە بەردەوامەکانی حکومەتی ئێران بە دونیای دەرەوە و بەدەستھێنانی دەرەنجامێک کە لە ئاست خواست و داواکارییەکانی ڕۆژھەڵات و کوردستانیان بێت.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.