Erbil 15°C سێشەممە 23 نیسان 17:54

ڕۆژی جاڕدانی نێودەوڵەتی داگیرکردنی کوردستانە

ئەو بۆنەیە بۆکورد لەباشووری کوردستان وبگرە بۆتەواوی کوردستان ڕۆژێکی ڕەشە
ئازاد جندیانی
100%

 3/10/1932 ڕۆژی جاڕدانی نێودەوڵەتی داگیرکردنی کوردستانە

ئازاد جندیانی

سبەی (٣ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، ساڵڕۆژی بەئەندامبوونی دەوڵەتی عیراقە لەکۆمەڵەی گەلان (٣ /١٠ / ١٩٣٢) کە هاوکاتی کۆتاییهاتنی ماندێتی (ئینتیداب)ی بەریتانیایە بەسەر دەوڵەتی دروستکراوی پاشایەتی عیراق ؛کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان، ئیدی لەوڕۆژەوە سەروەری وەدەستهێناو بووە دەوڵەتێکی تەواو سەربەخۆ.

بەڵام، ئەو بۆنەیە بۆکورد لەباشووری کوردستان وبگرە بۆتەواوی کوردستان ڕۆژێکی ڕەشە، چونکە بوونی عیراق بە دەوڵەتێکی سەربەخۆو سەروەر و دانپیانراو لەلایەن کۆمەڵەی گەلانەوە، ئیدی ئەمە بەمانای ڕەوایەتی بەخشینی (ناڕەوای) نێو دەوڵەتی بوو بەداگیرکردنی ئەو بەشەی کوردستان (باشوور) و ئیدی لەوەبەدواوە دەرگا لەسەر هەموو هەوڵ و داخوازیێکی کورد بەتەواوی داخرا، کە وەک نەتەوەو نیشتمانێکی داگیرکراو داوای مافی سەروەربوونی خۆی بکا. نەک هەر هێندە ئیتر لەناو ئەو دەوڵەتەداو بەپشتیوانی بەریتانیا و دواتر زلهێزەکانی تریشەوە، هەموو هەوڵێک چ بەنەرمی و چ بەئاگروئاسن و کوشتاریشەوە درا تا کورد، داگیرکردن و ژێردەستەبوون وەک قەدەرێکی سەپێنراوو چەسپاوی نێودەوڵەتی قبوڵ بکاو ڕێی توانەوە لەناو نەتەوەی عەرەبدا (لەبەشەکانی تریشدا لەناو نەتەوەکانی فارس و تورک) بەتاکە ڕێگای قبووڵکراو ببینێ . بەڵام خۆشبەختانە کورد، بەهەموو شێوازەکانی بەرەنگاری و بەرخۆدان تا ئەم ساتەوەختەش ئەو قەدەرەی ڕەتکردەوە، هەرچەندە بەزۆر دۆخی توندوتیژو خوێناویشدا تێپەڕیووە.

لێرەدا، ئەبێ ئاماژە بەوەش بدەم لەڕێکەوتنی (لۆزان)ەوە، کە بەهۆیەوە (سیڤر) هەڵوەشایەوەو دواتریش بەریتانیاو کۆمەڵەی گەلان لە (١٩٢٦)دا لەسیناریۆیەکی گوماناویدا ویلایەتی موسڵیان بە دەوڵەتی دروستکراوی عیراقەوە لکاند و گرێدا، کە هەموو باشووری کوردستان بە کەرکوکیشەوە بەشێک بوو لە ویلایەتی موسڵی عوسمانی. بەڵام بەدەر لە کێشەی موسڵیش، ناوچەکانی خانەقین و گەرمەسێر بەقازانجی عیراق یەکلاببووەوە، چونکە ئەوناوچانە (خانەقین و گەرمەسێر) سەربە ویلایەتی بەغدای عوسمانی بوون و بەشێک نەبوون لە دۆسیەی ( کێشەی موسڵ) کە لەنێوان بەریتانیاو تورکیادا ماوەیەکی زۆر کێشمەکێش و هەروەها دان وستانی لەسەربوو.

لەڕاستیدا لەو مێژووەوە زەمینەسازی بێبەشکردنی کورد ( باشوور) کرابوو تا لە هەموو ئەو مافانە بێبەش بکرێ ؛ کە لە( سیڤر) داهاتبوون . بەڵام دواجار ؛ کە دەوڵەتی پاشایەتی عیراق ؛ بەجوگرافیای ئێستایەوە بەفەرمی وەک دەوڵەتێکی سەروەر دانی پێدانرا ؛ ئیتر کورد ( باشوور ) تادوای پتر لە هەفتاساڵ ؛ لەهەموو ڕەهەندە جیاجیاکانەوە لەژێرجەوروستەمی داگیرکردندابوو . بەڵام وەک جاری تریش ووتوومە ؛ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ( ٢٥ / ٩ / ٢٠١٧ ) تیۆرییەکی نوێی سەربەخۆیی باشووری کوردستانی بەرهەمهێنا ؛ کە تەفسیرکردنەکانی ئەوانی تری هەر لە ( کۆمەڵەی گەلان ) و( بەریتانیا ) و ( دەوڵەتی عیراقی ئەوساوە) تا تەفسیرەکانی ئێستای نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوشێوەکانی و عیراقی ئێستاو بەریتانیاو ئەمریکاو زلهێزەکانی تری دنیاو ناوچەکە ڕەتکردەوەو بەهەمووانی ووت : ئیتر کورد خۆی بۆی هەیە مافەکانی خۆی تەفسیر وپێناسە بکا نەک ئەوانی دیکە.

بۆیە، سبەینێ (٣ / ١٠ ) بۆکورد بیرهێنانەوەی ڕووداوێک و ڕۆژێکی شووم و تاریک ونەگبەتە و کەسیشمان ناچارنین لەدەرەوەی بۆنەیەکی کارەساتباردا یادی بکەینەوە . من خۆم بیرهێنانەوەی ئەو ڕووداوە ؛ وەک سەرلیستی ڕووداوە تراژیدییەکانی نەتەوەکەم هەژمارەکەم و هەر ئەوەندە بەڕەوای خۆم ئەبینم کە نەفرەتی لێ بکەم ؛ چونکە ئەمە تۆماری داگیرکردنێکی نوێ چەشنی دڕندانەیە ؛ لەبابەتی تیۆرییەکەی مامۆستا بێشکچی ؛ کە ئەوستایلە لەداگیرکردن بە کۆلۆنیالزمی نێودەوڵەتی ناودێر کردووە .

ئەمە هیچ پەیوەندی و ڕایەڵێکی ئەخلاقی بۆ منی کوردو تۆو ئەوانی تری کوردەوە تێدانیە ؛ چونکە:

ئەمە ڕۆژی جاڕدانی داگیرکردنی کوردستانە .

هەولێر

٢ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.