Erbil 15°C پێنجشەممە 18 نیسان 19:22

ھەنگاوەکەی ڕوسیا و فراوانبوونی ئاڵنگارییەکان

فرسەت سەید شوكر
100%

ھەنگاوەکەی ڕوسیا و فراوانبوونی ئاڵنگارییەکان

فرسەت سەیدشکور

ڕۆژی هەینی 30-9-2022، ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رێککەوتنی لکاندنی لوهانسک، دۆنێتسک، زاپۆریژیا و خێرسۆنی بە وڵاتەکەیەوە واژۆکرد، ھەنگاوەکەی پووتین دوای ئەوە ھات، کە ڕوسیا لە چەند ناوچەیەکی ئۆکرانیا تووشی شکستی سەربازیی ھات بەتایبەت لە ناوچەکانی خارکێڤی دووەم گەورەترین شاری وڵاتەکە و دەوروبەری، پووتین وەک دژە ھێرشی سیاسیی ھەر زوو لە ماوەی ڕۆژانی 23 تاوەکو 27ی مانگ گشتپرسییەکی لەو چوار پارێزگایەی ئۆکراینا ڕاگەیاند، بەپێی دەرەنجامەکانی گشتیرسییەکەش %94ی بەشداربووان دەنگیان بە (بەڵێ) بۆ جیابوونەوە لە ئۆکراینا دا.
ئەگەرچی نەتەوە یەکگرتووەکان ھەر زوو ئەنجامەکانی ئەم ھەڵبژاردنەی بە ساختە ناوبرد و بە ھەڕەشە لەسەر ئاسایشی جیھانی وێنای کرد، لەگەڵ ئەوەش بەپێی دەستووری نەتەوە یەکگرتووەکان بەکارھێنانی ھێز یاخود ھەر ھەڕەشە و پێشلکارییەک بەرامبەر بنەماکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێلکاریی ڕوون و ئاشکرایە.
دوای راگەیاندنی لکاندنی چوار ناوچەکەی ئۆکراینا بە رووسیاوە لەلایەن سەرۆکی رووسیاوە، جۆ بایدن هۆشداری دایە بایدن  لەوەی ناتۆ بەرگری لە هەر بستێکی خاکی ئەندامەکانی دەکات. 

ھەروەھا لە ھەڵوێستی یەکێتی ئەوروپاشدا ھاتووە کە ئەوان "بەبێ دوودڵی ئەنجامی ریفراندۆمەکە تووند ڕەتدەکەنەوە و سەرکۆنەی بڕیارەکەی روسیا دەکەن سەبارەت بە لکاندنی نایاسایی ناوچەکانی دۆنێتسک و لۆهانسک و زاپۆرێژیا و خێرسۆنی ئۆکرانیا بە خاکی وڵاتەکەیەوە".
دەشڵێن، ئەم بڕیارە بە لەبەرچاوگرتنی یاسا نێودەوڵەتییە بنچینەییەکان سەربەخۆیی و سەروەری ئۆکرانیای پێشێل کردووە و یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەزاندووە، روسیا ئاسایشی جیهانی خستووەتە بەر مەترسی.

 بەڵام ڤیلادیمیر پووتین، ئەوەی نەشاردووەتەوە کە ئەوان بە ھیوای گەڕاندنەوە نین بۆ سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتی زلھێز بەڵام لە ھەنگاوەکانیان بۆ فراوانکردنی ھەژموون و پێگەیان سڵ ناكەنەوە و ھەموو ڕێگەیەک دەگرنەبەر.

ئەم بڕیارانەی "پووتین" مەترسییەکی گەورە لەسەر داھاتووی پەیوەندییەکانی ڕوسیا لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا دروست دەکات، بەوپێیەی ڕەنگە ئەم دوا ھەنگاوی پووتین نەبێت لە دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکانی ئۆکراینا لەڕێگەی گشتیرسی و یاساوە، ئەوەی جێگەی مەترسییە کە وڵاتانی ھاوکاری ئۆکراینا ھەر ھەنگاوێک دژی ڕوسیا بنێن بە ھەوڵدان بە گێڕانەوەی ئەو شوێنانەی ئۆکراینا لە دەستی چوون مەترسیی جەنگە ھێندەی دیکە زیاتر دەبێت و پێدەنێتە شەڕێکی نوێی جیھانی، چونکەی ئیدی بۆ ئەوروپا و ئەمریکاش ئەم ھەنگاوانەی پووتین شیاوی قبوڵ نین.

مەترسییەکی دیکە؛ ڕوسیا ئێستا لە دۆخی ناھەمواری خۆیدایە، بەشێوەیەک لە لێواری سەرکەوتن یان شکستدایە، لە ئەگەری شکستی ئەو ژمارە گەورەیەی جیھان نامێنێت و ئیدی ھەڕەشە و ھەنگاوەکانیشی وەک پێویست ھەژماریان بۆ ناکرێت بۆیە لەم قۆناغە ڕوسیا ھەموو ھەنگاوێکی سیاسیی و سەربازیی خۆی لەپێناوی مانەوەو ھەژموونی خۆیدا دەدات، بە دڵنیاییەوە پڕیشکی ھەنگاو و جووڵەکانی کاریگەری لەسەر تەواوی جیھان جێدەھێڵێت.

گرنگی ئۆکراینا بۆ ڕوسیا

"ئۆکراینا" نەک بۆ ڕوسیا بۆ ھەموو جیھان گرنگی و تایبەتمەندی خۆی ھەیە، گرنگی ئۆکراین دەگەڕێتەوە بۆ (یەکەمینی یەدەگی نەوتی-یەدەگی تیتانۆمی خاو-یەدەگی مەنگەنیز-یەدەگی ئاسنی خاو-یەدەگی جیوەی خاو-خاکی کشتوکاڵی بەھێز-ھەناردەکردنی زەیت-ھەناردەکردنی جۆ-سەرچاوەی گەنمەشامی-بەرھەمھێنەری پەتاتە-بەرھەمھێنەری ھەنگوین-ھەناردەکردنی گەنم-بەرھەمھێنانی ھێلکە-ھەناردەی پەنیر-وزەی ئەتۆمی-درێژی ھێڵی ئاسنین-خۆڵ بۆ فرۆشتن), ئەم ھۆکارانە وایکردووە کە نەک ڕوسیا تەواوی ڕۆژئاواش چاویان لە گرنگی ئۆکراین بێت، بە تایبەت ئۆکراین یەکەم گەورەترین ووڵاتی ئەوروپایە، تەنانەت لە فەرەنساش گەورەترە و لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە ناوچەیەکی ستراتیژی گرنگە بۆ ئابووری و سیاسەت و سەربازیی و گۆڕانکارییە جیھانییەکان.

بەپێی ئامارەکان، هاوڵاتیانی سڤیل لە ئۆکرانیا زیانمەندی سەرەکی بوون: پێنج هەزار و 587 کەس گیانیان لەدەستداوە، پێدەچێت ژمارەی ڕاستەقینەی ئەو کەسە لە دەیان هەزار کەس تێپەڕبووبێت،
ژمارەی پەنابەرانیش کە بەھۆی مەترسییەکانی جەنگەکەوە وڵاتەکەیان جێھێشتووە گەیشتووەتە 6 ملیۆن و 600 هەزار کەس.  
زیانی سەربازی لە ھەردوولا لە ئاستێکی مەترسیداردایە، بەپێی ئاماری سەرچاوە سەربازییەکان: نزیکەی 9 هەزار ئۆکراینی و 25 هەزار ڕووسی تا ئێستا بەھۆی جەنگەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

پوختە

ئەم پێشھاتە نوێیانە لە چاوەڕوانی دوو ئەگەری سەرەکیدان؛
١- تەنھا سەپاندنی ھەندێک سزا لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر ڕوسیا و پووتیندا، کە ئەمەیان کاریگەرییەکەی ھێندە نابێت، ڕوسیا ئامانجەکانی ھێدی ھێدی دەپێکێت، ھەروەک چۆن سیاسەتی ڕوسیا سیاسەتێکی ھێواش و لەسەرخۆیە، بۆ سەپاندنی ھەژموونی خۆی ئەگەر ساڵانێکی زۆریش پێوە بێت، کێشەی نییە واتا بە ئامانجی درێژخایەن کاردەکات.

٢- ئەگەری ڕوودانی جووڵەی سەربازیی لەلایەن وڵاتانی ناتۆ و خۆرئاواوە کە ئەمەی دواییان جیھان دەباتە قۆناغێکی نوێی شەڕی جیھانی، تەنانەت مەترسییەکان ڕەنگە بگەنە ئەو ڕاددەی کە چەکی بەھێز و وێرانکەری تێدا بەکاربێت.
 

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.