Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 15:33

لێکەوتەکانی سەردانەکەی بایدن بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست

فرسەت سەید شوكر
100%

لێکەوتەکانی سەردانەکەی بایدن بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست

فرسەت سەیدشکور

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەردانێکی چەند ڕۆژە گەیشتووەتە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لە ئیسرائیل چەندین کۆبوونەوەو دیداری ھەبوون، بایدن یەکەم سەرۆکی ئەمریکایە کە لە ئیسرائیلەوە دەچێتە سعوودییە، ئەمەی دوایی گۆڕانکارییەکی چاوەڕواننەکراوە، ئەگەرچی ھەمووان پێیانوابوو، کە دوای کوژرانی ڕۆژنامەنووس (جەمال خاشوقچی) پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان ئەمریکاو سعودییە زیاتر لاواز دەبێت، بەڵام وا دیارە کاریگەریی بەرژەوەندییە ئابووریی و ئەمنییەکان، ئەم ئەگەرەیان ڕەواندووەتەوە، 
لێکەوتەکانی جەنگی ڕووسیا و ئوکراینا بە سەر ئەوروپاوە ھەر لە گرانی نرخی شتومەک و ھەڵاوسانی بازاڕ و گۆڕانکارییە خێراکان لە نرخ و شێوازەکانی فرۆشتنی نەوت بایدنی ناچار کرد کە بگەڕێتەوە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

"ئەجێندای سەردانەکەی بایدن بۆ ناوچەکە"

1. خاڵێکی سەرەکی و گرنگ بە بەپێی ڕاپۆرتێکی (زە تایمز ئۆف ئیسرائیل) بایدن لە سەردانەکەی هەوڵی جدی دەدات کە زەمینەیەکی ڕێخۆشکەر بۆ نزیکبوونەوەی سعوودیە و ئیسرائیل بکات لە چوارچێوەی پەیمانی ئیبراهیم (ئەبرەهام)ی نێوان ئیسرائیل و عەرەبەکان ئەمەی دوایی تا ڕاددەیەک خواستی ھەردوو دەوڵەتە.

2. پێکھێنانی (ناتۆی عەرەبی) بۆ داتەپاندنی زیاتری ئابووری ئێران یەکێکی دیکەیە لە خاڵە سەرەکییەکانی سەردانەکە بایدن، چونکە تا ئێستا بەپێی ھەموو شیکردنەوە و ئەگەرەکان ئەمریکا بە دروستی سەرکەوتوو نەبووە لە لاوازکردنی پێگەی ئێران لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە.

3. بایدن ئارمانجییەتی؛ لە ڕێگەی کۆتایھێنان بە جەنگی یەمەن، ئاشتەوایی بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو وڵاتە، لەپاڵ ئەوەش ھەیمەنەو ھەژموونی خۆی دووبارە لە ناوچەکە بۆ جیھان بسەلمێنێت.

4. دەستلەپشدانی فەڵەستین لەلایەن بایدنەوە خواستێکی دیکەی بایدنە، بۆ «قووت» کردنەوەی دەسەڵاتی فەڵەستین بەرامبەر ئێران، ئەمەیان بە دروستی پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسیی و دیپلۆماسییەکانیەتی لەگەڵ فەڵەستین. 
5. ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ سووریا یەکێکی دیکە لە ئارمانجییە سەرەکییەکانی سەردانەکەی بایدن بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بایدن خواستی ئەوەی نییە کە سوریا ھێندەی دیکە بکەوێتە ژێر کاریگەریی ئێران و ڕوسیا و تورکیا، دەیەوێ لە ڕێگەی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ سووریا جێپێی خۆی لە سووریا قایمتر بکات وەک ئەوەی ئێستا ئیمارات دەیکات.
6. ترسی تیرۆر؛ ئەگەرچی داعش لە کۆتاییدایە و سەرچاوە سەربازیی و داراییەکانی داتەپیووە، بەڵام ئەمریکا نایەوێ چیدیکە سەرقاڵ بێت بە شەڕی تیرۆرەوە، خواستیەتی لە ڕێگەی ھاوکاریکردنی سەربازیی و پاڵپشتیی دارایی وڵاتەکانی پێوەندیدار بە پرسی گەورەبوونی تیرۆر، بەھێزبوونەوەی داعش ڕابگرێت، پرسی تیرۆر یەکێک لە گرنگترین ئەو دۆسیانەی کە بەلای سەرۆکی ئەمریکاوە لەسەردانەکەیدا ڕەنگیداوەتەوە.

"کاریگەریی سەردانەکە لەسەر عێراق"

لەگەڵ ئەوەی عێراق بەشێک نییە لە سەردانەکەی (جۆ بایدن) بەڵام دۆخی چەقبەستووی سیاسیی ئێستای عێراق و نەبوونی حکومەتێکی تەواو یەکگرتوو و بەھێز، ھۆکارێک ناھێڵێنەوە بۆ ئەوەی بایدن عێراق بخاتە نێو گفتوگۆکانی بەڵام لەلایەکی دیکەوە کاریگەرییەکی نەرێنی بە لێڵی دەردەکەوێ بەو پێیەی کە بە ئەگەر هەناردەی نەوتی سعودیە زیاد بکات، ڕاستەوخۆ ھۆکارێک دەبێت بۆ دابەزینی نرخی نەوت و زەمینەسازی بۆ نزیکبوونەوەی سعودیەو ئیسرائیل و، بەهێزکردنی بەرەی دژی ئێران.  

لەبارەی ھەرێمی کوردستانەوە؛

ھەروەک عێراق، ھەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە ئەجێندا سەرەکییەکانی سەردانەکەی بایدن بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام لەپاش ھێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ھەولێری پایتەخت و میلیشیاکانی عێراق کۆشکی سپی پابەندی بە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، چەندین جاریش داوای ڕێککەوتنی کۆنکرێتیی نێوان ھەرێمی کوردستانی لەگەڵ عێراق کردووە.
لەلایەکی دیکەش خواستی داپڵۆسینی داعش  و تیرۆر بە گشتیی لەڕێگەی پاڵپشتیی کردنی دارایی و لۆجیستیکی ھێزەکانی پێشمەرگە یەکێکی دیکەن لەو ھۆکارانەی کە لەو بڕوایەمان دەگەینێت کە لە نێو ئەو ھەموو کێشمەکێشم و ئاڵنگارییە سیاسیی و سەربازیی و ئابوورییانەی ناوچەکە کورد بەشێکە لە ئارمانجەکانی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە، لەم ڕوانگەیەوە چۆنیەتی خۆگونجاندنی ھەرێم لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کورد گرنگە.

لەبارەی ئێرانەوە؛

ڕاستەوخۆ دوای گەیشتنی بە ئیسرائیل، دیالۆگێکی بایدن لەگەڵ میدیای ئیسرائیلی بڵاوکرایەوە، بایدن لەو چاوپێکەوتنە دەڵێت؛ "پێویستە ئەمریکا بگەڕێتەوە نێو رێککەوتنی ئەتۆمی، رێککەوتنێک، کە ئیسرائیل لە دژی ئاسایشی خۆی دەیبینێت."
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، "تاکە شت کە خراپتر بێت لەو ئێرانەی کە ئێستا هەیە، ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمییە. ئەگەر ئێمە بتوانین بگەڕێینەوە نێو رێککەوتنەکە، دەتوانین باش بیانوەستێنین، سەرۆکی ئەمریکا ئەوەی خستەڕوو، وڵاتەکەی ئامادە نییە سوپای پاسدارانی ئێران لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت، تەنانەت ئەگەر ئەوە ببێتە هۆی لەنێوچوونی تەواوەتیی رێککەوتنی ئەتۆمی، ھاوکات لە تارانەوە، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای لە ئەمریکا کرد، سیاسەتی خۆی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگۆڕێت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەشی راگەیاندووە، "ئیدارەی ئەمریکا و سەرۆکەکەی کە رایانگەیاندووە بە هاندەری ئاشتی و سەقامگیرییەوە سەردانی ناوچەکە دەکەن، پێویستە پێداچوونەوە بە سیاسەتی دەرەوە و ناوچەیی خۆیاندا بکەن، ئەوەش لەڕێگەی تێڕوانین لە رای گشتیی ناوچەکە و گۆڕینی هەڵسوکەوتیان و کۆتایی بە سیاسەتی پشتیوانیکردن لە قەوارەی زایۆنی بهێنن."

پوختە

بێگومان، سەردانەکەی بایدن بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست مەرامی گەورەتری لەپشتە و دووبارە پابەندکردنەوەی ئەمریکایە بە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا لەم ڕێگەیە بە ئاستەنگی زۆردا تێدەپەڕێت، چونکە ئەو تەنگژانەی کە لەناوچەکە دێتەڕێی ڕەنگە لە ئەوروپا و ووڵاتانی دیکە بۆی نەیەتەڕێ، ئەمریکا وای دەبێنێت کە بەھۆی دەسەڵاتی ئێران و کاریگەرییە سەربازییەکانی ڕۆڵ و پێگەی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لاواز بووە، بۆیە لەڕێگەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسیی و ئابوورییەکانی خۆی لەگەڵ ھەریەکە لە (ئیسرائیل، سعودییە، ئیمارات، میسر، وڵاتانی دیکەی کەنداو) سنوورێک لە پێگەی ئێران بە نمرەی یەک و ڕووسیا بە نمرەی دوو دابنێت، لەو ڕێگەیەشەوە بە دروستی پەیامێک دەداتە (چین) کە حاکمی ڕاستەقینەی جیھان ئەمریکایە نەک ھەر ھێزی دیکەیە، ڕەنگە سنووردانان بۆ جووڵەکانی چین لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئارمانجێکی شاراوەی گەڕانەکەی بایدن بێت لە ناوچەکە.

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.