Erbil 15°C سێشەممە 23 نیسان 16:10

بۆچی هەولێر كراوەتە ئامانج؟

فرسەت سەید شوكر
100%

بۆچی هەولێر كراوەتە ئامانج؟

فرسەت سەید شکور

شەوی ڕابردوو، ٨ی ٦ی٢٠٢٢ ، دەنگێکی گەورە و بەھێز لەسەر ڕێگەی پیرمام - ھەولێر بیسترا، ناوە ناوە لێکدانەوەی جیاواز بۆ ڕووداوەکە دەکرا، دواتر دەرکەوت دیسان ھێرشێكی درۆنی بۆ سەر شوێنیكی مەدەنیی هەولێری پایتەختی كوردستان و دیسان قوربانیەكان خەڵكی سڤیل و كاسبكار، دیسان نەیاران و دوژمنانی كورد و كوردستان شارە ئارامەكەی هەولێریان كردووەتە ئامانج.

سەرەتا و کاردانەوەکان

ھەر زوو دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دڵنیاییان بە خەڵکی کوردستان دا. ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا و نەتەوە سەرکۆنەی ڕووداوەکەیان کرد و بە ”کارێکی تیرۆریستی“ لەقەڵەمیان دا و بە ھێرشێکی مەترسیدار بۆ سەر ھەولێر و خەڵکەکەی وەسفیان کرد.

ھێرشەکە لە ڕێگەی درۆنەوە كراوە

بەشێک لە میدیاکانی (حەشدی شەعبی) و گرووپە میلیشییاییەکانی عێراق، ھەر زوو ھێرشەکەیان خستە ئەستۆی گرووپەکانیان، وەک ئاھەنگ و سەرکەوتن لەم کردەوە تیرۆریستییەیان دەڕوانی؛
ھەتا، ئاژانسی هەواڵی (فارس)ی ئێران ڕایگەیاندووە؛ لە هێرشەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر هەولێر، کە لە ڕێگای درۆنەوە ئەنجام دراوە، تیمێکی پلەبەرزی مۆساد بە ئامانج گیراوە،
ئەوە بە یەکەم لێدوان دادەندرێت لە ئێرانەوە، لەسەر هێرشەکە.

ئاژانسە ئێرانییەکە ئاماژەی بە لایەنی ئەنجامدەری هێرشەکە نەکردووە، باسی لە قوربانییەکانیش نەکردووە. بەڵام ئەو زانیارییانە وەک دەردەکەوێت بێ بەڵگە و ناوەڕۆکن، چونکە لەو کاتەی بە مووشەکی (بالیستی) ئارامی و سەقامگیریی ھەولێر و چەند شوێنێکی سڤیلنشینیان بە ئامانج گرت، ھەر زوو گوترا: ”بۆ پێگەکانی ئیسرائیل بووە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە لە ئاستی باڵا لە حکوومەتی عێراق، دەرکەوت ھیچ پێگە و ناوەندێکی ئیسرائیل لەو شوێنە نەبووە و ھەموو تۆمەتەکانی ئێران پووچەڵ بوونەوە.“


نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامى) رایگەیاند، ئەگەر تاوانبارانى ھێرشەکەى سەر شاری هەولێر ناسراون، پێویستە دەستنیشان بکرێن و سزا بدرێن، دەشڵێت: "عێراق پێویستى بە فەرمانڕەواى چەکدار نییە."
یونامى ئاماژەى بەوە داوە، درۆنێکى بۆمبڕێژکراو رێگەى هەولێر- پیرمامى کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە بریندار و زیانى لەنێو هاووڵاتییانى مەدەنى لێ کەوتەوە. هێرشەکەشى بە کارێکى (لادەر) ناو بردووە.

یونامى دەڵێت: "وەک ئەوەى پێشتر گوتوومانە، عێراق پێویستى بە فەرمانڕەواى چەکدار نییە، کە بەزۆر خۆیان وەک سەرکردە دەسەپێنن، جەختکردنەوە لەسەر دەسەڵاتى دەوڵەت کارێکى بنەڕەتییە، ئەگەر تاوانکاران ناسراون، پێویستە دەستنیشان بکرێن و سزا بدرێن."

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەبارەی ھێرشی درۆنی بۆ سەر خەڵکی سڤیلی ھەولێر، پەیامێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، كە لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە تەلەفۆن گفتوگۆیان دەربارەی هێرشی درۆنی بۆ سەر خەڵکی سیڤلی هەولێر کردووە. هەماهەنگییەکی باشیش لەنێوان هەولێر و بەغدا ھەیە، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی کەس و گرووپە لەیاسا دەرچووەكان.

لەدوای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10 ـی 10ـی 2021، دۆخی سیاسیی عێراق بەرەو چەقبەستوویی ھەنگاوی نا، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی سەر بە ئێران لە ھەڵبژاردنەکە پاشەکشەی گەورەیان کرد. دواتر زیادکردنی فشارەکانی دەوڵەتە ئیقلیمییەکان، بە ناوی دادگا و یاساوە، ئێستاش بە مووشەک و ھێرشی چەکداری، دەچێتە یەک قاڵبەوە، کە ئەویش ملکەچکردنی (ھەرێمی کوردستان) و لایەنە سیاسییە براوەکانە، بە کەمینەکەیەکی شکستخواردوو، کە لەلایەن ڕای گشتیی عێراقییەوە ڕەت کراونەتەوە.

ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر چاوەکان لەسەر ھەولێرن، بەتایبەت وەک ناوەندێکی گەورەی بڕیار و یەکلاییکەرەوە لە ڕووی سیاسی و دیبلۆماسی، بەھەند وەرگرتن و خوێندنەوەی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری کێشە چارەنەبووەکانی عێراق و ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی ئەوڕۆی ھەولێر، کە وەک دەوڵەتێکی بچووکی پێکەوەژیانی ئاشتییانە چاوی لێ دەکرێت، ڕەنگە لەلای ھەندێک ھێزی سیاسی و میلیشیاکانیان ھەرس نەکرێت.

کاردانەوەی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش تا ڕاددەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرایە، بەو پێیەی ئەوان پاڵپشتی لە سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان دەکەن و ئامانجی گرووپە میلیشییەکانیشیان لێ ڕوونە، لە ڕاگەیەندراو و لێدوانەکانیان وەک کردەوەیەکی تیرۆریستیی دەیخوێننەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتیی سەرەکیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، لەپێناو مانەوە و بەرقەراربوونی ئاسایش و ئارامییەکەی، وەک ناوەندێکی گەورەی ڕووبەڕوونەوەی ئالنگارییە ئیقلیمییەکان.

بەم هێرشەی شەوی رابردوو، لە ماوەی نزیکەی یەک ساڵ و نیوی رابردوودا، 12 جار هێرش کراوەتە سەر شاری هەولێر و دەوروبەری.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.