Erbil 15°C ھەینی 19 نیسان 10:13

ڕه‌هه‌نده‌کانی کۆچ

ده‌وڵه‌تانی هه‌زار ساڵه‌ی وه‌ک ئێران و تورکیا و میسر، به‌ ئه‌وروپا به‌راوورد ناکرێت
بەسام عەلی
100%

له‌ کاتێکدا خوێندنه‌وه‌ بۆ هۆکاره‌کانی کۆچ ده‌کرێت، ته‌نها جه‌خت له‌ ڕه‌هه‌ندی ئابووری ده‌کرێته‌وه‌.
کۆچ ته‌نها په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ ڕه‌هه‌ندی ئابوورییه‌وه‌، له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی ژیان له‌سه‌ر زه‌وی کۆچکردن هه‌یه‌.
مرۆڤ له‌ کاتێکدا کۆچده‌کات به‌ دوای ژیانێکی شایسته‌تردا ده‌گه‌ڕێت.


شایسته‌تر له‌ ڕووی ئاسایش ئارامی و سه‌قامگیر تر، ئابوورییه‌کی باشتر و ژیانێکی ئازادتر، ژیانێک داهاتووت ڕوونتر لێوه‌ دیار بێت.


له‌ حه‌فتاکان و هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، باری ئابووری عێراق زۆر باش بوو، به‌ڵام کۆچ به‌ هۆکاری ڕه‌هه‌ندی ئاسایش و سه‌قامگیری بوو، هه‌ڵاتن بوو له‌ ده‌ستی ڕژێمێکی خوێنڕێژ.
ته‌نانه‌ت له‌ ئێستاشدا ئه‌و که‌سانه‌ی کۆچده‌که‌ن، ژیانیان له‌ناو هێڵی هه‌ژاری نییه‌، و خه‌رجی ڕێگا زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ به‌ هه‌ژارێک دابین بکرێت.
کۆچ ته‌نانه‌ت له‌ نێوان ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوادا هه‌یه‌، له‌ نێوان مه‌کسیک و ئه‌مریکا هه‌یه‌.


چه‌ند ملیۆن هاوڵاتی تورکیا له‌ ئه‌وروپا ده‌ژین؟ چه‌ند ملیۆن هاوڵاتی لوبنانی؟ چه‌ند هندی و چه‌ند پاکستانی و چه‌ند ئێرانی؟
ڕاستییه‌ک هه‌یه‌، ژیان له‌ ئه‌وروپای ڕۆژئاوا، ژیانێکی شایسته‌تره‌، سه‌رجه‌م سێکته‌ره‌کان له‌ ئه‌وروپا به‌ هه‌رێمی کوردستان به‌راوورد ناکرێت.


ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تانی هه‌زار ساڵه‌ی وه‌ک ئێران و تورکیا و میسر، به‌ ئه‌وروپا به‌راوورد ناکرێت.
ویستی کۆچ له‌ هه‌موو جیهانه‌وه‌ بۆ ئه‌وروپا هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت ویستی کۆچ له‌ نێوان ده‌وڵه‌ته‌ ئه‌وروپییه‌کانی ئه‌وروپای ڕۆژئاواشدا هه‌یه‌.


هه‌ر بۆیه‌ زۆر ئاساییه‌ هاوڵاتییه‌ک له‌ هه‌رێمی کوردستان، ویستی کۆچکردنی بۆ ئه‌وروپا هه‌بێت، ده‌کرێت قوتابییه‌ک بێت و خه‌ونی خوێندنی له‌ زانکۆیه‌کی پێشکه‌وتووی ئه‌وروپا هه‌بێت، گه‌نجێک بێت و به‌ دوای ده‌رفه‌تی کاردا بگه‌ڕێت، پیشه‌وه‌رێک بێت و ویستی پێشخستنی پیشه‌که‌ی هه‌بێت، نه‌خۆشێک بێت و به‌دوای چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌که‌یدا بگه‌ڕێت، دایک و باوکێک بێت و منداڵێکی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تیان هه‌بێت.
بابه‌ته‌که‌ ته‌نها ڕه‌هه‌ندی ئابووری نییه‌، چه‌ندین ملیۆنێر به‌ دۆلار له‌ کوردستانه‌وه‌ کۆچیان بۆ ئه‌وروپا کردووه‌.


به‌ڵام ڕه‌هه‌ندی ئابووریش یه‌کێکه‌ له‌ ڕه‌هه‌نده‌کان، به‌ڵام تاکه‌ ڕه‌هه‌ند نییه‌.
ئاماره‌کان پێمان ده‌ڵێن له‌ ڕابردوو، کۆچکردن به‌ره‌و ئه‌وروپا ژماره‌که‌ی چه‌ند هێنده‌ی ئێستایه‌، هۆکاری ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا زیاتر باسی لێوه‌ده‌کرێت، بریتییه‌ له‌وه‌ی له‌ ڕابردوو ڕێگای گه‌یشتن به‌ ئه‌وروپا ساناتر بوو، وه‌ مه‌ترسی که‌متر بوو، وه‌ سنووره‌کان وه‌ک ئێستا له‌به‌رده‌م کۆچه‌ران دانه‌خرابوون، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا فۆکه‌سی ڕاگه‌یاندنه‌کان به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا له‌سه‌ر کۆچ نه‌بوو، له‌ هه‌مان کاتدا ویستێکی ئه‌وروپییه‌کان بۆ به‌ده‌ستخستنی ده‌ستی کاری هه‌رزان هه‌بوو.


هه‌ر بۆیه‌  هه‌زاران هاوڵاتی باشوری کوردستان گه‌یشتنه‌ وڵاتانی ئه‌وروپا، به‌ جۆرێک شاری ئه‌وروپی هه‌یه‌ به‌ شاری کوردان ناسراوه‌.
له‌ ئێستادا ڕاگه‌یاندنی ئۆپۆزسیۆن، دیارده‌ی کۆچکردن وابه‌سته‌ی کابینه‌ی نۆی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن.


ئه‌م جۆره‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ دیارده‌ی کۆچ، جگه‌ له‌ بازاڕ گه‌رمی سیاسی بۆ خۆیان و بیری ته‌سکی حیزبی، هیچ به‌هایه‌کی زانستی نییه‌.
پێویسته‌ کاتێک خوێندنه‌وه‌ بۆ دیارده‌ی کۆچ ده‌که‌ین، سه‌رجه‌م ڕه‌هه‌نده‌کان له‌به‌رچاو بگرین.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.