Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 03:35

رەهەندەکانی پشت هەڵکردنی یٔاڵای کوردستان لە تاران

هەڵکردنی هەمان ئاڵا بەبێ ئاڵای عێڕاق، ئەوە نیشان دەدات کە ئێران چەند پێویستی بە هەرێمی کوردستان هەیە
ئاسۆ حاجی
100%

هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەلایەن وڵاتانەوە لە سەردانیە فەرمیەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان شتێکی پڕۆیۆکۆلیە، بەڵام هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بەتەنیا و بەبێ ئاڵای عێڕاق لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێشوازی نێچیرڤان بارزانی، لە گرنگترین بۆنەی سیاسی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەموو چوار ساڵێکدا، لە گواستنەوەی دەسەڵات لە سەرۆکەوە بۆ سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراو. ئەو ئاڵایە کە پێشەوا قازی محەمەد لە یەکەمین کۆماری کوردستان لە مهاباد هەڵیکرد و دواتر کرا تۆمەت بۆ لە سێدارەدانی، لە ریفراندۆمی کوردستانیش هەڵکردنی ئاڵا لە کەرکوک و بڕیاردانی سەربەخۆیی ئێرانی وەک وڵاتانی دیکەی ئیقلیمی هار کرد، تا رادەی رابەرایەتی کردنی ئەو گەلەکۆمەی لە دژی هەرێمی کوردستان بەرپاکرا و خیانەتی شازدەی ئۆکیۆبەری لێ کەوتەوە.

هەڵکردنی هەمان ئاڵا بەبێ ئاڵای عێڕاق، ئەوە نیشان دەدات کە ئێران چەند پێویستی بە هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها پێگە و گرنگی و هەرێمی کوردستان نیشان دەدا لە ناو هاوکێشە سیاسیە هەرێمایەتیەکان و نێو دەوڵەتیەکان.

ئەوە کارەی ئێران زیاتر لە بەخۆداچوونەوەیەکی سیاسی نزیکە نەک لە موجامەلەکردنی هەرێمی کوردستان، ئێران تێگەیشت لاوازبوونی هەولێر بەرامبەر بەغدا زیاتر هێز وەبەر بیری عروبە دەدا و بەغدا وەک دوژمنێک بەهێز دەکاتەوە نەک وەک درێژکراوەی ستراتیژیەت و بەرژەوەندی ئێران، لە سەر ئاستی ناوخۆیی کوردستانیش ئێران لەوە تێگەیشت کە هەموو ئەو لایەنانەی دوژمنایەتی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستانیان دەکرد، لە هەر کاتێکدا ئامادەن دوژمنایەتی ئێرانیش بکەن و دژی بەرژەوەندیەکانی بن، لە پێناو دەسکەوتێکی کەسی و حیزبی، ئەوەی ئێستا لە سلێمانی و لە ناو ماڵی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان روودەدا نموونەیەکی زیندووی ئەو لایەنەیە.

رەهەندی هەرە دیار و مەزنی ئەو رووداوە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی بەهێز بوونەوە دادەڕوا، لە بەرامبەردا ئەوانەی لە بەرەی دژایەتی کردنی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان دابوون، هێدی هێدی لەبەر یەک هەڵدەوەشێنەوە و ئاڵای دۆستایەتی لەبەرامبەر کوردستان هەڵدەکەن.

 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.