Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 16:07

ئایا نەوەی عوسمانی و فەرعۆنەکان ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە ؟

دوورنیه دەستێوەردانی ئەمجارەیان له لیبیا وەك ئەوەی قوبرس و سووریا و زۆر شوێنی دیکه نەبێت ،بەڵکو به پێچەوانەوە زیانی یەکەمی بەرخۆیان بکەوێت
یونس حه‌مه‌د
100%

دوای ئەوەی سەرۆکی ئەوکاتی لیبیا موعەممەر ئەلقەزافی له ئۆکتۆبەری 2011 لەلایەن هاوڵاتیانی خۆیەوە به دڕندەترین شێوە گیانی له دەستدا ،ئەم مێژووە به پێچەوانەوە بۆ گەلی لیبیا گەڕایەوە به تایبەت دوای ئەوەی به ئاشکرا ئەم وڵاتە بۆ چەندین ولایەت و ناوچە پارچە ودابەشبوو ، سەرەڕای ئەوەی نەمانی قەزافی له وڵات هەڵبژاردن ئەنجامدرا ، بەڵام کێشە و ئاڵۆزییەکان لەو ساتە مێژووەوە تا ئێستاش بەردەوامی له گۆڕەپانی لیبیا دا هەبووە .

لیبیا له باکووری ئەفریکا ڕوبەڕێکی بەرفراوانی هەیه له ڕووی ئابوورییەوە هەمیشە یەکێک بووە له وڵاتە دەوڵەمەندەکانی جیهان ، خاوەن نەوت و پەتڕۆڵێکی یەکجار زۆرە وێڕای یەدەکێکی زۆری له نەوت وکانزا و زێڕی هەیه ، ئەم ئاستە بەرزەی ئابووری و ئۆکۆنۆمییەی لیبیا وای کردووە لەلایەن وڵاتان ئاماژەی تایبەتی بۆ بکرێت ،هەروەها چاو بخرێتە سەری.

ئاڵۆزییەکانی تادێت بەرفروانتر دەبێت گەیشتۆتە ئەو خاڵەی کاریگەری لەسەر ژیان و باری کەسی وئابووری دا هەبێت ، وێڕای ئەوەی ببێتە گۆڕەپانی ململانێی کۆن و نوێی وڵاتان ، ئەگەرچی بۆ ئاسایی بوونەوەی ڕەوش و باروودۆخی لیبیا چەند کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی ساز و بەڕێوەچووە وێڕای چەندین بڕیاریش لەمبارەیەوە دەرچووە ،کەچی دەبینرێت هیچ لەو کۆنگرە و بڕیارانه کاریگەری لەسەر ئاسایی کردنەوەی ڕەوشەکەدا نەبووە، بەڵکو به پێچەوانەوە ئاڵۆزتر گرژییەکان پەرەیانسەندووە .

توركیا بۆ پشتگیری له حکومەتی بزووتنەوەی ویفاق که سەر به(ئیخوانەکانن ) فایز ئەلسیراج نزیک لە ئەنقەرە سەرۆکایەتی دەکات ،هەروەها به بیانۆی بوونی کەمایەتیەکی تورکی له لیبیا ڕاستەوخۆ هاتنه ناو جەنگەکە به هێزی سەربازی و تەقەمەنی پاڵپشتی خۆی بۆ حکومەتی ئەلسیراج نیشاندا و دەربڕی ، لەهەمووشی گرینگتردا ڕێکەوتنی نەخشەی سنووری نێوان هەردوولا مۆر کرا و نیگەرانی تووندی لەلایەن میسڕ و یۆنان و قوبرسی یۆنانی هەتاوەکو فەڕەنساشی لێ کەوتەوە ، لەملاشەوە ئەفسەری دێرین و خانەنیش (خەلیفە حەفتەر) به پاڵپشتی میسڕ و ئیماڕات زۆر به هێزەوە له گۆڕەپانەکەوە بەدیارکەوت تا هێزەکانی تورکیا نه گەیشتبوون تووانی سەرکەوتنەکانی سەربازی لەسەر زەوی فراوانتر بکات .

عەبدولفەتاح ئەلسیسی سەرۆکی میسڕ هەر زوو درکی به مەترسی ڕێکەوتنی تەڕابڵس وئەنقەرە کرد ،لەمبارەیەوە داوای له کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد سنوورێك بۆ ئەنقەرە به سەرۆکایەگی ڕەجەب تەیب ئۆدرۆگان دابنرێت و ڕێگای پێنەدرێت هێز بۆ پشتگیری حکومەتی ئەلسیراج ڕەوانه بکات، چونکه ئەلسیسی دەیزانی به هاتنی ڕاستەوخۆی تورکیا بۆ گۆڕەپانەکه خەونی ئۆردووگانه بۆ دووبارە هاتنەوەی سیستەمی خیلافەتی ئۆسمانی بۆ باکووری ئەفریکا ،بەمەش جیهان به گشتی وناوچەکەش به تایبەتی دووچاری کێشەیەك دەبێت که چەندین دەیە یاخود سەدە دەخائێنێت و ئالۆزییەکان بەبەرچاوی جیهان بەرفروانتر دەبن .

میسڕ تائێستاش لەهەموو ڕووێکەوە خۆی به خاون وبراگەورە ونوێنەری عەرەب دەزانێت ، لەملاشەوە وەك مێژووی (فەرعونەکان) خۆی پێناسە دەکات که وەک ئاماژەکان بۆی دەچن کۆماری میسڕ ئەوەی نەشاردۆتەوە بەوەی شانازی به مێژووی (فەرعونەکان) دەکەن که به سەرەتای مرۆڤایەتی سەردەمی ناوزەندی دەکەن ، هەروەها ئەوەش لای میسڕییەکان گرینگە وەك وڵاتی (دایکی دونیا) ناویان دەرکردووە وئێستاش نەوەی ئۆسمانییەکان ووردە ووردە دێن له سنوورەکەیان نزیك دەبنەوە ، ئەمەش وەك ئەوەی عەبدولفەتاح ئەلسیسی لە ووتارە مێژووەکەیدا له سنووری ڕۆژئاوای وڵاتەکەی بۆ نمایشی سەربازانی وبەئامادەبوونی بەرپرس وهۆزەکانی کۆمەڵگای لیبیا پێشکەشیکرد که چوونه ژوورەوەی هێزەکانی میسر بۆ لیبیا نزیکە یان ئەوەتا خەریکه شەرعیەتی نێودەوڵەتی بەدەست دێنێت.

وێڕای باسکردنی ناوی هەندێك شاری وەک سرت به هێڵی سوور، له ووتارەکەیدا شتێك به جیهان دەڵێن که ئۆسمانیی و فەرعۆنەکانی ئێستا بەرەو جەنگێك دەڕۆن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش سەرەتا وەك بینەر تاماشاکەر دەبێت ، بەڵام دواتر نازانرێت چۆن خۆی وێنا دەکات . مێژوویی سیاسی وکۆمەڵاتی نیوان هەردوو وڵات وتا تورکیا ومیسڕ هەمیشە گەرموگووڕی بەخۆیەوە نەبینیوە ، تەنانەت له ئابووریشەوە ئەو دەرفەتەیان بەو جۆر وشێوەیه بە خۆیان نەداوە که سوودی بۆ هەردوولا هەبێت ..

ڕۆژانی داهاتووی زۆر دیمەن له گرژی وململانێی نەوەکانی (فیرعۆن و ئۆسمانی)یەکان، میسڕ وتورکیا له گۆڕەپانی لیبیا دەبینرێت ،بەڵام نازانرێ ئاخۆ کێ براوە دەبێت ، ئەوەی جێگای سەرنج وبەرچاو ڕوونی یه ئێستا تورکیا لەسەرتاسەری جیهاندا ڕۆژ له دوای ڕۆژدا متمانە لەدەست دەدات ، دوورنیه دەستێوەردانی ئەمجارەیان له لیبیا وەك ئەوەی قوبرس و سووریا و زۆر شوێنی دیکه نەبێت ،بەڵکو به پێچەوانەوە زیانی یەکەمی بەرخۆیان بکەوێت واتا تورکیا.

یونس حەمەد - ئۆسلۆ

جیهان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.