Erbil 15°C ھەینی 19 نیسان 11:04

هەمومان یەک خۆرمان لێ هەڵدێ و یەک ئاسمان داماندەپۆشێ

ئەوەی دەگمەن و دانسقە و پێوویستە، تەبایی و لێكبوردن و قەدری خەبات و رۆڵی یەكدی زانینە
100%

پارساڵ و لە رێورەسمی سوێندخواردنیدا، بەم رستەیەی سەرەوە پەیامەكەی كۆتایی پێهێنا و زۆریشی مەبەست بوو بەرلە سوپاسی ئەوانەی دەنگیان پێدا، سوپاسی ئەوانە بكات كە مافی دیموكراتییانەی خۆیان لە دەنگپێنەدان و ئیعترازدا پیادە كرد و وێنایەكی ئازادانەیان بەو دیمەنە بەخشی كە تێیدا نێچیرڤان بارزانی متمانەی پەرلەمانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەدەستهێنا.

هەر ئەو پەیام و سوپاس و ئەو تێگەیشتنە بۆ مافی جیاوازی و ئیعتراز، بووە هەوێن و هێندەی نەبرد سەركردەكانی ( موالات و موعارەزە)ی لە ژێر سایەی چەترئاسای قوبەی سەرۆكایەتی و لە دەوری مێزێكی بازنەیی كۆكردەوە. لە هەردوو دەستی راست و چەپیشی، دوو تێكۆشەری دێرین، نەك وەك جێگر، بەڵكو وەك تەواوكاری سایە و سێبەری ئەو چەترە دەركەوتن كە بەڵێنی دا كۆكەرەوەی هەموو كوردستانییان بێ بە كۆی جیاوازییەكانیانەوە. دیمەنی دەسپێكی ئەوێ رۆژێ بە دڵی گەل و بارتەقای ئاڵنگاری و پڕكێشییەكان و پڕ پڕ بوو لە ئومێد. كایەی سیاسیی كوردستان ( چەند وێستگەیەكی پڕشنگداری لێ بترازێ) قەت نەقسی لە رق وقین و یەكدی رەتكردنەوەدا نەبووە، بەدبەختانە لەو بوارەدا نەك هەر كورتمان نەهێناوە، بەڵكو بارتەقای دەیان جار ماڵی خۆ وێرانكردن، رق و نكۆڵیكاری و ناتەباییمان شك بردووە و رەنگە لەو بەهرەدارییەدا كەس شانی لە شانمان نەدابێ.

ئەوەی تێیدا كورتمان هێناوە، ئەوەی دەگمەن و دانسقە و پێوویستە، تەبایی و لێكبوردن و قەدری خەبات و رۆڵی یەكدی زانینە. ئەوەی دەگمەن و هونەرە، روانگەیەكی میانڕەوە كە جیاوازییەكانمان لە یەكتر بە تابۆ و خوێنی نەبڕاوەی سیاوەش نەزانێ. كوردستان و كایە سیاسییەكەی عەیامێكە سیغناغە لە لێكترازان و سەنگەر لێكدری گرتن، ئەوەی دەگمەن و غائیبە و دەبێ بێتەمەیدان، لێبوردەیی و یەكدی قبوڵكردن و خڕبوونەوەیە لە دەوری كۆمەڵێ ئامانج و پرنسیپی هاوكۆیی. دەیان ساڵە سەررێژین لە رق و ناتەبایی، كەچی خەڵك و خاكەكەمان، ژین و مانەوەمان، لەوەتای هەن، تینوون بە ئاشتەوایی و هەڵدانەوەی لاپەڕەی نوێ. ساڵێك بەسەر دەستبەكاربوونی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكایەتی هەرێم بە نێو جەنجاڵی و زەمینەی نالەبار و پڕكێشی و ئاستەنگی جۆراو جۆردا تێپەڕی، هەر لە ناسازیی نێوخۆیی لایەنەكان و هەرای بەغدا و ئاڵۆزییەكانی دەوروبەر، تا بەڵای كۆرۆنا و لێكەوتە سەختەكانی. لەو ساڵە پڕ كێشمەكێشەدا، سەرۆكایەتی هەرێم وەك ماڵە باوان هەڵسوڕا، هەمووانی خڕكردەوە، لە نێو خۆدا بۆ كاری پێكەوەیی، لە بەغدا بۆ هاودەنگی و لێكگەیشتن وچارەسەر، لەسەر ئاستی ناوچەكە بۆ سفركردنەوەی كێشەكان و لەسەر ئاستی جیهانیش بۆ پتەوكردنەوەی پەیوەندییەكان و بەهێزكردنەوەی پێگەی كوردستان، هەوڵی پەرۆش و بەرپرسانەی خستە گەڕ.

هەموو ئەو رستە ئومێدبەخشانەی لە پەیامی دەستبەكاربوون و سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمدا بە گوێی لایەنەكان و هاووڵاتیان گەیشت، لەو ساڵەدا، بە كردەوە هەنگاویان بۆ نرا و پیادە كران و بینران. گەرچی ئاستەنگ و كێشەی لابەلا هاتنە پێش و ناكۆكییەكان قوڵبوونەوە و ووڵاتیان پڕكردەوە لە نائومێدی، بەڵام سەرۆكایەتی هەرێم دیسان بە یەك مەسافە لە هەمووان وەستا و لە هێنانەدیی پێكەوەیی و هاودەنگیی كوردستانییان سارد نەبۆوە و كۆڵی نەدا. خۆشبەختانەش هیچ یەك لە لایەنەكان رێیان بە خۆیان نەدا سەرۆكایەتی هەرێم لەو ناكۆكی و كێشمەكێشەوە بگلێنن.

ئێستا كە كوردستان بەنێو تەڵەزگە و قەیرانگەلێكی سەختدا دەگوزەرێ و لەهەر كات زیاتر پێویستی بە پێكەوەبوون و پەرۆشییە بۆ تێپەڕاندنی، خۆشبەختانە ماڵە باوانێك، چەترێك، مەكۆیەكی كۆكەرەوە و قبولًكراوی لای هەمووان لە ئارادایە كە هەر بەو نەفەسە تەباییخواز و میانڕەوەی ساڵی رابردوو، دەتوانێ دووبارە كۆمانبكاتەوە، سەر لە نوێ گرژییەكان هێور و ناكۆكییەكان بخاتەوە سەر راستەرێی چارەسەرو كۆی هەوڵەكان بۆ بەهاناوەچوونی گەلەكەمان لەم قەیرانە سەختەدا، لێك گرێ بداتەوە. خڕبوونەوەمان لە ژێر چەتری ئەو دامەزراوە نیشتمانییەدا، هیچمان لێ ناخوازێت جگە لە باوەڕهێنان بە پرنسیپ و هاوكێشەیەكی سادە كە دەڵێ: بۆ ئەوەی جیاوازییەكانمان نەبنە ململانێ و ناكۆكی وێرانكار، بۆ ئەوەی ئیدارەیان بدەین و لەگەڵیان هەڵ بكەین، دەبێ لەسەر پرنسیپگەلێك رێككەوین كە گوزارشت لە باوەڕە هاوبەشەكان و رەهەندە لێكچووەكان و بەرژەوەندییە باڵاكانی خاك و خەڵكەكەمان بكات. دواجار بە قەولی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی :هەموومان یە ك خۆر لەسەرمان هەڵدێت و یەك ئاسمان داماندەپۆشێ و یەك ئایندە و یەك چارەنووسمان هەیە.

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.