Erbil 15°C شەممە 20 نیسان 09:48

بە ملهوڕی نابێ پوختە وەڵامێک بۆ لاهور!

ئێستا سەردەمی تەکنەلۆژیا و کامیرای فول HDی ناو گیرفان و هێڵی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتەکانە، ئەو سەردەمە بەسەر چوو تۆ قسە بکەیت و خەڵک گوێ بگرێت
پیران ئه‌میر
100%

پاش ڕووداوەکانی 16ئۆکۆبەر و لە فڕۆشتنی زیاتر لە نیوەی خاکی کوردستان و هێنانەوەی پۆستاڵەکانی حەشدی تاڵانچی و تینو بە خوێنی خەڵکی کوردستان بۆ کەرکوک و خورماتوو کەمێک بێ دەنگی باڵی بەسەرتدا کێشابوو ، پێ دەچوو هێشتا لە شۆکی ئەوە دەرنەچووبیت کە حەقی فڕۆشتنی خاکت نەدرایە، پێ دەچوو هێشتا لەو داخە دەرنەچوبویت کە ویستت بە شەڕێکی پاڵپشت بە حەشد هێزەکەت بێتە هەولێر و کەڕامەتی خەڵکی شارەکە بخاتە ژێر پێ ی پۆستاڵەکانی حەشد و کۆتایی بە حکومەت و دامەزراوە فەرمیەکان بهێنیت و خۆت ببیتە پاڵەوانی فیلمە کارتۆنیەکەی سیناریۆ و دەرهێنانت بۆکردبوو.

بیستم و بینیم لە کۆڕێکدا ئەمجارەیان لە قۆناغی پاڕانەوە هاتویتە دەر و سودت لەو بێ دەنگیەی پارتی وەرگرتووە کە بۆ پاراستنی یەک ڕیزی ناوماڵی کوردستان گرتوویەتە بەر، ئەمجارە وەک جارەکانی تر نەبوویت وەک ئەو ساتانە نەبویت کە لەبەر دەرگای جێگری سکرتێری گشتی پاڕایتەوە و تاکو هەموو شتێ نەدرکێنێ و نەبن بە (کاڵفام و لادەر و فەیسبووکساز) ئەمجارە ئەتەوێ هێرش بکەیت وەک بنەمایەکی بەرگری لە خۆت و ئەتوارە نابەجێکانت، بەرگری بکەیت تاکو ڕەوایەتی بە کاری خاک فڕۆشتن بدەیت و ئەمجارە کارێک بکەیت ئیتر دانانی نوسینگەی کرین و فڕۆشتنی زەوی ئاسایی بکەیت.

باسی مێژوو مەکە، تۆ کە مناڵی سەردەمانی خیانەت و جاشیەتی و پلانگێریت، لە ڕوداوەکانی 16ئۆکتۆبەر و فڕۆشتنی خاک و چونە پاڵ هێزی دوژمن هیچی ترت لێ چاوەڕێ ناکرێ، کورد دەڵێ :(چی بچێنی ئەو ئەدوریتەوە)ئیتر سەردەمی چاو هەڵێنانی تۆ بە جیهان سەردەمی جاشیەتی و ناپاکی بووە لە شۆڕشی کوردستان. بەڕێزم، بیستم باسی مێژووت کردووە و بارودۆخی ئێستات بە پێ ی دنیا بینی و کورت بینی خۆت پێناسە کردووە، دەزانی هەڵەی مێژوو لەکوێدایە کە تۆ ئێستا باسی ئەکەی؟ هەڵەی مێژوو لەو ساتەوەیە کە دوای ڕووداوەکانی شەشت و شەش ئێوە بەگریانەوە گەڕانەوە و سەرکردایەتی شۆڕش لێتانی بووری، تۆ ئەی کوڕی ڕۆژانی ڕەشی خیانەت، باشتر مێژوو بخوێنەوە چاوێک بگێرە بە (چێشتی مجێوری)ی هەژاری موکریانی پێمان ئەڵێ چۆن باوانت لە شاخەکانەوە بە گریانەوە پەشیمانی خیانەت و شەست و شەش بوون.

باشتر مێژوو بخوێنەوە و تێ بفکرە بۆ هەر کاتێک ئێوە لە شۆڕش دوور بووبن بەرهەمی هەبووە و بۆ هەرکاتێک لە پڕۆسەیەکی ڕزگاری نیشتمانی ئێوە بەشدار بووبن زیانی گەورە بەر پڕۆسەکە کەووتووە، تا ئێوە بە کردار و ناو لەتەک بەغدا بوون بەرهەمی شۆڕشی ڕزگاری خوازی کورد بەیاننامەی 11ی ئازار و ئۆتۆنۆمی بوو، بەڵام کاتێک باوانت بۆ پلانگێری گەڕانەوە بەرهەمەکەی ڕوخانی شۆڕشی کوردستان بوو کە دواتر ئێوە بە فۆڕمێکی تر بۆ تێکدانی شۆڕشی گوڵان بۆی هەستانەوە و تا ئەمڕۆش داخی سەرکردایەتی بەرەی کوردستانیتان لەدڵ دەرناچێ کە سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی یەک خستنی ناو ماڵی کوردی پێ کرد و سەرپەرشتی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانی بەسەرکەوتووی ئەنجامدا. چاویلکەیەکی ڕۆشن بکە چاوەکانت لەوانەیە ئاوی سپی لێلی کردبن، تا بتوانی مێژوو باشتر بخوێنیتەوە بۆ ئەوەی لات ڕوون بێت کاتێک تۆ لە ئەوروپا خەریکی کەیف و سەفا بوویت کێ لە یەکەم هەڵبژاردن زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێنا و یەکەم فیشەکی شەڕی ناوخۆ کێ تەقاندی و شەهیدەکانیش شەهیدی چ لایەنێک بوون؟!

دوای ئەمانە، چیتر مێژوو مەخوێنەوە چونکە باش ئەزانی کێ پێشڕەوی پاسدارانی کرد و بە شەقامەکانی شاری قەڵادزێ و هەڵەبجەدا هێنایە کوردستان و تا شەڕی ناوخۆی پێ یەکلایی بکاتەوە؟! مێژووی پلانگێری ئێوە تەواو نابێ، بۆیە باشترین کار کە پارتی لەمێژوودا ئەنجامی دابێ ڕێکەوتنی واشنتن بوو لەگەڵ خوالێخۆشبوو مام جەلال چونکە تەنها مامی ڕەحمەتی لە پلانگێری باڵەکانی یەکێتی تێدەگەیشت و ئەو دەیزای بۆ بێدەنگ بوونی لولەی چەکی باڵەکانی یەکێتی لەناو خۆیان دەبێ پێشنیاری ئامادەیی پارتی بۆ ڕێکەوتن وەک خۆی قبووڵ بکەن و ئەمەش دەبێتە کۆتایی ئەو شەڕەی کە بچوکەکانی ئەوسای حیزبەکەت پێی کەیفساز بوون.

بەڕێز، ئێستا مام لە ساحەکە نەماوە تا بیکەینە شاهێدی مێژوو، تا بۆت باس بکات بۆ لە باسکردنی ژیانی خۆیدا بۆ "شرق الاوسط" جیابوونەوە لە "پارتی" بەخراپترین کاری خۆی ناو دەبات! هێواش بە هێواش مێژوو بە ملهوڕی نانوسرێتەوە، ئەو زەمانە بەسەر چوو خەڵک ڕادیۆکانەوە ئاگاداری مێژ بێت و لاپەڕەی ڕۆژنامە حیزبیەکان بۆی بنووسنەوە، ئێستا سەردەمی تەکنەلۆژیا و کامیرای فول HDی ناو گیرفان و هێڵی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتەکانە، ئەو سەردەمە بەسەر چوو تۆ قسە بکەیت و خەڵک گوێ بگرێت، ئێستا تۆ خاک ئەفڕۆشیت و خەڵک ڕاستەوخۆ کشانەوەی هێزەکانت بە کامیراکەی گیرفانی بۆ تۆمار ئەکات و ڕاستەوخۆ بۆ جیهانی وەشان دەکات، هەمووان ئەزانن کێ موسیبەت بووە بۆ کورد و خەباتەکەی و کێ چاڵی بۆ سەربەخۆیی وڵاتەکەی هەڵکەندووە، باسی بەیاننامەکانی حەشد و حکومەتی عەبادی و پەرلەمانتارەکانی ناکەین، باسی بەیاننامەی جێگری سکرتێری گشتی و کارگێری مەکتەبی سیاسی حیزبەکەت و 38 ئیمزاکەی کوڕی گەورەی مامی گەورە دەکەین، کە چ موسیبەتێکیان بەسەر ئەو خاک خەڵک و وەتەنە هێنا! 

کوردستان

ڕیکلام

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.