Erbil 15°C سێشەممە 23 نیسان 10:22

غەفوور مەخمووری: کورد رەسەنترین نەتەوەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە

مەخمووری: كورد رۆڵێکى کاراى هەبووە لەبیناكردنی شارستانییەتی ناوچەکە
کوردستان TV
100%

 
ئێوارەی ڕۆژى ٧ / ٨ / ٢٠١٩ لە عەمانی پایتەختی ئوردەن، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK لەلایەن دەزگاى رۆشنبیرى عەبدولحەمید شومان ئوردەنى میوانداری كرا و، بابەتێكی سەبارەت بە رۆڵى کلتور و فۆلکلۆرى کوردستان لە بیناکردنى شارستانیەتى ناوچەکە پێشكەشكرد.

ئێوارەی ڕۆژى چوارشەممە؛ لە عەمانی پایتەختی ئوردەن، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK  لەلایەن دەزگاى رۆشنبیرى عەبدولحەمید شومان ئوردەنى میوانداری كراو، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتی سياسى و ئەكادیمی و نووسەرو رۆشنبیرو رۆژنامەڤان كۆڕێكی سیاسی لەژێر ناوی (رۆڵى کلتور و فۆلکلۆرى کوردستان لە بیناکردنى شارستانییەتى ناوچەکە) بۆ رێكخرا، لەسەرەتادا راگەیاندنکارى ناسراوى ئوردەنى (داما کوردى) بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كردو، باسی لە گرنگی بابەتی كۆڕەكەی مەخمووری كرد، ئنجا مەخمووری وێڕای بەخێرهاتنكردنی میوانان خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو میواندارییە و ئامادەبوونی میوانان دەربڕی و سوپاسی دەزگاى رۆشنبیرى عەبدولحەمید شومانى كرد بۆ رێكخستنی ئەو دیدارە لەگەڵ ئامادەبووان، سەرەتا پوختەیەکى سەبارەت بە رەوشى رۆشنبیرى کوردستان پیشکەشکرد و، ئەنجا هاتە سەر بابەتەکەى.

ktv

غەفوور مەخمووری باسى لە رەسەنایەتى کلتور و فۆلکلۆرى کوردستان و رۆلیان لە بیناکردنى شارستانییەتى میسۆپۆتامیا کردو، وتی: (رەسەنایەتی هەر نەتەوەیەك لەدەوڵەمەندی کلتورو فۆلكلۆرەكەیدایە، دەوڵەمەندی کلتور و فۆلكلۆری كورد رەسەنایەتی نەتەوەی كورد لەرۆژهەڵاتی ناڤیندا دەخاتەڕوو، ئەگەر سەیری تێكستە فۆلكلۆرییە كوردییەكان بكەین رۆڵی نەتەوەی كوردمان لەبیناكردنی شارستانییەتی دەڤەرەكە بۆ وەدەردەكەوێت، بەتایبەت لە چیرۆك ‌و داستان ‌و بەیت‌ و لاوكە مێژووییەكاندا، هەروەها هونەری بیناسازی‌ و دەفرسازی ‌و گەلێك پاشماوەی كۆنی دیكە لەمیزۆپۆتامیا رەسەنایەتی كورد لەدەڤەرەكەدا دەسەلمێنن و سەلمێنەری ئەو راستییەن كە كورد رەسەنترین نەتەوەی رۆژهەڵاتی ناڤینە و هەر كوردیش بنیاتنەری بەشێكی زۆری شارستانیەتی ناوچەكەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بەدرێژایی مێژوو زوڵم لە كوردان كراوەو هەوڵی لەناوبردنیان بەخاك و خەڵكەوە دراوە، ئەو رابردووەش لەتێكستە فۆلكلۆرییەكاندا بەباشی رەنگی داوەتەوە.

هەروەها مەخموورى باسى لە تایبەتمەندى کلتور و فۆلکلۆرى کوردستان کرد و، وتى : کلتور و فۆلكلۆری كورد خودان تایبەتمەندی خۆیانن ‌و بوونەتە تۆماری خۆشی ‌و ناخۆشییەكانی كورد، چیرۆك‌ و داستان ‌و ئەفسانە و ستران ‌و لاوك‌ و حەیران ‌و بەیت ‌و مۆسیقا و سەمای كوردی خودان تایبەتمەندی ‌و رەسانەیەتی خۆیانن، ئەوەی لای كورد هەیە لای نەتەوەكانی دیكە نییە، ئەمەش وایكردووە کلتور و فۆلكلۆری كورد لە فۆلكلۆری نەتەوەكانی دیكەی دەڤەرەكە جیا بێت.

ktv

دواتر لە بەشێکى دیکەى بابەتەکەیدا مەخموورى باسى لە بوارى هونەر و ئەدەبى فۆلکلۆرى کوردى کرد و، لەم رووەوەش تیشکى خستە سەر حەیران و لاوک وەک دوو بابەتى تایبەت بە هەونەرو ئەدەبى فۆلکلۆرى کوردى و، وتى : (لاوك و حەیران كە دوو جۆرە مەقامی تایبەت بەنەتەوەی كوردن، نەتەوەكانی دیكەی دەڤەرەكە ئەو جۆرە مەقامەیان بەم شێوەیە نییە و، رەنگە شتی دیكەیان هەبێت، دەتوانین بەم شێوەیە لە لاوك و حەیران بڕوانین:
١- حەیران: تۆماری ئەڤین و دڵداری و سروشت و جوانی كوردستانە.
٢- لاوك: تۆماری مێژوویی و داستانی ئەڤین و پاڵەوانێتی و سوارچاكی و بەرخودانی نەتەوەیی كوردە بەپێی قۆناخە مێژووییەكان.

مرۆڤ ئەگەر بەسەرنجەوە لە تێكستەكانی لاوك و حەیران وردبێتەوە زۆر شتی بۆ رووندەبێتەوە، لە حەیراندا راستگۆیی و میهرو وەفای كوردان لە ئەڤینداری و، جوانی و رازاوەیی سروشتی كوردستان بەرجەستە دەكاتن خۆ ئەگەر بەناخی تێكستەكانی لاوكیشدا شۆڕبینەوە ئەوا هەست بەوە دەكەین كەوا كوردان چۆن داستانی ئەڤین و بەرخودان و پاڵەوانێتی خۆیان لە تێكستی لاوكەكاندا تۆماركردووە، ئەمەش وایكردووە كەوا لاوك ببێتە تۆمارێكی دیرۆكی بۆ كورد و وەكو سەرچاوەیەكی زارەكی و سەرەتایی بۆ نووسینەوەی دیرۆكی كوردان سەیر بكرێت و كاری لەسەر بكرێت.

ktv

 غەفوور مەخمووری لە کۆتایى بابەتەکەیدا وتى : (لێرەوە روو لە تەواوى   رۆشنبیرانی ئوردەن و عەرەب دەکەم و دەڵێم ئەوەى ئێستا بیستتان چەند سەردێرێکى کورت بوو لە رۆڵى کورد لە بیناکردنى شارستانییەتى ناوچەکە، ئێمە لە ئەزەلەوە لەسەر خاکى خۆمان و لە ناوچەکە دەژین، بەردەوام هەوڵمانداوە کوردستان ببێتە سەنتەرى بەیەکەوە ژیانى نەتەوەو ئایینەکان، ئێستاش کوردستان باخچەیەکى رەنگا و رەنگى بەیەکەوەژیانى نەتەوەو ئایینەکانە، پێویستە ئێوەى رۆشنبیرانی عەرەب خوێندنەوەی دروستتان بۆ پرسی كورد هەبێت و بە ئاگاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن.)، دوای ئەوەی مەخمووری بابەتەكەی پێشكەشكرد، دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان كرایەوەو، ژمارەیەكی زۆر لە ئامادەبووان بەگرنگییەوە باسیان لە بابەتەكە كرد و بیروڕاو سەرنجی خۆیان خستەڕوو.

شایانی باسە دوای تەواوبوونی كۆڕەكە رێوڕەسمێك بۆ ئیمزاكردنی كتێبی (الحيران ... مفهوماً ومضموناً وظهوراً) لە نووسینی غەفوور مەخمووری سازكرا، مەخمووری كتێبەكەی پێشكەش بە ئامادەبووان كردو بۆی ئیمزاكردن، ئەمەو كۆڕەكە كە نزیکەى دوو كاتژمێری خایاند بووە جێی خۆشحاڵی ئامادەبووان.

نەریت و کەلەپوور

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.