Erbil 15°C چوارشەممە 24 نیسان 13:27

نێچیرڤان بارزانی: با یادی شۆڕشی گوڵان بكه‌ینه‌ هه‌وێنی یه‌كڕیزی و ته‌بایی هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان

کوردستان TV
100%

جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ یادی شۆڕشی 26ی گوڵان په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌ و داوای له‌ هێزه‌ سیاسی و پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد ئه‌م یاده‌ بكه‌نه‌ هه‌وێنی یه‌كڕیزی و ته‌بایی.

نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند "له‌ یادى پیرۆزى شۆڕشى 26ى گوڵاندا، به‌ ڕێز و شكۆوه‌ شه‌هیدانى نه‌مر و ئه‌و قاره‌مانانه‌ به‌ بیر ده‌هێنینه‌وه‌ كه‌ له‌و ڕۆژگاره‌ سه‌خت و ئاڵۆزه‌دا بڵێسه‌ى هه‌ستانه‌وه‌ و داگیرسانه‌وه‌ى چراى شۆڕش بوون و دووباره‌ ئومێد و هیواى ئازادییان له‌ دڵى گه‌لى كوردستاندا زیندوو كرده‌وه"‌.

نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگه‌یاند "شۆڕشى گوڵان وه‌ك درێژه‌پێده‌رى شۆڕشى مه‌زنى ئه‌یلوول به‌ ڕابه‌رایه‌تیى بارزانیى نه‌مر، سه‌لمێنه‌رى ئه‌و‌ ڕاستییه‌ بوو كه‌ هیچ هێز و پیلانێك هه‌ر چه‌نده‌ گه‌وره‌ بن، ناتوانن ئیراده‌ى گه‌لى كوردستان بۆ ئازادى بشكێنن. بۆیه‌ به‌وپه‌ڕى ئاماده‌یى بۆ قوربانیدان، گه‌لى كوردستان له‌ شۆڕشى گوڵاندا دووباره‌ هه‌ستایه‌وه‌ سه‌رپێ تا له‌ ڕاپه‌ڕینى ئازارى 1991دا به‌ هه‌موو هێز و پێكهاته‌كانییه‌وه‌ تاجى‌ سه‌ركه‌وتنى له‌سه‌ر نا".

جێگری سه‌رۆكی پارتی هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند "با یادى شۆڕشى گوڵان بكه‌ینه‌ هه‌وێنى یه‌كڕیزى و ته‌بایى هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانى كوردستان، پێكه‌وه‌ كار بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و تێپه‌راندنى سه‌ختییه‌كان بكه‌ین تا بتوانین فیدراڵى و ده‌سكه‌وت و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بپارێزین و به‌ره‌و داهاتوویه‌كى باشتر هه‌نگاو بنێین".

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی یادى شۆڕشى گوڵانی به‌رز و شكۆدار كرد و دروودی بۆ گیانى پاكى شه‌هیدان نارد و هه‌روه‌ها سڵاویشی بۆ‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان نارد.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.