Erbil 15°C چوارشەممە 24 نیسان 22:59

بەرێوەبەری كشتوكاڵی هەڵەبجە : ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی جووتیاران لە ئاستێكی زۆر باشدایە

کوردستان TV
100%

دوای چەند ساڵیك وشكەساڵی و كەمبارانی، لەمساڵدا و لەگەڵ بەردەوامی وەرزی بەهار و دابارین، چاوەڕێ دەكرێت زۆرێك لە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لە رووی كوالیتی و چەندێتییەوە باشتر بن لە چاو ساڵانی رابردوودا، هاوكات زۆرێك لە بەڕێوەبەرایەتیەكانی كشتوكاڵ لە هەوڵی زیاتردا بۆ پشتگیریكردنی جووتیاران تاوەكو بەرهەمێكی كوالیتی بەرز بخەنە بازاڕەكانەوە.
سەبارەت بە بەرهەمی ئەمساڵ و رێكارەكان بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی هەرجۆرە ئافاتێكی نێو بەرهەمی كشتوكاڵی، ستار مەحمود، بەرێوەبەری كشتوكاڵی هەڵەبجە، لە لێدوانێكدا رایگەیاند، ئەمساڵ خۆشبەختانە بەرهەمی گەنمی جووتیاران لە ئاستێكی زۆر باشدایە، هۆكاری ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ كەشوهەوای لەباری ئەمساڵ و دابارینی ڕێژەیەكی زۆر لە باران، هەروەها دابەشبوونی باران بەشێوەیەكی زۆر باش و گوتی: پێشبینی دەكەین بەرهەمی ئەمساڵ بەراورد بە سێ ساڵی رابردوو لە ئاستێكی زۆر بەرزتردا بێت".
هەروەها گوتی: بەپێی رووپێوییەكانی بەشی پاراستنی رووەك كە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە ئەنجام دراوە، ئەمساڵ رێژەیەكی زۆر لە مێرووی "سن" بڵاوبووەتەوە لەناو كێڵگەی گەنمی جووتیاراندا. ئەوەیش پێویستیی بە هەڵمەتێكی گەورەی نیشتمانی هەیە بۆ قەڵاچۆكردنیان، ئەگینا دەبێتە هۆی زیانێكی گەورە بۆ بەرهەمی جووتیاران.
گوتیشی: 'ئەگەر مێرووی سن قەڵاچۆ نەكرێت و رێژەی مێرووەكە لەناو كێڵگە و جاڕەكاندا زۆر بێت، ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی گەنمێكی پووچ و بێكەڵك بەرهەم بێت كە جۆریەتێكی زۆر نزمی هەیە، بەجۆرێك كە تەنانەت ناتوانرێت بۆ ئاردیش بەكار بهێنرێت. ئەگەر لە هەر كێڵگەیەكدا مێرووی سن زۆر بێت ئەوا تەواوی كێڵگەكە خراپ دەكات.
لای خۆیەوە شەریف مەحمود محەمەد ،لێپرسراوی بەشی پاراستنی رووەك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە، لەبارەی كاركردن بۆ قەڵاچۆكردنی سن گوتی: باشترین كات بۆ قەڵاچۆكردنی مێرووی سن قۆناغی دووەمی گەشەیەتی. مێرووی سن توانای ئەوەی هەیە گەنمی زۆرباش گەندەڵ و پووچ بكات، تا ئەو ئاستەی ناكرێت وەك ئالیكیش بدرێت بە ئاژەڵەكان. مێرووی سن كاتێك لە گەنم دەدات بۆنێكی تیا دەردەچێت كە ئاژەڵیش ناتوانێت بیخوات.
گوتیشی: ئێمە ساڵانە لە بەشی پاراستنی رووەك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە، بە چەند قۆناغێك ئامادەكاری بۆ رووبەڕوونەوە و قەڵاچۆكردنی مێرووی سن دەكەین. قۆناغی یەكەم ئاگاداركردنەوەی جووتیارەكانە لە كاتی دەركەوتنی مێرووەكەدا. قۆناغی دووەم كە باشترین كاتە بۆ قەڵاچۆكردن و لەناوبردنی مێرووەكە، ئاگاداری كاتی قەڵاچۆكردنەكەیان دەكەینەوە. قۆناغی سێیەمیش دابینكردنی قڕكەرە بۆ جووتیارەكان بەبێ بەرامبەرە یاخود بە نرخێكی رەمزی كە ئەمەش هاوكار بووە بۆیان بۆ قەڵاچۆكردنی مێرووی سن لەناو كێڵگەكانیاندا.

کوردستان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.