Erbil 15°C ھەینی 19 نیسان 01:00

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا چۆن لە "گەڕی دووەم" یەکلا دەکرێتەوە؟

کوردستان TV
100%

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا کە 99.38%ـی دەنگەکان جیاکراونەتەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 49.42% دەنگەکانی بەدەستهێناوە، کەمال کڵچدارئۆغڵو 44.59% و  سینان ئۆغان 5.20% دەنگەکانیان بەدەستهێناوە، بەهۆی ئەوەی هیچ کام لە کاندیدەکان دەنگی پێویستیان بەدەستنەهێناوە، چاوەڕوان دەکرێت گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی بەڕێوە بچێت.

تورکیا بۆ یەکەمجار لە مێژوو خۆی بۆ ئەنجامدانی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئامادە دەکات و کێبڕکێیەکی توند لەنێوان هەردوو کاندید ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کڵچدارئۆغڵو هەیە، ژمارەی دەنگەکانی ئەردۆغان لەپێشەوەی ڕکابەرانییەتی، بەڵام بەبێ ئەوەی براوە بێت، بەهۆی ئەوەی دەنگی پێویستی بەدەستنەهێناوە، کە بۆ یەکلاکردنەوەی پێویستە زیاتر لە 50% دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

"گەڕی دووەم"ـی هەڵبژاردنەکان چییە و چۆن کێبڕکێیەکە یەکلا دەکاتەوە؟

"گەڕی دووەم" کە هەندێک جار پێی دەوترێت، سیستەمی دووبارەکردنەوە، کاتێک ئەنجام دەدرێت ئەگەر لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردندا هیچ کاندیدێک نەیتوانی زیاتر لە 50% دەنگەکان بەدەستبهێنێت، ئەوا گەڕێکی دیکەی دەنگدان لەنێوان ئەو دوو کاندیدەی زۆرترین دەنگەکانیان بەدەستهێناوە، بەڕێوە دەچێت، بەپێی ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە پێشەوەی ڕکابەرەکانییەتی بە بەدەستهێنانی 49.42% دەنگەکان و کەمال کڵچدارئۆغڵو 44.59% دەنگەکانی لەدوای ئەردۆغان بەدەستهێناوە، گەڕی دووەمی هەڵبژاردن لەنێوان ئەم دوو کاندیدە بەڕێوە دەچێت.  

لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا، زۆربەی کات ئەو کاندیدەی کە لە گەڕی یەکەمدا ئەنجامی دڵخۆشکەری بەدەستنەهێناوە، لەگەڵ یەکێک لە دوو کاندیدەکان ڕێک دەکەوێت و لایەنگرانی خۆی بۆ پشتگیریکردنی ئەو کاندیدە هان دەدات کە ڕێککەوتنی لەگەڵ کردووە، لەم هەڵبژاردنەدا سینان ئۆغان بە بەدەستهێنانی 5.20% لەدوای کەمال کڵچدارەوەیە، بەهۆی ئەوەی بەپێی پێویست دەنگەکانی بەدەستنەهێناوە، چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ یەکێک لە دوو کاندیدەکەی دیکە ڕێک بکەوێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە لەگەڵ کامیان ڕێک دەکەوێت.

گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا کەی ئەنجام دەدرێت؟

بڕیارە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکە لە 28ـی ئایاری ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت، کە دەکاتە دوو هەفتەی دیکە.

ئەم سیستەمەی هەڵبژاردن بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2014 بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهێنرا، ئەو کاتە جێگەی سیستەمی هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆی گرتەوە کە بەپێی سیستەمی پێشوو سەرۆک لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرا.

زیانەکانی ئەم سیستەمە چییە؟

- لە ئەگەری بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی هەڵبژاردن یاسای بەدەستهێنانی زیاتر لە 50% دەنگەکان جێبەجێ ناکرێت و ئەو کەسەی زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت دەبێتە براوەی هەڵبژاردنەکە.

- بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی هەڵبژاردن فشارێکی زۆر لەسەر دامەزراوەکانی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن دروست دەکات، بەتایبەت کە ماوەی دەنگدانی یەکەم و دووەم ماوەیەکی کورتە.

- تێچووی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

- دەبێتە هۆی زەحمەتیی و بارگرانی بۆ دەنگدەر، بەهۆی ئەوەی دەبێت دەنگدەرەکان دووجار دەنگ بدەن، کە لەوانەیە بەهۆی ئەمەوە ژمارەی دەنگدەر بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بکات.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.