Erbil 15°C چوارشەممە 24 نیسان 08:04

مانگی چوار مانگێكی باراناوی دەبێت ؟

کوردستان TV
100%

ئاراس جەبار،شارەزای بواری كەشناسی  رایگەیاند: وەك پێشتر لەمانگی رابردوودا ئاماژەمان پێكرد لە مانگی ئازار و نیساندا بارانبارین باش ئەبێتەوە و تێكرای رێژەی بارانبارین بۆ سەروو رێژەی ئاسایی بەرزدەبێتەوە، وەك بینیمان لەم مانگەدا سوپاس بۆ خودا بارانێكی باش ناوچەكانمانی گرتەوە كە بەڕاورد بەدوو ساڵی ڕابردوو ئەم كاتە رێژەكە لەزۆربەی ناوچەكان زیاترە .
هەروەها گوتی: لە ئێستادا قۆناغێكی نوێی سوری ئینسۆ لە رۆژھەڵات و ناوەراستی زەریای ھێمن دەستیپێكردوە و كۆتایی بە دیاردەی لانینا ھاتووە كە ھۆكارێكی بەھێزبوو بۆ ئەو وشكە ساڵییەی رووی كردە ناوچەكە و لەئێستادا گۆراوە بۆ نیوتراڵ یان قۆناغی ھاوسەنگ كە تا كۆتایی ئەم وەرزە بەردەوامی ئەبێت سات بۆ ساتیش پلەی گەرمی رۆژھەڵات و ناوەراستی زەریاكە بەرزتردەبێتەوە و ئەگەر ھەیە لەھاوینی ئەمساڵدا دیاردەی ئێل نینۆ دەستپێبكاتەوە كە كاریگەری لەسەر وەرزی بارانبارینی 2023 بۆ 2024 ئەبێت بە زیادبوونی بارانبارین و گۆڕانكارییەكانی پێچەوانەی سوری لانینا لەسەر ناوچەكانمان ئەبێت .
گوتیشی: مانگی ئایندە بە تێكرای پێشبینی و چاودێری سەنتەرە كەشناسیەكانی جیھان چاوەروان دەكرێت مانگێكی باراناوی بێت و لەتەواوی ناوچەكانی ھەرێم و عێراقدا ئاستی دابارین لەسەروو رێژەی ئاساییەوە تۆماربكرێت ، تێكرای پلەكانی گەرما نزیك دەبن لە ئاستی ئاسایی ئەو مانگە.
دەشڵێت: مانگی چوار یەكێكە لەو مانگانەی پلەكانی گەرما تیایدا گۆڕانكاری خێرایە لە نزمبوونەوە و بەرزبوونەوەدا بۆیە ناجێگیربوونی كەشوھەوای زیاتر ئەبێت بەڕاورد بە مانگەكانی پێش خۆی ئەمەش لەباراناوی بوونی ئەو مانگەدا ئەبێتە ھۆی زیادبوونی دیاردەكانی چالاكبوونی ھەورە ترشقە و بارانی بەخوڕ و تەرزە كە زۆر كات بەھۆیەوە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و لافاو و لافاوی خێرای لەناوچەكاندا لێدەكەوێتەوە ،سەرەرای ئەوەی گۆڕانی كەشوھەواش ھۆكارێكی دیكەیە بۆ توندبوونی ئەم دیاردانە كە لەم ساڵانەی دوایدا زیاتر ئەبینرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.