Erbil 15°C شەممە 20 نیسان 08:56

بایدن رەزامەندی لەسەر یاسای لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەکانی پەتای کۆرۆنا دەربڕی

کوردستان TV
100%


سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن واژۆی لەسەر پڕۆژەیاسایەک کرد کە پارێزبەندی لەسەر زانیارییە نهێنییەکانی تایبەت بە لێکۆڵینەوەکان لە سەرچاوەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڵدەگرێت.

بایدن پڕۆژەیاسای "سەرچاوەی پەتای کۆرۆنا"ی پەسەند کرد کە لە سەرەتای مانگی ئاداردا بەکۆدەنگی پارتی کۆمار و پارتی دیموکرات لە کۆنگرێس پەسەند کرا.

سەرۆکی ئەمریکا لەوبارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە "بۆ ئاسانکاری کردن لە رێگری کردنی ئەو پەتایانەی لە ئایندەدا سەرهەڵدەدەن، پێویستمان بە لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەکانی کۆرۆنا هەیە. کابینەی حکوومەتەکەم بەردەوام دەبێت لە لێکۆڵینەوە لە هەموو زانیارییە نهێنییەکانی تایبەت بە کۆرۆنا بە ئەگەری پەیوەندیداربوونی بە پەیمانگای ڤیرۆلۆجی وهانیشەوە".

بایدن ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوە کە لە ساڵی 2021دا فەرمانگە هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی راسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەکانی کۆرۆنا، لەگەڵ ئەم یاسایەی ئێستاشدا هەل دەڕەخسێنێت بۆ ئاشکرا کردنی زانیارییە نهێنییەکان.

پڕۆژەیاساکە کە هەم لە کۆنگرێس و هەم لە ئەنجوومەنی پیران بەبێ هیچ بەرهەڵستییەک پەسەند کرا، رێگەدەدات بە فەرمانگەی هەواڵگری نیشتیمانی ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە "زانیارییە نهێنییەکان و لێکۆڵینەوەکانی پەیمانگای ڤیرۆلۆجی وهان بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە" بکات.

ماوەیەکی کەم دوای ئاشکرا بوونی ئەوەی کە بەهێزترین ئەگەر ئەوەیە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاقیگەیەکی وەزارەتی وزەوە دزەی کردبێت، پڕۆژەیاساکە گەیشتە پەڕلەمان.

پارتی کۆماری ئەمریکا، بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە پەتای کۆرۆنا کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتی ئەمریکی لە تاقیگەیەکی شاری وهانی چینەوه بڵاوبووەتەوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.