Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 23:55

سەرۆکی حکوومەت: ڕێگە نادەین هیچ هێزێک ڕێگەی پێشكەوتنی كوردستانمان لێ بگرێت

کوردستان TV
100%

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە كوردستان نەک تەنیا بۆ خەڵكی كوردستان جێی خێر و بەرەكەتە، بەڵكوو بۆ هەموو خەڵكی عێراق و بۆ هەموو ناوچەكەش دەبێتە نموونەیەكی سەركەوتووی بووژانەوەی ئابووری، هیچ هێزێکیش ڕێگە لە سەرکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان ناگرێت.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـی 03ـی 2023 ، بە ئامادەبوونی چەندین باڵیۆز و کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هۆتێلی حەیات ڕیجینسی و گوڵان مۆڵ-ی لە شاری هەولێر کردەوە.

سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: كوردستان نەک تەنیا بۆ خەڵكی كوردستان جێی خێر و بەرەكەتە، بەڵكوو بۆ هەموو خەڵكی عێراق و هەموو ناوچەكەش دەبێتە نموونەیەكی سەركەوتووی بووژانەوەی ئابووری.

ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز

میوانانی هێژا

بەخێرهاتنێكی گەرمی هەمووتان دەكەم بۆ ئەم بۆنەیە، خۆم زۆر بە خۆشحاڵ دەزانم كە ئەمڕۆ ئامادەین لێرە بۆ كردنەوەی دوو پرۆژەی پێشكەوتوو و گرنگ لە كوردستان كە ئەوانیش هۆتێلی (HYATT REGENCY) و (گوڵان مۆڵ)ـە، كە ئەمڕۆ سەردانمان كردن و جێی شانازییە كە دەبینین بەم پێشكەوتووییە ئەم پرۆژانە جێبەجێ كراون.

هەروەک پێشتریش بیستتان، ئەم پڕۆژانە ماوەیەكی زۆرە دەستیان پێ كراوە بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێن، بەڵام بەداخەوە لە ماوەیەک كە هێرشی دڕندانەی داعش هاتە سەر كوردستان، زۆر لە پرۆژەكان وەستان یاخود دواكەوتن، بەڵام بیستم كە كار لەسەر ئەم پرۆژانە بەردەوام بوون وەكوو تەحەدایەک بەرامبەر بە هێزی ڕەشی تیرۆر، كە چۆن پێشمەرگە لە خەتی پێشەوە شەڕی داعش دەكات، وەبەرهێنەرەكانیش لەناو كوردستان پرۆژەكانی خۆیان جێبەجێ دەكەن و ڕێگە نادەین كە هیچ هێزێک ڕێگەی پێشكەوتنی كوردستانمان لێ بگرێت.

جێی دەستخۆشییە و من سوپاسی هەردوو بەڕێزان كاک (سیروان بارزانی و كاك سەبری ئۆزەل) دەكەم بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژانە، دەستتان خۆش بێت و پیرۆز بێت.

بەڕێزان

ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنی ئەوەمان داوە كە هاوكاریی كەرتی تایبەت بكەین بۆ ئەوەی حكوومەت لە كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت بەیەكەوە بتوانن زیاتر خزمەتگوزاری بگەیەننە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، كە دەبینین ئاستی كوالێتی و دابینكردنی پێداویستییەكانی خەڵكی كوردستان لێرە لەناو كوردستانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پێشەوە دەچێت، جێی دڵخۆشییە. هیوادارم نەک تەنیا لە هەولێر، لە هەموو شار و شارۆچكەكانی تری كوردستانیش وەبەرهێنان بەردەوام بێت و ئێمە زیاتر بتوانین خزمەتگوزاری بگەیەنینە هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویستمان.

ئەوەی لێرە دەكرێ خزمەتی هاووڵاتییانە، بەڵام ئەمە ڕێگەخۆشكەریشە بۆ ئەوەی گەشتیار لە شوێنەكانی تری عێراق یان لە دەرەوەش ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن، كەواتە ئەم جۆرە پرۆژانە كە وەبەرهێنانیان تێدا دەكرێت، ڕێگە خۆش دەكەن بۆ هێنانی گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان.

ئەم پڕۆژانە یارمەتیی ئەوە دەدەن كە بووژانەوەی ئابووری لە هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت، هەلی كار بۆ خەڵكی كوردستان دەستەبەر دەكەن، ئەوەی حكوومەت دەتوانێ بیكات، ئاسانكارییە، ڕێگەخۆشكردنە، ئاسانكارییە لە یاساكان بۆ یارمەتیدانی وەبەرهێنەران كە بتوانن لێرە لە هەرێمی كوردستان زیاتر بتوانن وەبەرهێنان بكەن، چ وەبەرهێنەری ناوخۆیی بن یان وەبەرهێنەری بیانی، بەڵام كە دێنە ئێرە و حكوومەت ئەو ئاسانكارییەیان بۆ دەكات، ناڕاستەوخۆ هەلی كار بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت.

كەواتە ئەم پڕۆژانە تەنیا سوود بە وەبەرهێنەر ناگەیەنن، بەڵكوو دەرفەتێكیشە بۆ ئەوەی گەنجەكانمان بتوانن ئیش لەم جۆرە شوێنانە بۆ خۆیان بدۆزنەوە و بەم شێوەیە ئابووریی كوردستان زیاتر دەبووژێتەوە و بەرەو پێشەوە دەچێت.

من لێرەوە داوا لە باڵیۆزە بەڕێزەكان دەكەم كە خۆیان دوای بینینی ئەم جۆرە پڕۆژانە، زیاتر قەناعەتیان وابێت كە هانی كۆمپانیاكانی وڵاتەكانیان بدەن ئەوانیش بێن و لە كوردستان وەبەرهێنان بكەن. كوردستان بەرەوپێشەوە هەنگاو دەنێت، ئابووریی كوردستان دەبووژێتەوە و دەستی پێ كردووە، ئومێدێكی زۆرمان هەیە كە كوردستان نەک تەنیا بۆ خەڵكی كوردستان جێی خێر و بەرەكەتە، بەڵكوو بۆ هەموو خەڵكی عێراق و بۆ هەموو ناوچەكەش دەبێتە نموونەیەكی سەركەوتووی بووژانەوەی ئابووری.

هیوادارم كۆمپانیاكانی بیانی زیاتر ڕوو لە كوردستان بكەن و وەبەرهێنان بكەن، هەم خۆیان تێیدا سوودمەند بن و هەم یارمەتیی ئێمەش بدەن ئێمە زیاتر بتوانین كوردستان ئاوەدان بكەینەوە.

من زیاتر لەوە كاتتان ناگرم، جارێكی تر دەستخۆشیتان لێ دەكەم، هەر سەركەوتوو بن، كوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.