Erbil 15°C پێنجشەممە 18 نیسان 16:55

هۆكاری سەرەكی نیشانە بێزاركەرەكانی كۆئەندامی هەرس بزانە 

کوردستان TV
100%

كلێر بارنز ،پسپۆڕی خۆراك پێشنیاری ئەوە دەكات كە تێبینی بكەیت كاتێك هەست بە هەندێك نیشانە دەكەیت لە كۆئەندامی هەرسدا، بەتایبەتی لەگەڵ بوونی فشار و دڵەڕاوكێ.دەتوانرێت نیشانەكان بەم شێوەیە كورت بكرێتەوە:
دڵەكزێ..
كلێر ڕوونیكردەوە كە دڵەكزێ پەیوەندی بە فشارەوە هەیە، بەڵگەكانیش ئەوە دەردەخەن كە لەسەدا 25ی دانیشتوانی گشتی بەلایەنی كەمەوە مانگانە جارێك تووشی دڵەكزێ دەبن.
لە مێژوودا وا بیردەكرایەوە كە دڵەكزێ پەیوەندی بە زیادەڕۆیی لە ترشی گەدەدا هەبێت، بەڵام تیۆرییە نوێیەكان پێچەوانەكەی پێشنیار دەكەن، چونكە كەمی ترشی گەدە (هیپۆهایدرۆكلۆرمیا) دەتوانێت هۆكارەكەی بێت.
ترشی گەدە بەرگری لە میكرۆبی نەخۆشخواز دەكات لە چوونە ناو ڕیخۆڵەكانەوە، بۆیە ئەگەر كەم بوو ئەوا ڕێگە بەم میكرۆبانە دەدات بچنە ناو ڕیخۆڵەكانەوە و دەتوانێت ببێتە هۆی گەشەكردنی بڕێكی زۆر لە بەكتریا زیانبەخشەكان.ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی جەستەت لە هەڵمژینی ماددە خۆراكیەكانی وەك ڤیتامین B12، ترشی فۆلیك، ئاسن، كالیسیۆم و زینك رێگری بكات .
كلێر دەڵێت: كەمی ئەم ماددە خۆراكیانە دەبێتە هۆی گۆڕانكاری لە شێوازی بەرهەمهێنانی گواستەرە كیمیاییە دەمارییەكان لە مێشكدا و لەوانەیە فشار و دڵەڕاوكێ زیاد بكات.
ئاوسانی سك ..
نزیكەی یەك لەسەر سێی ئێمە تووشی ئاوسانی  سك دەبین، بەڵام زۆر كەسیش تێبینی ئەوە دەكەن كە هەست بە سترێس یان دڵەڕاوكێ دەكەن، ئەوكاتە هەست بە ئاوسانی دەكەن.
كلێر گوتی: ئەمە شتێكی سەرسوڕهێنەر نییە چونكە كاتێك كۆئەندامی دەمار چالاك دەبێت لە كاتی فشاردا، ڕۆیشتنی خوێن بۆ كۆئەندامی هەرس كەم دەبێتەوە و دەبێتە هۆی دروست بوونی گاز.
كلێر ئاماژەی بەوەشكردووە، پێش نانخواردن دڵنیابە لەوەی هەست بە ئاسوودەیی دەكەیت، بە تەواوی سەرنجت لەسەر ژەمەكانی بەردەمت بێت و كاتت بۆ تەرخان بكە بۆ ئەوەی بە باشی بجویت.
قەبزی یان سكچوون ..
قەبزی دەتوانێت بەهۆی گەشەكردنی زۆری "میكرۆبی خراپ" لە ڕیخۆڵەدا بێت، یان میكرۆبی ڕیخۆڵە دەتوانێت كاریگەری پێچەوانەی هەبێت و ببێتە هۆی سكچوون بەهۆی بەرزی ئاستی سیرۆتۆنین.
كلێر دەڵێت: بە بەردەوامی خواردنی خۆراكە چەوركراوەكانی وەكو ساوەر و ماست دەتوانێت یارمەتی باشتركردنی هاوسەنگی و جۆراوجۆری مایكرۆبایۆتای ڕیخۆڵەكانت بدات.هەروەها زیادكردنی ڕێژەی ڕیشاڵەكانت (سەوزە و میوە و گوێز و دانەوێڵەی تەواو) و خواردنەوەی ئاوی زۆر لە ڕۆژدا یارمەتیدەرە بۆ باشتركردنی جوڵەی ڕیخۆڵە.
كێشی زیادە ..
لەبارەی كێشەی زیادەوە كلێر دەڵێت: بەڵگەكان لە زیادبووندان كە فشار و زیادبوونی هۆرمۆنی فشار، كۆرتیزۆڵ، ڕۆڵی هەیە لە قەڵەویدا.
ئەو ڕوونیكردەوە: زانراوە كە كۆرتیزۆڵ دەبێتە هۆی دابەشبوونەوەی خانە چەورییەكانی ناوچەی سك لەگەڵ هەستكردن بە زیادبوونی ئارەزووی خواردن، بۆیە كاتێك سترێست هەیە، لەوانەیە زیاتر بخۆیت.
نیشانەكانی قۆلۆن ..
نەخۆشی قۆلۆن نەخۆشییەكی ئاڵۆزە و هۆكارەكەی دیاریكردنی ئەستەمە، چونكە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر جیاوازە، بەڵام كلێر پێی وایە كە فشاری دەروونی دەتوانێت هۆكارێكی ئەگەری بێت بۆ تووشبوون بەو حاڵەتە یان لانیكەم هۆكاری سەرەكی بێت لە پشت سەرهەڵدانی نیشانەكانی.
نیشانەكانی نەخۆشی قۆلۆن لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر جیاوازە. دوو لەو نیشانانەی كە باس دەكرێن بریتین لە ئاوسانی سك و ئازاری سك یان گرژبوون.
 

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.