Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 00:33

ئەو ماددەیە دەدۆزرێتەوە كە زانایان زیاتر لە سەدەیەكە بەدوایدا دەگەڕان

کوردستان TV
100%

زانایان ماددەیەكی نوێیان دۆزیوەتەوە، كە میدیاكان بە "موعجیزە" وەسفیان كردووە، بەو پێیەی لە پلەی گەرمی و پەستانێكی نزمدا بۆ گواستنەوەی كارەبا كاردەكات.
ڕۆژنامەی ئەمریكی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویكردەوە، زانایانی ئەمریكی یەكەم ماددەیان بەرهەمهێناوە كە لەكاتی جووڵەی كارەبا بە نێو درێژایی وایەرەكاندا لەدەستدانی ووزە لەناو دەبات، ئەمەش نوێنەرایەتی پێشكەوتنێكی زانستی دەكات كە وادەكات تەمەنی پاترییەكان درێژخایەنتر و تۆڕی كارەبا، كاراتر بێت.
ئەو ماددانەی كە دەتوانن گەیاندنی كارەبایی بەبێ هیچ بەرگرییەك بگوازنەوە، كە بە سوپەركۆندێكتەر ناسراون، زۆر ناعەمەلی بوون ،چونكە پێویستیان بە ساردییەكی زۆر هەبوو بە نزیكەی 320 پلەی فەهرەنهایت و فشارێكی زۆریان لەسەر بوو بۆ ئەوەی كاربكەن.
لای خۆیەوە ڕۆژنامەی “The Independent”ی بەریتانی ڕایگەیاندووە، زیاتر لە سەدەیەكە زانایان بەدوای ئەو ماددەیە دەگەڕان ، ئاماژەی بەوەداوە كە دۆزینەوەی ئەو ماددەیە دەتوانێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی تۆڕی كارەبا كە توانای گواستنەوەی وزەیان هەبێت بەشێوەیەكی ڕێكوپێك، كە دەبێتە هۆی پاشەكەوتكردنی تا 200 ملیۆن مێگاوات كە لە ئێستادا بەهۆی بەرگرییەوە لەدەست دەچێت.
رۆژنامەكەلە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: هەروەها دەتوانێت بەشداری بكات لە یەكگرتنی ئەتۆمی، كە پرۆسەیەكی چاوەڕوانكراوە كە دەتوانێت وزەی بێسنوور دروست بكات، جگە لەمەش دەتواندرێت بۆ كارپێكردنی شەمەندەفەرە خێراكان و ئامێرە پزیشكییەكان سوودی لێ وەربگیرێ.
مادەی موعجیزە..
گروپێك لە توێژەرانی زانكۆی ڕۆچێستەری ئەمریكی بە سەرۆكایەتی زانا ڕەنگە دیاس ڕاپۆرتیان دا كە سوپەركۆندێكتەرێكی نوێیان داهێناوە كە دەتوانێت لە پلەی گەرمی ئاسایی و پەستانی زۆر كەمتر لە ماددە سوپەركۆندێكتەرەكانی پێشتر دۆزرابوونەوە، كار بكات.

لە توێژینەوە نوێیەكەدا كە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە گۆڤاری زانستی Nature بڵاوكراوەتەوە، توێژەران دەستكاری ڕێچكەی سوپەركۆندێكتەرەكانیان كردووە و نایترۆجین و كانزایەكی دەگمەنی زەوی كە بە لوتیتیۆم ناسراوە بۆ هایدرۆجین لەبری گۆگرد و كاربۆن زیادكردووە. ئەوان ناوی ماددەی دەرهاویشتوویان ناوە "مادەی سوور"، دوای ئەوەی تێبینیان كرد كە چۆن ماددەكە ڕەنگی لە شینەوە بۆ پەمەیی دەگۆڕێت بۆ سوور كاتێك پاڵەپەستۆ دەكرێت.
لەوبارەیەوە دكتۆر دیاس دەڵێت: بەم مادەیە دەتوانین بۆ نموونە شێوازی هەڵگرتن و گواستنەوەی كارەبا بگۆڕین و شۆڕشێك لە وێنەگرتنی پزیشكیدا بكەین.
لای خۆیەوە، ئەشكان سەلامات، هاوكار لەنووسەری توێژینەوەكە و فیزیازان لە زانكۆی نیڤادا، گوتی: لە پێنج ساڵی داهاتوودا ئامێرمان دەبێت كە پێكهاتەی سوپەركۆندێكتینگیان هەیە، ئەمەش بەو مانایەیە كە مۆبایل و لاپتۆپەكانمان پێویستیان بە كارەبای كەمتر دەبێت بۆكاردەكەن، و بەو خێراییە وزە لەدەست نادەن ،ئەمەش تەمەنێكی درێژتر بە پاتریەكان دەبەخشێت.
لای خۆیەوە ستانلی تۆزەر، زانای توێژینەوە لە تاقیگەی نیشتمانی لە زانكۆی ویلایەتی فلۆریدا دەڵێت: ئەم ئەنجامانە نوێنەرایەتی پێشكەوتنێكی زانستی دەكەن.


 

زانست و تەکنۆلۆژیا هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.