Erbil 15°C پێنجشەممە 18 نیسان 23:53

په‌یامێك له‌ به‌رپرسی مه‌کته‌بی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیانی پارتییه‌وه‌

کوردستان TV
100%


د.كه‌مال كه‌ركوكی به‌رپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای که‌رکووک - گه‌رمیان، پەیامێكی به‌بۆنه‌ی یادی "70" ساڵه‌ی دامه‌زراندنی هه‌ردوو ڕێکخراوی یه‌کێتیی قوتابیانی کوردستان و یه‌کێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان بڵاوكرده‌وه‌.

ده‌قی په‌یام:
پەیامی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای که‌رکووک - گه‌رمیان، به‌بۆنه‌ی یادی "70" ساڵه‌ی دامه‌زراندنی هه‌ردوو ڕێکخراوی یه‌کێتیی قوتابیانی کوردستان و یه‌کێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان
به‌بۆنه‌ی یادی "70" ساڵه‌ی دامه‌زراندنی هه‌ردوو ڕێکخراوی یه‌کێتیی قوتابیانی کوردستان و یه‌کێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی له دەستەی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و هەردوو سکرتاریەتی قوتابیان و لاوان و کادر و ئەندامان و سه‌رجه‌م قوتابیان و لاوانی کوردستان دەکەین.

یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، خاوه‌نی مێژوویه‌کی پڕ سه‌روه‌ریی مه‌زنن کە بە بڕیاری "بارزانیی نه‌مر" دامەزراون بە بیرکردنەوەیەکی تیژ و دوربینی بەھێزی نیشتمانپەروەری و گرینگیدان بە چینی لاو و پەروەردەکردنیان بە باوەڕ بە خۆ و  بە پرسی ڕەوای گەلی کوردستان و تێکۆشانی بێ وچان بۆ ڕزگارکردنی گەل و نیشتمان و پڕچەککردنیان بە زانست و ئامادەیی فیداکاری و ڕێزگرتنی بیر و بۆچونی جیاواز  و سینگفراوانی و، لەخۆبایی نەبوون لە کاتی سەرکەوتن و بێئومێد نەبوون لە کاتی شکست. ھەردوو پەروەردەی ئەو قوتابخانە سەربەرزەن، ھەربۆیە کە ئیستا لە تەمەنی (70) حەفتا ساڵیشدان بەوپەڕی ھێز و سەربەرزییەوە بەردەوامن  بۆ‌ بنیادنانی تاکی کورد و کوردستان لە هەموو بوارەکاندا و په‌یره‌وی ئه‌و پره‌نسیپ و دسپلینانه‌یان کردووه‌، که‌ له ‌سه‌ری دامه‌زراون و لە قۆناغەکانی خەباتی گەلەکەماندا شوێنی پێگەیاندن و پەروەردەی کوردایەتی و نیشتیمانپەروەری و هۆشیاریی نەتەوەیی بوونە و، لەو ڕێگەیەدا قوربانیان داوە.

هه‌ردوو ڕێکخراوی قوتابیان و لاوان، پرۆژەیه‌کی نەتەوەیی سەرکەوتوو بوون. لە ڕیزەکانی ئەم دوو ڕێکخراوە تێکۆشه‌ر و نیشتیمانپەروەرە، ژمارەیەکی بەرچاو له‌ سەرکردە و کادری به‌توانا و لێهاتوو که ڕۆڵ و پێگەی گرنگیان هەبووە و هەیه لە مێژووی خەباتی گەلەکەماندا، پەروەردە بوون و له ‌مێژووی پڕسەروەریی خۆیاندا، بەبێ جیاوازیی سیاسی و ڕەگەزی و ئاینی و مەزهەبی ئەرکی پەروەردەیی و زانستی و نیشتمانییان ئەنجام داوە و بەردەوام بوونە له کاروانی خەبات له پێناو به‌دیهێنانی ئامانجەکانی قوتابیان و لاوان و سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کانی کوردستان.

له‌یادی "70" ساڵه‌ی دامه‌زراندنی هه‌ردوو ڕێکخراوی تێکۆشه‌ردا، هیوای سه‌رکه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوونی به‌رده‌وامیان بۆ ده‌خوازین له پێگه‌یاندنی تاکی کۆمه‌ڵگه‌ی کورد و کوردستان له‌ سه‌ر ڕێگا و بنەمای  نیشتیمانپه‌روه‌ری و بیری ئاشتی و ئازادی و دیموکرارتی.

دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەھیدانی هه‌ردوو ڕێکخراوی سه‌ربه‌رز و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی کورد و کوردستان سه‌روه‌ریان "بارزانیی نه‌مر" و "کاک ئدریسی هه‌میشه‌ له‌یاد".

سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەھید فەرەنسۆ هەریری کە لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ  لە ھەولێری پایتەخت  بە دەستی تیرۆریستان شەھید کرا.

شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان.

بەرز و پێرۆز بێت ئەم یاده ‌شکۆداره‌ له‌ سەرجه‌م ‌قوتابیان و لاوانی کوردستان.

دکتۆر کەمال کەرکوکی
به‌رپرسی مه‌کته‌بی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان
18ی شوباتی 2023

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.