Erbil 15°C شەممە 20 نیسان 00:41

بەرهەمی ماسی کوردستان هەناردەی ناوچەکانی عێراق و وڵاتانی کەنداو دەکرێت

کوردستان TV
100%


بایەخدان و بەرەوپێشبردنی زیاتر بە بەرهەمهێنان، یەكێكە لە پلانە ستراتیژییەکانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمی ماسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە پارێزگای دهۆک دروستدەکرێت و 65٪ـی كارەكانی تەواو بووە.
ئامانج دروستکردنی ئەم پرۆژەیە، پڕكردنەوەی پێویستی ناوخۆ و پەرەپێدانیەتی بۆ ئاستێك بتوانرێت هەناردەی دەرەوە بكرێت، کە لە قۆناغی یەكەمیدا دەتوانێت لە ساڵێکدا 21 ملیۆن پەنجە ماسی و هەزار و 200 تۆن گۆشتی ماسی بەرهەم بهێنێت.
شوکری عومەر، بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەرهەمی ماسی، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند: ئەم پڕۆژەیە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و تەواوکاری بەرهەمی کشتوکاڵییە لە هەرێمی کوردستان، سەرمایەکەی 10 ملیۆن دۆلارە، لەئێستادا 500 دەرفەتی کاری بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ هاووڵاتییان ڕەخساندووە.
بەڕێوەبەری پڕۆژەكە، ئەوەش گوت: هیچ جۆرە پرۆژەیەکی بەرهەمی ماسی لە تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەو شێوەیە و بەو جۆرە سیستەمە، دروست نەکراوە، هەروەها تەکنەلۆژیایەکی پێشکەوتووشی تێدا بەکار هێندراوە.
ڕووبەرەی پڕۆژەکە 229 دۆنمە و پێکدێت لە هەڵهێنەری ماسی، تاقیگە، حەوزی خۆڵ و قەفەزی ماسی، پلانیش هەیە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ئالیک دابنرێت و دوای پڕکردنەوەی پێویستیی ناوخۆ، لە ئاییندەدا بەرهەمی ئەم پرۆژەیە هەناردەی بازاڕەکانی عێراق و وڵاتانی کەنداو بکرێت.
 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.