Erbil 15°C ھەینی 19 نیسان 03:22

كۆمێدیاكانی شكسپیر

کوردستان TV
100%


وەك چۆن شكسپیر لەتراژیدیادا  نووسەرێكی شانۆیی كەم وێنە بووە، لەهەمان كاتیشدا لە نووسینی  شانۆی كۆمێدیشدا  باڵا دەست بووە و لەتەمەنی خۆیدا  17 شانۆگەری كۆمێدی نووسیووە، هەندێ‌ جار  كۆمێدیای شكسپیری، بەكۆمێدیای رۆمانسیش ناودەبرێت. 
 لەسەردەمی ئەلیزابیسی دا كۆمیدیا مانایێكی جیاوازی هەبوو، زۆر جێگەی بایەخ بووە،  زۆر جاران شانۆگەرییەكان دەبوا  بەئەنجامێكی  بەختەوەر كۆتاییان بێت، بەڵام شكسپیر  بەحەزی زۆرینەی  بینەرانی كردووە، كە ئارەزوویان ئەوە بووە تراژیدیاكانی شكسپیر بەو كۆتاییە مەرگەساتانە نێت، كە دووچاری جۆرێك لەدڵگرانی و خەمۆكی دەكردن، بە لەناوچوونی كاراكتەرە ئەرێنی و رۆمانسیەكانی و سەركەوتنی خیانەت كاران و چاوچنۆك و تەماع كارانی دەسەڵات.
ئەگەرچی شسكپیر ویستویەتی درۆ لەگەڵ واقیع دا نەكات و رووداوەكان وەك خۆی بەرجەستە بكات و لەگەڵ بینەرانی خۆیدا راستگۆ بێت، بەڵام هەمیشە بینەر ویستویەتی ئەوەی لەواقیع دا دەیبینی لەشانۆو سینەمادا دووبارە نەبێتەوە، ئەوشتێ‌ ببینێ‌ كە ئاواتی بۆ دەخوازێ‌ و بەشێكە لەخەون و ئاواتەكانی. 
بۆیە شكسپیر ویستی لەرێگەی نووسینی شانۆی كۆمێدی ئاواتی بەشێك لەو بینەرانە بێنێ‌، بە رەچاو كردنی ئەوەی كە هەموو بینەران لەبۆچوون و دنیا بینی دا وەك یەك نین، وەك چۆن زۆرێك لەبینەران  بەشانۆگەرییە تراژیدییەكانی كاریگەر دەبن، بەڵام بەشێكی تر هەن ئارەزووی شانۆی كۆمێدی دەكەن .
لەلایەكی ترەوە شكسپیر  بەم چەند شانۆگەرییە كۆمێدییە ویستویەتی بڵێ‌ ئەو دەسەڵاتی بە سەر هەمووفۆرمێكی شانۆییدا دەشكێ‌ و بە تەنیا تراژیدیا نەبەستراوەتەوە.
 بۆیە خۆی لەزۆر شێوازی جیا جیای شانۆیی داوە، بەهەمان ئاستی شانۆگەرییە تراژیدیاكانی.
ئەم حاڵەتە هەر تەنها لەشانۆدا نەبووە، بەەمان شێوە لەسینەماشدا، هەر تەنها شانۆگەرییە تراژیدیاكانی شكسپیر نەكراون بەفیلم،  بەڵكو زۆرێك لەشانۆگەرییە كۆمێدی و رۆمانسییەكانیشی، لەسینەماشدا هەمان سەركەوتنیان بەدەست هێناوە كە لەشانۆدا هەبووە.
 گرنگترین شانۆگەرییە كۆمێدیەكانی شكسپیر بریتی بوون لە : 
(خەونی نیوەشەوی هاوین، كارەكان بەكۆتاییەكانیانەوە، وەك حەزی لێدەكەیت، سیمیلین، خۆشەویستی هەوڵێكی بێ‌ هودەیە، هاوار بەهاوار، بازرگانی ڤینیسیا، هاوسەرە خۆش بەزمەكانی وندرسون، ژاوەژاوێكی بێ‌ ئەنجام، بیرسیلیس، میر تیر، راهێنانی پلنگ، كۆمێدیای هەڵەكان، گێژەڵوكە، شەوی دوانزەهەم، دوو خزمە باشەكان، حیكایەتی زستان.
هەندێ‌  لەرەخنەگرانیش پێیان وابووە، ئەو شانۆگەریانەی بەكۆمێدیا ناونراون، لەرەسەندا شانۆگەری رۆمانسین.
شكسپیر هەوڵی داوە  لەرووی زمان و دیالۆگەوە، بەشێوازێكی كەمێك شەفاف ترو ساناتر شانۆگەرییەكانی داڕێژێ‌  و زمانێكی میللییانەیان  بداتێ‌، كە بەشی زۆریان لەم خاڵانەدا گرد دەبوونەوە:                                
*  لەو شانۆگەرییە كۆمێدیانە بەپلەی یەكەم پشتی بەدیمەن و رووداو بەستووە ، كە لەرێگەی دروست كردنی هەندێ‌ دیمەن و جوولەی كۆمێدی بینەر بێنێتە پێكەنین .                                                       
* ململانێ‌ ی گەنجە دڵدارەكان كە زۆرجاران كێشەیان لەگەڵ گەورەكانییان دابوو .                
 *لێك جودا بوونەوەو پاشان  گەڕانەوە بۆ باوەشی یەكتر، لەچوارچیوەی كۆمەڵێ‌ دیمەنی سەرەژێرو تەنز ئامێزدا.                                                        
* تەڵەكەبازی و ئەنجامەكانی، كە بینەر زۆرجاران بەهۆی ئاشكرابوونی ئەو تەڵەكە بازیانەو ریسوا بوونی كاراكتەرەكانی دڵخۆش بووەو  كەوتۆتە پێكەنین.                                                                                   
*كێشەو گرفتەكانی ناو خێزان، كە هەندێ‌ جار بینەر لەگەڵ  ئەو واقیعە   پێكەنیووە، رەنگە زۆر جاران واقیعی خۆی تێدا دۆزیبێتەوەو ئەویش بووبێتە بەشێك لەرووداوو كاراكتەرەكانی.
یەكێك  لەدیارترین شانۆگەرییە كۆمێدیەكانی شكسپیر (خەونێك لەنیوەشەوی هاوین دا ) ی شكسپیرە،  كە دەكەوێتە نێو چوارچیوەیەكی خەیاڵی،هاوكوف لەگەڵ واقیع داو رووداوەكانی لە(ئەسینا) روودەدەن.
 لەو نمایشەدا كاراكتەری (بۆتۆم ) دەبێتە گوێ‌ درێژو ئاشقی  تیتانیای شاژن دەبێت، بۆیە هەندێ‌ جار نمایشەكە بەناوی( خەونی بۆتۆم ) یش ناونراوە.
هەروا نمایشی ( شەوی دوانزەهەم) شانۆگەریەكی كۆمێدی نەبووە كە هەر تەنها خەڵك بهێنێتە پێكەنین، بەڵكو لەبنەچەدا شانۆگەریەكی تراژیدی بووە، بەڵام شكسپیر بەرگێكی خەیاڵی  لە بەر كردووە.
 شانۆگەریەكی لەناو شانۆگەریەكی تر داڕشتووە و دابەشی كردووە بۆ چەند بەشێك لەهەر یەكێكیان خەونێكی دیاری كردووە و هەموو خەونەكانیشی بەیەك بەستۆتەوە.
بۆیە زۆرێك لەرەخنەگران ئەو شێوازەی نێوان تراژیدیاو كۆمێدیایان لەشانۆگەریەكانی شكسپیر بەشێوازی ( كۆمێدیای تراژیدی  Tragicomedy ) ناو ناوە. 
فیلمی سەردەمی ون بوون 
ساڵی 2015 دەرهێنەری ناسراو ( ریتشاردبراسیول) فیلمێكی كۆمێدی دەربارەی ژیانی شكسپیر بەرهەم هێنا كە تێیدا سوودی لەچیرۆكێكی واقعی شكسپیر بینیووە ، دەرهێنەر ئەو سەردەمەی لە ژیانی شكسپیر ناو ناوە ( سەردەمی ون بوون) و تێیدا باس لەژیانی سادەی رۆژانەی شكسپیر دەكات بەر لەوەی ئەو ناوداریەتیە جیهانییەی هەبێ‌، لەوانە باسی ئەوە دەكات كە چۆن شكسیپیر چۆتە تیپێكی گۆرانی رۆك، بەڵام دواتر لە تیپەكە بە دەریان ناوە، بۆیە بە ناچاری  لەجلو بەرگێكی نەناسراودا، دەستی كردووە بەكاسبی تەماتە فرۆشی لەبازاڕەكانی لەندەن.
دەرهێنەر شكسپیری كردووە بەپیاوێكی بێ‌ كارو كاسبی، كە ئەو بێ‌ كاریەی زۆر جاران هەڕەشەی لەژیانی خێزانی كردووە، بۆیە سەری خۆی لەگوندەكەی خۆیان(ستراتفۆرد) هە ڵگرتووە، بەو ئاواتەی بچێتە شارو دەست بكات بەكاری نووسینی شانۆگەری.
دەرهێنەر بۆ وێنگرتنی ئەم رووداوانەی ژیانی شكسپیر رووی كردۆتە شوێنی لەدایك بوونی شكسپیر كە پێشتر بە ناوی ( ولیەم ) ناو نرابوو، بۆ ئەوەی  لەوێ‌ شوێنەوارەكانی ئەو نووسەرە بلیمەتە بەسەر كاتەوە.
حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.