Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 00:05

حاکم ڕزگار بە بەڵگەی یاسایی ڕوونی دەکاتەوە کە دادگەی فیدراڵی لە بنەڕەتدا نادەستوورییە

کوردستان TV
100%

ئەندامی پێشووی دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بە بەڵگەی یاسایی ڕوونی دەکاتەوە کە دادگەی فیدراڵی لە بنەڕەتدا دادگەیەکی نادەستوورییە و دەشڵێت، لای من پرسیار دروست دەکات بۆچی دەبێت دادگەیەک دروست بکرێت لە بنەڕەتدا دەستووریی نەبێت.

حاکم ڕزگار محەمەد ئەمین لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند: پێموایە لە بنەڕەتدا یاسای دادگەکە یاسایەکی نادەستوورییه،‌ چونکە بەپێی ماددەی (92) بڕگەی (2) لە دەستووری عێراق دادگەکە پێکنەهاتووە کە پێویستە شارەزا لە فیقهی ئیسلامی و یاساناس لە یاسا و دادوەری تێدابێت.

ڕاشیگەیاند: ئەوەی ئێستا کاری پێدەکات بێگومان ئەو یاسا دەستوورییە نییە، دەسەڵات و پێکهاتەکەی وەکو دەستوور نییە. پێکهاتەی دادگەگەکە وەکوو ماددەی (92) بڕگەی (2) دەستوور نییه.‌

سەبارەت بەوەی کە ئەو دادگەیە کەوتۆتە ژێر کاریگەری سیاسیی و هەستی نەتەوەیی لە بڕیارەکانیدا، حاکم ڕزگار دەڵێت: تەنانەت ئاو وهەواش کەوتۆتە ژێر کاریگەری سیاسییەوە، کام دەزگایە هەیە لەعێراقدا لەژێر کاریگەری سیاسیی نەبێت و بە پیشەی تەواوی خۆی هەڵبسێت؟ جەختیشی کردۆتەوە کە هەموویان لەژێر کاریگەری سیاسییدان.

دەشڵێت: دادوەر دەبێت لەسەروو هەموو ڕەچاوکردنێکی مەزهەبی و نەتەوەیی بێت، من دەڵێم بابەتەکە بەدەر نییە لە کاریگەری پشکداری حزبی، مەرج نییە بەناوی مەزهەبەوە یان نەتەوەوە شتێک بکات، بەڵام لە بابەتێکی لەمشێوەیەدا کە پەیوەندی بە ژیان و ئابووری ناوچەیەکەوە هەیە دەبێت ئەم دادگەیە هەڵوێستەکەی هەڵوێستێکی حقووقی-مافدارانە بێت.

باسی لەوەش کردووە کە "نابێت کێشەی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی بەغداد ڕێگر بێت لەوەی شایستەی دارایی خەڵکی کوردستان بفەوتێنرێت، ئەوە بابەتێکە و ئەمەش بابەتێکی دیکەیە، نابێت قووتی خەڵک ببێت بە بابەتێکی سیاسی.

حاکم ڕزگار هەر لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوەش داوە کە "بێبەشکردنی کۆمەڵێک خەڵک لە هەرێمێکدا یان هەرشوێنێکی  دیکەی عێراقدا لە بوودجەی عێراق نادەستووریە و ناهاوڕایە لەگەڵ مافی مرۆڤ و نە کارەکەش مرۆڤانەیە."

ئەو حاکمە جەختیشی کردۆتەوە کە "دادگەی فیدراڵی بە تەنیا دادگەیەکی شکلی داخراوی بچووک نییه،‌ ئەقڵ بچووک نییە وابەستە بێت بە قەزیەی نێوان دوو هاوسەر کە لەیەکتری جیادەبنەوە، بەڵام من مەزەندە دەکەم ئەو دادگە فیدڕاڵیە بۆ دەوڵەتێک بێت کە تێیدا ڕێز لە دەستوور بگرێت. دادگەی دەستووری لە عێراقدا، بەپێی یاسای بنەڕەتی ساڵی 1925 هەمیشە ئەو دادوەرانەی لەوێ دانراون دەبێت لە دادوەری دادگەی تەمیز بن، عێراق بەڕاستی ئەزموونی لەسەر دادگەی دەستوریی نییه."

کوردستان رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.