Erbil 15°C ھەینی 19 نیسان 08:50

داواكاری خۆپیشانده‌رانی پێنجوێن جێبه‌جێ ده‌كرێن

کوردستان TV
100%

وەزیرى دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕەزامەندى دا لەسەر داواکارییەکانى نوێنەرى خۆپیشاندەرانى پێنجوێن و ڕایگه‌یاند كه‌ هەر داواکارییەک لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییه‌كان بێت جیبەجێ ده‌كرێن، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى کێشەى کەمی داهات بەربەستی بۆ خزمەتگوزارییەکان دروستکردووە.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م ئاوات جەناب نوورى وەزیرى دارایی و ئابوورى لە شاری سلێمانی پێشوازی کرد لە نوێنەری خۆپیشاندەرانی شارۆچكه‌ی پێنجوێن و ژمارەیەک کەسایەتی شارەکە و لەگەڵیان کۆبووەوه‌.

نوێنەری خۆپیشاندەران یاداشتێکی هەشت خاڵییان پێشکەش بە وەزیری دارایی و ئابووری کرد کە بریتی بوون لە کێشەکانی (تەندروستی، ڕێگاوبان، کارەبا، ئاو، پەروەردە و خوێندن) لە سنوورەکەیاندا.

لای خۆشییەوە ئاوات جەناب نوورى ڕایگەیاند: داواکارییەکانیان ڕەوان، لە هەموو هەرێمى کوردستان کۆمەڵێک کەموکورتى هەیە کە هەندێکى چارەسەرى لە دەرەوەى تواناى حکوومەتى هەرێمە بەهۆى ئەو گەمارۆیەى لە (2013)ه‌وه‌ خراوەتە سەر هەرێمی كوردستان، لەگەڵ کێشەى کەمى داهات لەم سنوورە و پەیوەندى نێوان هەرێم و بەغدا.

وه‌زیری دارایی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى کەمی داهات هەیە و ئەوەش ڕەنگى داوه‌تەوە لە ئاستى خزمەتگوزارییەکان و پێنجوێنیش بەشێکە لەو شوێنانەى گرفتى بۆ دروست بووە.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئەوەى لە تواناى حکوومەتە بەڵینمانداوە بۆ جێبەجێکردنى، وەزارەتى کارەبا و پارێزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ماوەى ڕابردوودا وەڵامیان هەبووە بۆ داواکارییەکان، ئێمەش وەک وەزارەتى دارایی و ئابوورى لەسەر توانا و هەوڵەکانى پێشوومان بەردەوام دەبین و ئەوەى لە توانادا بێت ئەنجامى دەدەین.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.