Erbil 15°C چوارشەممە 24 نیسان 04:36

له‌باسكه‌ی ئه‌مه‌ریكا گۆڵدن ستەیت واریۆرز و بۆستن سێلتیكس سه‌ركه‌وتنیان تۆماركرد

کوردستان TV
100%


لە خولی باسكەی تیپە پیشەگەرەكانی ئەمەریكای ناسراو بە ئێن بی ئەی، تیپی گۆڵدن ستەیت واریۆرز پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی خولەكە بە سەدوبیست وسێ‌ خاڵ بەرامبەر بە سەدونۆ خاڵ لە تیپی مێمفیس گریزلیسی میوانی بردەوە.
 یاریەكە لە هۆڵی چایس سێنتەر لە شاری سان فرانسیسكۆی ویلایەتی كالیفۆرنیا بەڕێوەچوو، یاریزانانی گۆڵدن ستەیت ئاستێكی بەرزیان لە هەر چوار ماوەی ڕووبەڕوو بوونەوەكە پێشكەشكرد، تا لە كۆتاییدا بە جیاوازی چواردە خاڵ سەركەوتنیان بەدەستهێنا، بەم ئەنجامەش گۆڵدن ستەیت یەكەم سەركەوتنی لە دوای دوو دۆڕانی لەسەریەك بەدەستهێناو شازدەمین یاریشی لەم وەرزەی ئێن بی ئەی بردەوە، یاریزان جۆردان پاول ڕۆڵی كاریگەری لەم بردنەوەی گۆڵدن ستەیت بینی و سیی و دوو خاڵی لە یاریەكە تۆماركرد، كلای تۆمپسۆنی هاوكارەكەشی بیست وچوار خاڵی دیكەی بۆ تیپی براوە بەدەستهێنا.
 لەو لاشەوە یاریزان جا مۆرانت سیی و شەش خاڵی بۆ مێمفیس گریزلیس تۆماركردو تیپەكەشی دوازدەمین یاری لەم وەرزەی خولەكە دۆڕاند .
 
 
لە یاریەكی دیكەی خولی باسكەی پیشەگەرانی ئەمەریكا، تیپی بۆستن سێلتیكس بە سەدوسیی و نۆ خاڵ بەرامبەر بە سەدوهەژدە خاڵ لە تیپی میلواكی باكسی میوانی بردەوە.
 لە نیوەی یەكەمی یاریەكەدا، بۆستن بە شەستودوو خاڵ بەرامبەر بە شەستویەك خاڵ لەپێش میوانەكەی بوو، بەڵام لە نیوەی دووەم یاریزانانی بۆستن بە تەواوی كۆنتڕۆڵی یاریان كردو ژمارەیەكی زۆری خاڵیان تۆماركرد، تا لە ئەنجامدا ڕووبەڕوو بوونەوەكەیان بە جیاوازی بیست ویەك خاڵ بە سوودی تیپەكەیان تەواوكرد كە ئەمەش دووەم سەركەوتنی لەسەریەك و بیستوچوارەمین بردنەوەی بۆستن بوو لەم وەرزەی ئێن بی ئەی، ئێستاش تیپەكە لە پێشەنگی ڕیزبەندی گڕوپی ڕۆژهەڵاتی خولەكە دایە، یاریزان جایسۆن تاتوم ئاستێكی بەرزی لە یاریەكە پێشكەشكردو چل ویەك خاڵی بۆ بۆستن تۆماركرد، جایلێن براونی هاوكارەكەشی بیست و نۆ خاڵی دیكەی بۆ تیپی براوە بەدەستهێنا.
 لە بەرامبەریشدا، یاریزان جیانیس ئەنتێتۆ كۆنمپۆ بیست وحەوت خاڵی بۆ میلواكی تۆماركردو تیپەكەشی سێیەم یاری لەسەریەك و یازدەمین یاری لەم وەرزەی خولی باسكەی پیشەگەرانی ئەمەریكا دۆڕاند .
 

وه‌رزش باسکە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.