Erbil 15°C ھەینی 19 نیسان 06:33

په‌یامێك له‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌

کوردستان TV
100%


مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان،  په‌یامێكی به‌بۆنه‌ی 70 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌.

ده‌قی په‌یام:
پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسی پارتی بە بۆنەی(70) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
بەڕێز/ د. ڤیان سلێمان سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان

بەڕێزان/ هەڤاڵانی مەکتەبی سکرتاریەت و ئەنجوومەنی باڵای یەکێتی ئافرەتانی کوردستان..

ئەمڕۆ (70)ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان تێدەپەڕێ، ئەو رێکخراوەی رۆڵێکی گرنگ و مێژوویی هەیە لە خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان و کار و چالاکی پیشەیی، بۆیە هەمیشە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بە پێشەنگی بزاڤی ئافرەتانی گۆشکراو بە خەباتی مەدەنی و نەتەوەیی و نیشتیمانیمان دادەنرێ.

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لە هەلومەرجێکی تایبەت بە بڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا، ئەوسا و هەر لە سەرەتای کارکردنیەوە یەکیەتیەکەتان رێچکەیەکی راست و دروست و گونجاوی گرتەبەر وەک رێکخراوێکی داکۆکیکار لە مافی رەوای ئافرەتان، بۆیە تاوەکو ئەمڕۆش پێگە و جێگەی شیاوی خۆی گرتووە و بەردەوامە لە کار و چالاکییەکانیدا.

ئافرەتان وەک توێژێکی گرنگ و کاریگەری کۆمەڵگا پێویستە هەمیشە ئامادەییان لە هەموو بوارەکانی ژیان و کارکردن دا هەبێ، شانبەشانی چین و توێژەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگا کاربکەن بۆ گەشەپێدانی هۆشیاری و بیری نەتەوەیی و نیشتیمانی لەلایەک و لە پێناو دەستەبەرکردنی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لەلایەکی دیکەوە.

ئەمڕۆش پاش ئەو تەمەنە و ئەو خەبات و قوربانیدان و دەسکەوتانە، توێژی ئافرەتانی کوردستان جێگە و پێگەی شیاوی خۆیان لە جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتەکاندا گرتووە و بەشدارن لە دامەزراوە باڵا سیاسی و یاسایی و مەدەنییەکان، هەروەها بڕیاردان لەسەر چارەنووس و دوارۆژی کێشە رەواکەمان، ئەمەش مایەی شانازییە بۆ بزووتنەوی سیاسی و یەکێتییەکەتان. 

هەڤاڵانی بەڕێز…

کار و بەرنامە و کۆشش و چالاکییەکانی یەکێتییەکەتان تا دێ پڕ بایەختر و قورستر دەبێ بەتایبەتی لە رووی ئەو گۆڕانکارییە هەمەلایەنەی سەردەم و ئەو لێشاوەی شۆڕشی تەکنەلۆجیا و ئامرازەکانی پەیوەندیکردن کە کاریگەری زۆری بەسەر تاکەکان و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە، بۆیە پێویستە بە هەموو لایەک و بە هەموو جۆر و رێگایەکی گونجاو کاربکەین بۆ پەروەردەکردن و بونیاتنانی تاکی هۆشیار و بەرهەمهێن و، داڕشتنی بنەما پێشکەوتوو و سەردەمەییەکان بە جۆرێک لە خزمەتی بەها و مۆراڵ و نەریتە سوودبەخشە رەسەنەکانمان بن.  

بەو بۆنەیەوە و لەو دەرفەتەدا جارێکی  دیکە تەواوی پشتیوانی و پاڵپشتی خۆمان بۆ کار و چالاکی و بەرنامەکانتان دووپات دەکەینەوە، هەروەها جەخت دەکەینەوە سەر پتەوکردن و بەهێزکردنی بنەما هاوچەرخ و راست و دروستەکانی پەروەردە و پێگەیاندن و رووبەرووبوونەوەی هەموو ئەو دیاردە و رەفتار و کردەوە ناپەسند و دزێوانەی بەها و نەریتە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان لەکەدار دەکەن و دەیشێوێنن و دەبنە هۆی جۆرەها دەردی کۆمەڵایەتی و لێکترازانی کۆمەڵایەتی، کە زۆر دوورن لە دابونەریتە راستەقینەکانی کۆمەڵگای کوردەواریمان. 

لەم یادە شکۆدارەدا و وێرای گەرمترین پیرۆزباییمان لە ئێوە و سەرجەم کادیر و ئەندامان و ئافرەتانی کوردستان، ئومێدەوارین هەردەم بەرەو پێش بچن و خزمەتی زیاتر بە توێژی ئافرەتان و کۆمەڵگا و وڵاتەکەمان بکەن.  
 
مەکتەبی سیاسی 
پارتی دیموکراتی کوردستان
11ى12ى2022

کوردستان هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.