Erbil 15°C پێنجشەممە 25 نیسان 10:08

له‌ باسكه‌ی ئه‌مه‌ریكا برۆكلین نێتس و ساكرەمێنتۆ كینگس براوه‌بوون

کوردستان TV
100%


 
لە خولی باسكەی تیپە پیشەگەرەكانی ئەمەریكای ناسراو بە ئێن بی ئەی، تیپی برۆكلین نێتس سەركەوتنی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەدەستهێناو بە سەدونۆ خاڵ بەرامبەر بە سەدوحەوت خاڵ لە تیپی پۆرتلاند ترایلی میوانداری بردەوە.
 یاریەكە لە هۆڵی مۆدا سێنتەر لە شاری پۆرتلاند بەڕێوەچوو، لە هەر چوار ماوەی ڕووبەڕوو بوونەوەكەدا ئاستی یاریزانانی هەردوو تیپ و ژمارەی خاڵەكانیان لە یەكتر نزیك بوو، تا لە كۆتاییدا، تیپی میوان بە جیاوازی تەنها دوو خاڵ سەركەوتنی بەدەستهێنا، بەم ئەنجامەش برۆكلین نێتس سەركەوتنی لە دوای دوو دۆڕانی لەسەریەك بەدەستهێناو حەوتەم یاری لەم وەرزەی ئێن بی ئەی بردەوە.
 یاریزان كیڤن دورانت ڕۆڵی كاریگەری لەم بردنەوەی برۆكلین نێتس بینی و سیی و پێنج خاڵی لە یاریەكە تۆماركرد، لەو لاشەوە یاریزان دامیان لیلارد بیستوپێنج خاڵی بۆ پۆرتلاند بەدەستهێناو تیپەكەشی پێنجەم یاری لەم وەرزەی خولەكە دۆڕاند.

 
لە یاریەكی دیكەی خولی باسكەی پیشەگەرانی ئەمەریكا، تیپی ساكرەمێنتۆ كینگس بە سەدوسیی خاڵ بەرامبەر بە سەدودوازدە خاڵ لە تیپی سان ئەنتۆنیۆ سپێرزی میوانی بردەوە.
 لە نیوەی یەكەمی یاریەكەدا، ساكرەمێنتۆ بە شەستوسێ‌ خاڵ بەرامبەر بە پەنجاوشەش خاڵ لەپێش میوانەكەی بوو، لە نیوەی دووەمیش ئەم پێشكەوتنەی تیپی میواندار درێژەی هەبوو تا لە ئەنجامدا ڕووبەڕوو بوونەوەكەی بە جیاوازی هەژدە خاڵ بە سوودی خۆی تەواوكرد كە ئەمەش پێنجەم بردنەوەی لەسەریەك و هەشتەم سەركەوتنی تیپەكە بوو لەم وەرزەی ئێن بی ئەی، یاریزان دی ئارۆن فۆكس ئاستێكی بەرزی لە یاریەكە پێشكەشكردو بیستوهەشت خاڵی بۆ ساكرەمێنتۆ تۆماركرد، لە بەرامبەریشدا، یاریزان دێڤین ڤاسێل بیستونۆ خاڵی بۆ سان ئەنتۆنیۆ بەدەستهێناو تیپەكەشی سێیەم یاری لەسەریەك و دەیەمین یاری لەم وەرزەی خولەكە دۆڕاند.
 

وه‌رزش باسکە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.