Erbil 15°C شەممە 20 نیسان 06:48

ترس لە تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە بەكاربردنی شەكری لەلایەن هاووڵاتییانەوە كەمكردووەتەوە 

کوردستان TV
100%

لەئێستادا بەهۆی ترس لە تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە، ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان كەمتر شەكر بەكاردەبەن و پێیان وایە خۆپاراستن لە خواردنی شەكر بە تایبەتی لەگەڵ هەڵكشاندنی تەمەندا گرنگە.
شەكر بە چەندین شێوازی جیاواز لە بازاڕەكاندا دەفرۆشرێت، دیارترینیان شەكری ئاساییە كە تێكەڵ بە چا و ژمارەیەك خورادنەوەی دیكە دەكرێت.
یەكێك لە جۆرەكانی شەكر، شەكری ئاساییە كە پێی دەگوترێت شەكری سپی یان شەكری چای كە بەناوبانگترین جۆری شەكرە و لە هەموو ماڵێكدا بوونی هەیە و یەكێكە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی تووشبوونی مرۆڤ بە نەخۆشی شەكرە و لەگەڵ ئەوەی لە هەرێمی كوردستان خەڵكێكی زۆر حەز بە خواردنەوەی چا دەكەن و جگە لە خواردنەوەی لە ماڵەوە لە چایخانەكانیشدا چایەیەكی زۆر دەخورێتەوە.
شەقامی ئیسكانی شاری هەولێر كە شەقامێكی میللییە و پڕیەتی لە چێشتخانە و چایخانە، خەڵكێكی زۆر بۆ نانخواردن و دانیشتن لە چایخانەكان، هەروەها بەسەردبردنی كاتێكی خۆش لەگەڵ هاوڕێكانیان رووی تێدەكەن.
لەوبارەیەوە مامۆستا تەحسین حەمەد عەبدوڵڵا تەمەنی 65 ساڵە و ماوەی دوو ساڵ دەبێت خانەنشین بووە، ئەو بەدەم چا خواردنەوە لە یەكێك لە چایخانەكانی شەقامی ئیسكان ئاماژە بەوە دەكات كە بەهۆی هەڵكشانی تەمەنەوە خواردنی شەكری كەم كردووەتەوە. 
گوتیشی: هەندێكجار لە میوانداری یان لە رێوڕەسمێك كاتێك شتێكی شیرین دەخۆیت، هەست دەكەیت كە كاریگەری خراپی لەسەر جەستەت هەیە، بۆیە خواردنی شەكر بە رێژەیەكی زۆر، بە دڵنیایییەوە خراپە و دەبێت ئاگاداری تەندروستی خۆمان بین.
هەروەها دانا ئاراز كارمەندێكی كەرتی تایبەتە گوتی: رۆژانە 25 بۆ 30 چای دەخۆمەوە، زیاتر چای بێ رەنگ و كەم شەكر دەخۆمەوە، ئێستاش لەسەر كارەكەم هاتوومەتە ئێرە تا چەند چایەك بخۆمەوە و بڕۆمەوە سەر كار، بەهۆی زۆرخواردنەوەی چا، وا راهاتووم كە شەكری كەم بخۆم.
شیانی باسە بەپێی ئامارەكانی سەنتەری لەیلا قاسم بۆ نەخۆشی شەكرە لە شاری هەولێر، رۆژانە 200 كەس سەردانی سەنتەرەكە دەكەن و ساڵانەش نزیكەی دوو هەزار كەس لە هەولێر وەك تووشبووی شەكرە تۆمار دەكرێن.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.