Erbil 15°C شەممە 20 نیسان 00:53

ئۆکراینا: بەڵگەمان لەبەردەستە کە ئێران یارمەتی ڕووسیای داوە بۆ بەکارهێنانی درۆن دژی وڵاتەکەمان

کوردستان TV
100%

ئۆکراینا جەخت دەکاتەوە کە بەڵگەیان لەبەردەستە، ڕاهێنەرانی ئێرانی یارمەتی ڕووسیایان داوە بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەدژی ئۆکراینا، کە شوێنی گشتیی و هاووڵاتییانی مەدەنی کردۆتە ئامانج.

ڕووسیا لە مانگی ڕابردووەوە دەستی بە ئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا کردووە بە بەکارهێنانی مووشەکی کروز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران، ئەمەش زیانێکی زۆری بە تۆڕی کارەبای وڵاتەکە گەیاندووە.

ڤیتالی کلیچکۆ سەرۆکی شارەوانی کیێڤ ئامۆژگاری دانیشتووانی پایتەخت دەکات کە پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک ئاو، پاتری شەحنکراو، پێداویستی خۆراک و جلوبەرگی گەرم کۆبکەنەوە، چونکە ناتوانرێت پچڕانی تەواوەتی کارەبا کۆنتڕۆڵ بکرێت.

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، نزیکەی نیو ملیۆن  لە دانیشتووانی پایتەخت ڕۆژی هەینی ڕابردوو بێ کارەبا بوون، لەکاتێکدا چەند هەفتەیەکە هێرش بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا زیانێکی زۆری بە تۆڕی کارەبای ئەو وڵاتە گەیاندووە.

بەرپرسانی ئۆکرانیا ئاماژە بەوە دەدەن کە ئامانجی ڕووسیا ماندووکردنی هاووڵاتییانی مەدەنییە.

دوای ئەوەی ئێران چەندینجار تۆمەتەکانی ئۆکراینای ڕەت کردەوە سەبارەت بە یارمەتیدانی ڕووسیا بۆ بەرکاهێنانی درۆن دژی ئۆکراینا، بەڵام ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ئێران بۆ یەکەمجار دانی بەوەدانا کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ مۆسکۆ دابین کردووە.

حوسەین ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: چەند مانگێک پێش ئەوەی مۆسکۆ لە 24ـی شوباتی ئەمساڵ دەست بە هێرشەکانی بکات، ژمارەیەکی کەم فڕۆکەی بێفڕۆکەوانمان ڕەوانەی ڕووسیا کرد.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لەدوایین گوتاریدا تارانی بە درۆزن ناوبرد و گوتی: ڕۆژانە زیاتر لە 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی دەخەینە خوارەوە، لە کاتێکدا کە ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە پێش دەستپێکردنی هێرشەکە بێت بۆ سەر وڵاتەکەمان بە ڕێژەیەکی کەم درۆنیان بە ڕووسیادا بێت.

گوتیشی: ئێمە بە دڵنیاییەوە دەزانین کە ڕاهێنەرە ئێرانییەکان ڕووسیایان فێر کردووە کە چۆن ئەو درۆنانە بەکاربهێنن، تارانیش بە گشتیی لەمبارەیەوە بێدەنگە.

 زێلێنسکی ئاماژەی بەوەش دا کە تەنیا ڕۆژی شەممەی ڕابردوو 11 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران خراونەتە خوارەوە.

جەختیشی کردەوە کە گرتنەبەری ڕێوشوێنی زیاتر پێویستە بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکە، هاوبەشانی کیێڤ هەنگاویان بۆ بەهێزکردنی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە ناوە و لەم دواییانەشدا ڕێککەوتن لەسەر دروستکردنی میکانیزمێک بۆ یارمەتیدانی چاککردنەوە و پاراستنی ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی کراوە.

هاوکات بەپێی گوتەی دیمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا، لەگەڵ چەند وڵاتێک ڕێککەوتن کراوە و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ سیستەمی بەرگری ئاسمانی زیاتر دەگاتە دەستیان، بەڵام ناتوانێت لەمبارەیەوە وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.

جیهان میدیا راپۆرت

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.