Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 12:13

بەردی بناغەی سێ پۆند لە ئیدارەی گەرمیان دانران

کوردستان TV
100%

دوێنێ پێنجشه‌م بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە یاوەریی ستافێکی باڵای وەزارەت، سەردانێکی مەیدانیی ئیدارەی گەرمیانی کرد و لەلایەن جەلال شێخ نووری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەرپرسانی ئیداری لە دیوانی ئیدارە پێشوازی لێ کرا.

لە دیداری نێوان تیمی هەردوولادا، جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی زیاتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سێکتەری کشتوکاڵ لە سنووری گەرمیان و کار و پڕۆژەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ کرایەوە.

دواتر بێگەرد تاڵەبانی بە یاوەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بە ئامادەبوونی کەسایەتییەکانی ناوچەکە، بەردی بناغەی پۆندی سەرقزڵ داندرا، پۆندەکە بە بودجەی 766 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو جێبەجێ دەکرێت کە توانای گلدانەوەی 335 هەزار م3 ئاوی هەیە.

لە دانانی بەردی بناغەی پۆندەکەدا وه‌زیری كشتوكاڵ ڕایگەیاند: دڵخۆشم بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکەمان، لەم شوێنەدا خەڵکی قارەمانی ئەم گوندە لە گەرمیان، دەیان شەهیدی سەربەرزیان لەپێناو کوردایەتیدا بەخشیوە، بۆیە شایەنی ئەو جۆرە پڕۆژانەن.

هاوکاتی گرنگیدان بە پڕۆژە ئاودێرییەکان لە گەرمیان، دوو پۆندی دیکە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە پێکدێن لە پۆندی سەید حوسێن بە گوژمەی 744 ملیۆن دینار لە سنووری قەزای کفری و پۆندی گۆبان بە گوژمەی 681 ملیۆن دینار لە سنووری قەزای کەلار.

دواتر پۆندی ئەلی میر لە سنووری شاره‌دێی قۆرەتوو بەسەرکرایەوە و لەنزیکەوە بەدواداچوون بۆ کێشە دارایی و تەکنیکییەکان و چاکسازی و پاککردنەوەی پۆندەکە کرا.

جێی باسه‌ تەواوبوونی ئەم پۆندانە دەبێتە هەنگاوێگی گرینگی بووژانەوەی سێکەری کشتوکاڵی و چارەسەرکردنی کێشەی ئاودێریی جووتیاران و زیادکردن و گلدانەوەی زیاتری ئاو لە سنووری گوندەکانی ئیدارەی گەرمیان.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.