Erbil 15°C شەممە 20 نیسان 07:59

هەولێر؛ 300 ملیۆن دۆلار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی گرنگ تەرخان دەکرێت

کوردستان TV
100%

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، بە گوژمەی 300 ملیۆن دۆلار پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی قورسی هەولێر جێبەجێ دەكرێت.

لە ڕاگەیەنراوێک وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پڕۆژەی ئاوی قورسی هەولێر بە گوژمەی 300 ملیۆن دۆلار بە درێژیی 75 كیلۆمەتر ئاوەڕۆ بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفتی ئاوی قورسی شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێت كە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی شاری ھەولێر و بە سێ قۆناغ تەواو دەبێت، ئەو ئاوەی كە لە ماڵان بەفیڕۆ دەچێت جارێكی دیكە خاوێن دەكرێتەوە و بەكار دەهێندرێت بۆ پارک و باخچەكان و ئاوەڕۆكانیش بە شێوەیەكی سەردەمی دروست دەكرێن و سوودێكی زۆری دەبێت.

ڕاشیگەیاند: دوێنێ چوارشەممە 21ـی 09ـی 2022، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و نوێنەرانی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی و ڕێكخراوی UNDP و كۆمپانیا ژاپۆنییەكان، پڕۆسەی كردنەوەی تەندرە پێشكەشكراوەكانی پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان لەسەر قەرزی ژاپۆنی بۆ ئاوەڕۆی قورسی شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

ئەوەشی خستەڕوو کە گوژمەی پرۆژەكە 300 ملیۆن دۆلارە و لەسەر قەرزی وڵاتی ژاپۆنە، سەرەتا یەک لەسەر ھەشتی جێبەجێ دەكرێت، كە 75 كیلۆمەتر ئاوەڕۆیە و یەك لەسەر ھەشتی وێستگەی خاوێنكردنەوەی ئاوەكەیە كە پێی دەگوترێت پڕۆژەی ئاوی قورسی ھەولێر.

ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پرۆژەكە ئاماژەی بەوە دا کە پڕۆژەكە بە سێ قۆناغ تەواو دەبێت و ئێستا تەنیا پارە بۆ قۆناغی یەكەم دابینكراوە و تەنیا ماوە دەست بە جێبەجێكردنی بكرێت، قۆناغی دووەمیش 400 كیلۆمەتر ئاوەڕۆیە، لەكاتی دەستبەكاربوونی پڕۆژەكەشدا كرێكاری كوردیش سوودمەند دەبێت و دەتوانێت لە پڕۆژەكەدا كار بكات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.