Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 11:48

ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیان ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر پۆسته‌كانی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی هه‌رێم و پارێزگاری كه‌ركووك بڵاو ده‌كاته‌وه‌

کوردستان TV
100%

ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر پۆسته‌كانی سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاری كه‌ركووك بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ سه‌رجه‌م پۆسته‌كان ئیستیحقاقی گەلی گوردن و مافی گەلی کوردستانن، نەک تاپۆی کەسێک یان پارتێكی سیاسی یا چەکداری یان کەسایەتییەکی دیاریکراو.

ده‌قی ڕوونكردنه‌وه‌كه‌ی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیان:-

لەم ڕۆژانەدا لێرە و لەوێ زۆر باسی پۆستەکانی سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و پارێزگاری کەرکووک دەکرێت! بۆیە بە گرینگمانزانی ئەم ڕوونکردنەوەیە ئامادە بکەین و بیخەینە بەر دەستی دڵسۆزانی گەلی کوردستان.

بەڕێزان هەموو پۆستێک لە ھەرێمی کوردستان و ئەو پۆستانەشی لە بەغدا ئیستیحقاقی گەلی كوردن و مافی گەلی کوردستانن، نەک تاپۆی کەسێک یان پارتیەکی سیاسی یا چەکداری یان کەسایەتییەکی دیاریکراو.

بۆیە زۆر زۆر گرینگە ھەموو تاکێکی گەلی کوردستان باش بزانێت کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی عێراق و ھەرێمی کوردستان، پارتی و یەکێتی بە یەك لیستی ھاوبەش بەشداری ھەردوو ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراقیان کرد و زۆرینەی دەنگی گەلی کوردستانیان بەدەستھێنا، ھەردوولا لەسەر دابەشکردنی پۆستە سیادییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق ڕێککەوتن و دابەشیان کرد، چونکە گەلی کوردستان زۆرینەی دەنگی خۆیان بەو لیستە ھاوبەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دابوو.

بەوەی گەلی کوردستان مافی تەواوی بەو لیستە ھاوبەشەی پارتی و یەکێتی دابوو، ھەردوو حزب شەرعییەتی گەلی کوردستانیان بەدەست ھێنابوو، بۆیە توانییان پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەو قۆناخە بە ڕێزدار کاک مسعود بارزانی بسپێرن و سەرۆکی کۆماری عێراقیش بە خوالێخۆشبوو مام جەلال بسپێرن.

بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئیتر ھەتا ھەتا تاپۆ بێت لەسەر ناوی پارتی و سەرۆک کۆماریش تاپۆ بێت لەسەر ناوی یەکێتی. ئەوە دروست نییە و ھیچ کاتیش گەلی کوردستان پەسەندی ناکات!!! چونکە مافی گەلی کوردستانە پۆستەکان بە چ کەس و پارت و لایەنێک بدات بە ئەمانەت بۆ خولێک دوو کەسی شیاو بۆ ئەو دوو پۆستە دیاری بکرێت، ئەویش لەلایەن نوێنەرانی خەڵکی کوردستانەوە لە پەڕلەمانی کوردستان لە کەش و ھەوایەکی ئازاد لە ناو پەڕلەمانی کوردستان بە دەنگدان ئەو دوو پۆستە پڕ بکرێنەوە.

ئیتر ئەو کەسانە کە پەڕلەمانی کوردستان دەسنیشانیان دەکات ھەردوو لە یەک حزب دەبن یا ھەر یەکێکیان لە حزبێک، یان ھەردوو بێلایەن یان یەکیان بێلایەن و یەکیان لە حزبێک بێت. گرینگ ئەوەیە نوێنەرانی خەڵکی کوردستان ئەو بڕیارە بدەن نەك حزبێکی دیرایکراو کە خەڵکی کوردستان دە نگێکی سنوورداری پێی داوە و بە ھیچ شێوەیەك نەتوانێت زۆرینەی دەنگی ناو پەڕلەمان بەدەست بهێنێت. لەبەر ئەمە گرینگە لایەنێک کە ناتوانێت ‏ھیچ پۆستێکی سیادی نە لە کوردستان و نە لە عێراق بە دەست بهێنێت و، بیەوێت بە ناشەرعی و گوێنەدان بە دەنگی گەل و ڕێزنەگرتن لە گەل و پشت بە نەیارانی گەلی کوردستان پۆستێک بەدەس بهێنێت!!!  با ئەو لایەنە بە خۆدا بچێتەوە و ھەڵەکانی خۆی چاک بکات، بەڵکو لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا گەلی کوردستان کەمێک ئەرێنیتر ھەڵیان بسەنگێنن و دەنگی زیاتریان پێ بدەن و چەند کورسییەکی زیاتر بێنن.

بۆ بابەتی کەرکووکیش بە ھەمان شێوە، زۆرینەی دانیشتووانی کەرکووک کوردن و لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لیستی برایەتی لە (41) کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك  (26) کورسیی ھێنا بۆیە پارێزگاری کەرکووک ئیستحقاقی کوردە و، دەبێت کورد پارێزگارێک دیاری بکات ودابنێت، لەبەرئەوەی ئەو بابەتە مافی کوردە بۆیە مافی گەلی کوردستانیشە لە ڕێگای نوێنەرەکانی گەل لە پەڕلەمانی کوردستان ئەو پارێزگارە دیاری بکات و دابندرێت.

بۆیە گرینگە گشت لایەنەکان ڕێز لەگەلی کوردستان بگرن و بۆ چارەسەری کێشەکانیان پەنا بەرن بۆ گەل و ڕێز لەدەنگی نوێنەرانی گەل لە پەڕلەمانی کوردستان  بگرن .

دکتۆر کەمال کەرکووکی

سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووك - گەرمیان

22-9-2022

 

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.