Erbil 15°C شەممە 20 نیسان 06:11

دووەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی گەشتیاری لە دهۆك بەڕێوە دەچێت

کوردستان TV
100%


بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی گەشتوگوزار بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگەی دهۆك بە هەماهەنگیی لەگەڵ دامودەزگە پەیوەندیدارەكانی سنووری پارێزگەی دهۆك، دووەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی گەشتیاری لە پارێزگەی دهۆك بەڕێوە دەچێت، كە ئەم پێشانگەیە یەكێكە لە بایەخدانەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بە كەرتی گەشتوگوزار بۆ پەرەپێدانی سێكتەرەكە و زیادكردنی سەرچاوەكانی داهات.
پێشانگەكە كاتژمێر 5ی ئێوارە لە رۆژی (سێشەممە 27/9/2022) لە گۆڕەپانی تەلەفریكی چیای زاوا لە شەقامی بارزان لە پارێزگەی دهۆك بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بە بەشداری زیاتر لە 150 كۆمپانیای ناوخۆ و بیانی دەستپێدەكات و تا 29ی مانگ بەردەوام دەبێت كە زیاتر لە سەد خیوەت و شوێنی تایبەت بۆ كۆمپانیا و لایەنە بەشدارەكان ئامادە دەكرێت.
ئامانج لە پێشانگەكە ناساندنی سێكتەری گەشتوگوزارە لە سنووری پارێزگەی دهۆك كە دەوڵەمەندترین پارێزگەیە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق لە بواری گەشتوگوزاردا، لە پێشانگەكەدا چەندین پرۆگرامی جیاواز پێشكەش دەكرێن، لەوانە نیشاندانی كاری دەستی و جلوبەرگی كولتووری و پێشكەشكردنی چەندین پانێلی ئەكادیمی تایبەت بە پەرەپێدانی گەشتوگوزار و واژووكردنی گرێبەستی گەشتوگوزار لەگەڵ كاری هونەری لەلایەن تیپە هونەرییەكان و سەدان جۆر لە كاری دیكە كە پەیوەندیدارن بە سێكتەری گەشتوگوزار.
جگە لە بەشداری كۆمپانیا و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان لە بواری گەشتوگوزار، هاوكات وڵاتانی عێراق و لوبنان و توركیا و میسر و ئوردن و دوبەی و دومینیكا و سانت كیتس و ڕووسیا و ئێران لە ڕێگەی كۆمپانیاكانیانەوە بەشدار دەبن.
سەبارەت بە ئامادەسازییەكانی پێشانگەكە، ئێستا بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری پارێزگەی دهۆك سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەسازی زۆر باش كراوە و هێشتاش تیمە جیاوازەكانی ڕێكخەری پێشانگەكە لە كاركردن و ئامادەسازییەكانیان بەردەوامن كە چاوەڕێ دەكرێت بە سەدان هەزار كەس سەردانی پێشەنگەكە بكەن.
 

کوردستان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.