Erbil 15°C پێنجشەممە 25 نیسان 09:01

حکوومەتی هەرێم: بەهۆی چاکسازییەوە داهاتی گومرگ زیادی کردووە

ئه‌مڕۆ مووچەی ئەم شوێنانە دابەش دەكرێت
کوردستان TV
100%

حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە لە کابینەی نۆیەم، بەهۆی ئەنجامدانی چاکسازییەوە داهاتی باج و گومرگ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو چەند بەرامبەر زیادی کردووە.

لە ڕاگەیەنراوێک فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند: کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە هەنگاوی جددی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە سەرجەم سێکتەرەکاندا هەڵگرتووە و تاوەکو ئێستاش کاری زۆر باشی لەو بوارەدا کردووە.

ڕاشیگەیاند: چاکسازییەکان کاریگەری زۆری لەسەر کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان هەبووە، بە تایبەت لە بواری باج و گومرگ و ئێستاش داهاتی باج و گومرگ بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو چەند بەرامبەر زیادبووە، بەبێ ئەوەی هیچ بڕێک لە وەرگرتنی باج زیاد کرابێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بەپێی داتاکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داهاتی گومرگ چەند بەرامبەر زیادی کردووە.

فەرمانگەکە داتاکانی ڕاپۆرتەکە دەخاتەڕوو کە بەمشێوەیە: لە ساڵی 2016 داهاتی گومرگ 0.563 تریلیۆن دینار بووە، لە ساڵی 2017 بووە بە 0.746 تریلیۆن دینار و لە ساڵی 2018 زیادی کردووە بۆ 0.956 تریلیۆن دینار و لە ساڵی 2019 بڕەکە بووە بە 1.566 تریلیۆن دینار و لە ساڵی 2020 بڕەکە بووە بە 1.408 تریلیۆن دینار و لە ساڵی 2021 بۆ 1.691 تریلیۆن دینار زیادی کردووە و لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی2022یش داهاتی گومرگی هەرێمی کوردستان 0.848 تریلیۆن دینار بووە.

هەر لە ڕاگەیەنراوەکە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆکارەکانی زیاد بوونی داهاتی گومرکی بۆ چەند خاڵێک گەڕاندووەتەوە کە ئەمانەن:

• ئازادکردنی کاری بازرگانی و تڕانزێت.

• نەهێشتنی قۆرخکاری.

• بەئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی گومرگ لە دەروازە و فڕۆکەخانەکان.

• کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری گومرگ.

 

سەبارەت بە زیادبوونی داهاتی باجیش هاتووە کە هیچ گۆڕانکاریەک لە بڕەکەی دا نەکراوە، بەڵام لە ساڵانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی باج بەشێوەیەکی بەرچاو زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە ئەوەش بەهۆی رێکخستنەوەی باج و پابەندکردنی کۆمپانیا گەورەکان بە پێدانی باج.

باسی لەوەش کردووە کە بەپێی ئامارێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2016 دا داهاتی باج 179 ملیار دینار بووە، لە ساڵی 2017 دا ئەو بڕە بۆ 206.6 ملیار دینار و لە ساڵی 2018 بۆ 308.5 ملیار دینار و لە ساڵی 2019 دا بۆ 627.4 ملیار دینار زیادی کردووە، بەڵام لە ساڵی 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بڕەکەی بۆ 578 ملیار دینار کەمبووەتەوە و لە ساڵی 2021 یشدا بووە بە 796.2 ملیار دینار و تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022 یش 418.8 ملیار دینار داهاتی باج لە هەرێمی کوردستان کۆکراوەتەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژە بەوەش دراوە کە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیادبوونی داهاتی باج بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە لەوانەش:

• هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونە نایاساییەکان.

• میکانیزمی نوێ بۆ رێگری کردن لە پێدانی باج.

• دەرکردنی رێنمایی و دیاریکردنی سزا.

• جێبەجێکردنی یاسای باج وەك خۆی.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.