Erbil 15°C پێنجشەممە 25 نیسان 17:13

ئێران: ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 56 كەس

کوردستان TV
100%

بەهۆی ئەو بارانە بەلێزمەیەی وڵاتی ئێران و بەتایبەت تاران و دەوروبەری گرتووەتەوە، لە زۆر ناوچە لافاو دروستبووە و تا ئێستاش بەهۆی لافاوەكانەوە 56 كەس گیانیان لەدەستداوە.
مەهدی وەلیپوور، سەرۆكی مانگی سوور و دەزگای فریاكەوتنی ئێران، لە میانەی لێدوانیكیدا بۆ كەناڵی فەرمی حكوومەتی ئێران، باسی لەوە كرد كە تا ئێستا 28 كەس بێسەروشوێنن.
وەلیپوور، ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لە گوندەكانی ئیمامزادە داود و زێریندەشت فیروزكوە، 32 كەس و لە تەواوی ناوچەكانی دیكەی ئێرانیش 24 كەس گیانیان لەدەستداوە، بەم شێوەیە ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی لافاوەكەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 56 كەس.
ناوبراو، ئەوەشی خستەڕوو كە كارەكانی تیمەكانی فریاكەوتن بەردەوامن، تا ئێستاش پەناگەی بەپەلە بۆ نزیكەی سێ هەزار و 500 كەس، دروست كراوە كە بەهۆی لافاوەكەوە بێ ماڵ و حاڵ بوون، هەزار و 500 كەسیش رزگار كراون.
لەلایەكی دیكەشەوە ناوەندی نیشتیمانی بەڕێوەبردنی قەیرانەكانی ئێران، ئەوەی ئاشكرا كرد كە ئەو بارانە بەلێزمەیەی ئێرانی گرتووەتەوە تا رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.