Erbil 15°C پێنجشەممە 25 نیسان 19:31

ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیان: هەرگیز قبووڵی ناكەین دەستدرێژی بكرێتە سەر كەرامەتی هەر هاووڵاتییەكی كوردستانی 

کوردستان TV
100%

ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت دەستردێژیكردنە سەر جەنگاوەرێكی لیوای نۆی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و رایدەگەێنێت، هەرگیز قبووڵی ناكەین دەستدرێژی بكرێتە سەر كەرامەت و ئینسانییەتی جەنگاوەرێك یان هاووڵاتییەكی كوردستانی لە هەر نەتەوە و ئاینزایەك و ئاراستەیەكی كولتووری بێت.
وەزارەتی پێشمەرگە بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوەو سەبارەت دەستدرێژیی دەستەیەكی وەحشی سەر بە یەكێك لە یەكەكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر جەنگاوەرێكی لیوای نۆی پیادەی سەر بە وەزارەتەكە (جەنگاوەر ئەیمەن عەبدی جاسم) لە پێكهاتەی كاكەیی.
لە كاتی پێداچوونەوەی ورد بۆ وردەكارییەكانی ئەم تاوانە نابەجێیە و هەلومەرجەكانی، بۆمان دەردەكەوێت كەسانی ئەنجامدەری ئەم كردەوە دوور لە گشت بەها مرۆڤانە و ئەخلاقییەكان، نوێنەرایەتیی ئەو شری و شەپرێوییە دەكەن كە بووەتە یەكێك لە سیماكانی كارلێكی ڕووداوەكان لە عێراقدا و، ئەم كارە شەرمەزارە بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگرە لە سەر نزمیی ئاستی ئەو كەسە تاوانكارانەی خۆیان تێكهەڵكێشی كونج و كەلەبەرە جۆراوجۆرەكانی سیستمی سەربازی و ئەمنیی عێراق كردووە.

ئێمە لە هەرێمی كوردستان و لە دامەزراوە حكوومەتی و ئاینی و كۆمەڵایەتییەكان لە هەوڵی چەسپاندن و جێگیركردنی پێكەوەژیانی ئاشتییانە و ڕێزگرتن لە كولتوور و ئاین و نەتەوە جۆراوجۆرەكانین و بێوچان و بە هەموو ڕێگەیەكی بەردەست كارمان كردووە بۆ چەسپاندنی ئەم ئەخلاقە مرۆڤانەیە لە نێو ڕیزەكانی هێزەكانی پێشمەرگەی قارەمان و، شانازی بەوەوە دەكەین هێزەكانمان سەرباری كاتە سەختەكان و دۆخە دژوارەكان، ڕۆژێك لە ڕۆژان هەڵنەخلیسكاون بەرەو پیادەكردنی ئەم شێوازە وەحشیگەرانە. لە بەرامبەردا هەرگیز قبووڵی ناكەین دەستدرێژی بكرێتە سەر كەرامەت و ئینسانییەتی جەنگاوەرێك یان هاووڵاتییەكی كوردستانی لە هەر نەتەوە و ئاینزایەك و ئاراستەیەكی كولتووری بێت.
بۆیە پێویستە وەزارەتی بەرگریی عێراق و دەستەی حەشدی شەعبی و دامەزراوە جیاجیاكانی سیستمی ئەمنیی عێراق لە بەر بە مەترسیی ئەم هەڵسوكەوتە بێزراوانە و داڕمانی گەورەی ئەخلاقییاتی كارمەندە ئەمنییەكانیان بگرن بە تایبەتی ئەو گرووپانەی خۆیان تێكەڵی دامەزراوە سەربازییەكانی عێراق كرد و بوونە مەترسیی ڕاستەقینە لە سەر شیرازەی كۆمەڵایەتی و پێگەی كارمەندانی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكان لە نێو ڕۆڵەكانی گەل.

لە هەمان چوارچێوەدا، دەبێت دەستەی حەشدی شەعبی ئەم كۆمەڵە ڕادەستی دادگا بكات و شكۆی ئەو جەنگاوەرە و پێكهاتەی كاكەیی بگێڕێتەوە، كە پێكهاتەیەكی خاوەن مێژوو و كولتوور و شارستانێتیی ڕەسەنە.
لە كۆتاییدا سڵاو و ڕێز بۆ ئەم جەنگاوەرە و بۆ خێزانەكەی و پێكهاتەی كاكەیی خۆشەویست لە دڵماندا.
دكتۆر كەمال كەركووكی
سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان
٢٣ی تەمموزی ٢٠٢٢
 

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.