Erbil 15°C سێشەممە 23 نیسان 18:59

ڕێگای ئاوریشم  چییە؟ چى لە بارەى ئەو رێگەیەوە دەزانیت؟

یاد سرێشمه‌یی
100%

رێگەى ئاوریشم یەکێکە لە کۆنترین رێگەى بازرگانى کە مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ دووسەد ساڵ پێش زایین، لە ساڵی 138 پ.ز قەیسەری چین له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی (بنه‌ماڵه‌ی- هان) دروستی کرد و جیهانی ڕۆژئاوای بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا دەبەستەوە. رێگەیەکى سەرەکی بوو بۆ بازرگانی نێوان ئیمپراتۆریەتی چین شانشین و ئیمپڕاتۆرەکانى ترى جیهان.

ئەگەر چى لە سەرتادا رێگاکە تەنها لە ناوخۆى چین وڵاتانى دراوسێى بەکار دەهات، بەڵام دواتر بۆ جیهانى دەرەوە فراوان کرا، رێگاکە له‌ شاری چانغانه‌وه‌ له‌ ناوه‌ندی چینه‌وه‌ ده‌ستی پێ کرد و‌ بیابانی جوبی و به‌رزاییه‌کانی تیبت و پاشان به‌ره‌و ناوچه‌ی تاکلاماکان و بە شارەکانی سەمەرقەند و بوخارادا تێدەپەڕی و به‌ره‌و سه‌نته‌ری ئاسیا و که‌ناره‌کانی خوارووی ده‌ریاچه‌ی قه‌زوین ده‌ڕۆیشت تا ده‌گه‌یشته‌ که‌نار ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و له‌وێ له‌نگه‌ری ده‌گرت، درێژیی رێگاکە نزیکەی 4000 میل بووە (زیاتر لە 6400کم).

لەسەرەتادا بازرگانانی چینی ئاوریشمیان بۆ کڕیارە ڕۆژئاواییەکان هەناردە دەکرد بە جۆرێک چین تا سەدەی پێنجەم مۆنۆپۆڵی بازرگانی ئاوریشمی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کردبوو، لە بەرامبەردا ده‌فری گڵ و دارچینی و بۆن و گژوگیای سروشتی بۆ ده‌رمانسازی و جل و به‌رگ و که‌ره‌سته‌ی جوانکاری و بەهارات و چای و قاوە و بیبەری ڕەش و چەند کەرەستەیەکى دیکە بۆ وڵاتى چین هاوردە دەکرا، بۆیە ناونرا ڕێگەى ئاوریشم، چونکە تەنیا رێگەى هاوردەى ئاوریشمى چین بوو بۆ دەرەوەى سنوورەکانى.

جگە لە لایەنى بازرگانى، رێگاى ئاوریشم بە رێگاى گواستنەوەى ئاینەکانیش دادەنرێت، رۆما لەو رێگایەوە مەسیحییەتى گەیاندە چین و هەموو ئەو وڵاتانەى بەو رێگەیەوە بەسترابوونەوە و هەروەها هیندستان هەر بەو رێگەیەوە ئاینى بودى گەیاندە چین و سەنتەرى ئاسیا و لە ئێرانەوە ئاینی زەردەشتی بەرەو ناوچەکانی دیکە و لە سەدەی حەوتەمیشەوە‌ بڵاوبوونەوەی ئاینی ئیسلام لە نیمچە دورگەی عەرەبییەوە بەرەو ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکور هەر لەو رێگەیەوە بووە. هەروەها جگە لەمە  کولتوور و هونەر و دەرمان و ڕێنمایی پزیشکی لەو رێگەیەوە بووە تەنانەت زانایان پێیان وایە لە سەددەى 14 گواستنەوەى بەشێک لە نەخۆشییەکان بە تایبەت گواستنەوەى تاعوون لە ئاسیاوە بۆ ئەوروپا بە هۆى ئەو رێگەیەوە بووە.

رێگەى ئاوریشم لە سەرتادا تەنیا رێگەى وشکانى بوو لە 33 شوێن وێستگەى پشووى بۆ بازرگانان و کاروانى بازرگانى تێدا دروستکرابوو کە تا ئێستاش هەندێ لەو شوێنانە ماونەتەوە بە تایبەت لە وڵاتى کازاخستان و ئۆزباکستان و ئێران کە تەنانەت هەریەکە لەو وڵاتانە بە دڵى رێگەى ئاوریشم ناو دەبرێن ئەم رێگایە دواتر کەوتەژێر مەترسییەوە بە هۆى هەڕەشەى مەغۆلەکان و سەلجووقییەکان و تەتارەکان و جموجۆلى بازرگانى تا ئاستى نەمان تێیدا کەم بووەوە، دواتر لە ساڵى 1300 ی زایین بیرییان لەوە کردەوە شوێنگرەوەى ئەو رێگە وشکانییە بدۆزنەوە و رێگاى ئاوییان بە گونجاوترین و سەڵامەتتر زانى بە تایبەت چین کە سنوورى گەورەى ئاوى هەیە، چەند بەندەرێکى دروست کرد لەوانە سهالین کە لە سریلانکاى ئێستایە.

ئێستا چین دەیەوێت ئەو ڕیگایە ببووژێنیتەوە لە 2013 لە ئیندۆنیسیا سکرتێری حزبی شیوعی چینی بۆ یەکەمجار ئاشکراى کرد کە رێگاى ئاوریشمى کۆن زیندوو دەکەنەوە بۆ بەستنەوەى ئابوورى و بازرگانى چین بە جیهان. تەنانەت ئامادەی دەربڕیوە کە هەموو تێچووى رێگاکە خەرج بکات و ئامادەى پێدانى قەرزە بۆ تێچووى رێگاکە بەو وڵاتانەی خواستى بەستنەوەی وڵاتەکەیان بەو رێگەیەوە هەیە، بۆ نموونە قەرزى داوەتە پاکستان بۆ دروستکردنى رێگایەکى ئاسنى و شکانی و بەستنەوە بە رێگەى ئاوریشم، یان ئەو بەندەرەى کە لە سریلانکا دروستکراوە قەرزى داوەتە سریلانکا، لە بەرامبەردا ئەو وڵاتانەى تواناى گەڕاندنەوەى قەرزەکانیان نییە بە پێى گرێبەستەکە دەکەونە ژێر سەرپەرشتى چین بۆ دەیان ساڵ، یان وڵاتى لۆس (Laos) بە هۆى کەوتنە ژێربارى قەرزەکانى چین بۆ رێگاى ئاوریشم لە ئێستادا کەوتۆتە ژێر سەر پەرشتى ئەو وڵاتە، چین نەک تەنیا دەیەوێت دەستبەسەر ئابوورى جیهان بگرێت و قسەکەرى یەکەم لە ئابوورى جیهان بێت، تەنانەت دەیەوێت هەژموونى بەسەر جیهاندا لە ڕووى دەسەڵاتى سیاسى و بڕیاردانیشدا زیاتر بێت.

چین لە چەندین رێگەوە لەسەر ئاستى مرۆیی و لەسەر ئاستى تەکنەلۆژی و لە ڕووى دارایی و تەنانەت چەک و سەربازیشەوە ئامادەکارى تەواوى بۆ سەرخستنى پڕۆژەکەى کردووە و لەبەرامبەردا چەندین وڵات ئامادەییان دەربڕیوە بچنە نێو ئەو پڕۆژەیە و ئابوورى وڵاتەکەیان بخەنە سەر ئەو رێڕەوە بازرگانییە بۆ هەموو ئەوانەى کە پێشیانوایە چین ئەو هێزەى نییە، چینییەکان بە قسەیەکى باوى چینى وەڵامیان دەدەنەوە کە دەڵێن (چین لە ڕابردوودا بێهێز نەبووە، بەڵکو تا ئێستا چاوەڕێی کردووە).

میدیا راپۆرت

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.